لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر جموجۆڵەكانی داعش رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندایە

لە دوای 16ی ئۆكتۆبەر جموجۆڵەكانی داعش رۆژ بە رۆژ لە زیاد بووندایە

رەوشی ناوچە كوردستانییەكان رۆژ بۆ رۆژ خراپتر دەبێت، هەڕەشەكانی داعش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان مەترسیان لای هاووڵاتییانی كورد دروست كردووە. بەرپرسانی كوردیش هۆكارەكەی بۆ بوونی بۆشایی ئەمنی دەگەڕێنەوە، چونكە پێیانوایە لەو ناوچانە رێگە لەبەردەم چەكدارانی داعش كراوەیە و بەردەوام هاتووچۆ دەكەن. دانیشتووانی ئەو ناوچانەش داوا دەكەن بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەكانیان بە تەواوەتی ئاسایی ببێتەوە و ئەو گوندانەی چۆڵیان كردووە بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، پێویستە هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانەی كە پێشتر لێ بووە. بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی رایدەگەیەنێت، دۆخی عێراق نائاساییە و هەڕەشەی داعش هەر ماوە، بۆیە عێراق پێویستی بە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە.
دۆخی ئەمنی ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنییەكانی عێراق بەتایبەتیش ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەهۆی جموجۆڵەكانی داعشەوە بەشێوەیەكە، كە هیچ هاووڵاتییەك لەژیان و سەر و ماڵی خۆی دڵنیا نیە، یەكێكی دیكە لەمەترسیەكانی داعش جیا لە هێرشكردنە سەر هێزەكانی عێراق دانانی بۆسە و ڕفاندنی هاووڵاتییانە، ئەمەش وای كردووە ئەو هاووڵاتییانەی دەچنە سنووری ژێر دەسەڵاتی هێزە ئەمنیەكانی عێراق، مەترسی لەسەر ژیانیان دروست ببێت.
تیرۆریستانی داعش لە كەركووك، داقوق، حەویجە، رەشاد و چەند شوێنێكی دیكە جموجۆڵەكانیان زیادی كردووە، هاوكات هێزەكانی عێراقیش ئەو توانایەیان نیە بە تەواوی ببنە بەربەستی كارە تیرۆریستەكانیان".
شانە نووستووەكانی داعش و بیركردنەوەكانی هەموویان خەریكی خۆ رێكخستنەوەنە و خۆیان ئامادە دەكەن، بۆ ئەوەی ئەگەر هەندێك رووداو بێنە پێشەوە پەلاماری چەند شوێنێك بدەن و دەست بەسەر هەندێك ناوچەدا بگرن و زەرەروزیانێكی زۆر لە سوپای عێراق بدەن، ئەگەر بۆیان بكرێت زیان بە خەڵكی كەركووك بگەینن، لە كاتێكیشدا دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەركردنی هێزە بیانییەكان هاوپەیمانان شەڕیان دژی داعش راگرتووە، ئەمەش بە مەترسی دەزانرێت بۆ گەرانەوەی داعش و كۆنترۆڵكردنی بەشێك لەو ناوچانە.
جەمال ئیمێنكی، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێ:" حكوومەتی عێراق و هاوپەیمانان گەشتوونەتە ئەو بڕوایە كە بە بێ پێشمەرگە ناوچە كوردستانییەكان كۆنترۆڵ ناكرێن، جەخت لەوەش دەكاتەوە، دۆخی ناوچە كوردستانیەكان خراپە و چەند ناوچەیەكیش شەوانە دەكەونە ژێر كۆنترۆڵی داعش.
هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" لەم بارودۆخەدا عێراق پێویستی بە هاوكاریی نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت كە هەڕەشەی داعش لەسەر عێراق هەر ماوە، ئەوەی بۆتە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش پێش هەموو شتێك ئەو دۆخە بوو كە پاش 16ی ئۆكتۆبەر هاتە ئاراوە، ئەوە بووە هۆی ئەوەی كە بۆشایی ئەمنی دروست بێت لە ناوچە كوردستانییەكان كە ئەوە بوو هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە كشایەوە، ئێستا لە هەندێك ناوچە نە هێزی پێشمەرگە هەیە نە سوپای عێراق، لەگەڵ ئەوەی سوپای عێراق ناتوانێت بە ئەركی سەر شانی خۆی هەستێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە ئەوە بە پلەی یەكەم زیندوو بوونەوە و بەهێزبوونەوەی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوەی دیكە ئەو دۆخەی كە ئێستا لە عێراق هەیە ئەویش هۆكارە بۆ زیندووبوونەوە و بەهێزبوونی داعش، ئەو بڕیارەی لە پەرلەمان دەرچوو ئەوەی كە داواكرا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق نەمێنن، ئەوەش هاوكاری هێزەكانی داعشی كرد كە بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە دروست بێت، ئەوەش پاڵدەرێك دەبێت كە داعش سەر لەنوێ رێكخستنەكانی خۆی زیندوو بكاتەوە، بۆیە ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق، بڕیارێكی زۆر نابەجێ بوو و پەلەی تێدا كرا، عێراق پێویستی بە هاوكاری نێودەوڵەتی هەیە، بەتایبەتی پێویستیان بە هاوكاری سەربازی، ئەمنی و ئابووری و سیاسی ئەمریكا هەیە، بۆیە گرنگە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بمێنەوە".

زۆرترین بینراو