لە دەڤەری سۆران نرخی خانوو و زەوی دادبەزێت

لە دەڤەری سۆران نرخی خانوو و زەوی دادبەزێت

موڕشید برادۆستی – سۆران: نوسینگەكانی فرۆشتنی خانووبەرە لە سۆران ئاشكرای دەكەن، نرخی خانوو و زەوی بەڕێژەیەكی بەرچاوو رووی لە دابەزین كردووە و خواست لەسەر بەكرێ گرتنی خانوو زیادی كردووە و كرێی خانووش بەرز بۆتەوە، زاری كرمانجی لە راپۆرتێكیدا هۆكارەكانی دابەزینی نرخی زەوی و خانوو دەخاتەڕوو .
بەپێی بەدواداچونەكانی زاری كرمانجی لە ئێستادا لە دەڤەری سۆران، هاووڵاتییان و بازرگانان بە كەمتر خانو زەوی دەكڕن و بەهۆی هەندێ هۆكار ترسیان لە كڕینی هەیە، ئەمەش وایكردوە كە نرخی خانو زەوی روو لە دابەزین بكات .
سەرمەند حوسێن خاوەن نوسینگەی دیانا بۆ كڕین و فرۆشتن و بەكرێدانی خانوو و زەوی بە زاری كرمانجی گووت" لە سۆران نرخی خانوو و زەوی بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئەوەشی نرخی بەرزی داناوە لەسەر موڵكەكەی بۆ نافرۆشرێت.
زیاتر گووتی " دۆخی نالەباری عێراق و رۆژئاوا بە شێوەیەكی ناراستەوخۆ هۆكارن بۆ دابەزینی نرخی خانوو و زەوی لە كوردستان و سۆران .
ئەو خاوەن نوسینگەی خانووبەرە لە سۆران، گووتیشی " پێشتر لە مانگێكدا نزیكەی 200 كەس بە مەبەستی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی روویان لە نووسینگەكەمان دەكرد، بەڵام ئێستا لە یەك مانگدا كەمتر لە پەنجا كەس بۆ كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی دێنە نوسینگەكەمان و چەند گرێبەستێك بۆكڕین و فرۆشتن لای ئێمە دەنووسرێن .
دووپات لەوەدەكاتەوە، كڕین و فرۆشتن خواستی كەمی لەسەرە بە تایبەت ئەو شوێنانەی لە دەرەوەی سەنتەری شارن، ئەوان بێ بازاڕییەكی زۆریان پێوەدیارە، بەشێوەیەك لە سەنتەری سۆران 10 % و لە دەرەوەی سۆران زیاتر لە 20 % نرخی زەوی و خانوو رووی لە دابەزین كردووە، تەنها بازاڕی بەكرێدانی خانوو لە دەڤەرەكەمان زۆر بووە و خەلك زۆر بۆ ئەم مەبەستە روو لە نووسینگەكەمان دەكەن و كرێی خانووش گران بووە بۆ هەر خانووێك پەنجا تا 100 هەزار نرخی كرێییان گران كردووە .
بەپێی زانیاریەكانی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، بەر لە شەڕی داعش خانوو لە سەنتەری شاری سۆران بە 28 دەفتەر دۆلاری ئەمریكی فرۆشراوە لە ئێستادا هەمان خانوو 15 دەفتەر كڕین و فرۆشتنی پێوە دەكرێت .
دیار هەمزە گەنجێكی دانیشتووی سنووری سۆرانە بە زاری كرمانجی گووت " چەندین هۆكار هەیە كە گاریگەریان لەسەر كەمبوونەووەی نرخی زەوی هەیە، بەگشتی وەك كێشمەكێشمی سیاسی، ناجێگیری باری ئەمنی ،كەمبوونی متمانە ، قەیرانە دارایەكان كەمبوونەوەی پارە لەلای خەڵك، بۆیە لەسەر حكومەت پێویستە كار لەسەر گەڕاندنەوەی متمانەی خەڵك بكات ئەویش بە گەڕانەوە سلفەكان، .
ئەو گەنجە كە خاوەن پارچە زەویەكە لە نەخشەی 29 نزیك لە گەڕەكی ئازدای دەڵێت" دەستپێكردنەوەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو نەخشانەی كە خزمەتگوزاریان نەگەیشتوەتێ یان هەر چارەسەرێكی تر، بەمەش وادەكات كە خواست لەسەر زەوی و خانوبەرە زیاد بكات بەمەش نرخی زەوی و خانوبەرە دەگاتە نرخێكی گونجاو،ئەوەش وادەكات كە دەستپێكردنەوەو دروستكردنی خانوبەرە وەك ساڵانی پێشوو ببێتە هۆی دروستبوونەوەی دەرفەتی كار بۆ كرێكاران و خواست لەسەر كەرەستەكانی بیناسازی لەئەنجامدا دەبێتە هۆی جولەی بازاڕ .
لای خۆشیەوە، غەیدا بێڕۆخی شارەزا لە بواری ئابووری و كارگێڕی بە زاری كرمانجی راگەیاند" هۆكاری دابەزینی نرخی خانوو و زەوی بە شێوەیەكی گشتی دەگەڕێتەوە بۆ كێشەی سیولە واتە پارەی وشك چ لەسەر ئاستی بازرگانی بێت یاخود هاووڵاتی یاخود وەستانی دەستی كار، ئەم هۆكارانە وادەكەن كە بازاری خانووبەرە دووچاری وەستانی ناسروشتی ببێتەوە، هەروەها دەگەرێتەوە بۆ پڕۆسەی خستنەڕووی داواكاری لە بازاری زەوی نرخەكان بەرزدەبنەوە بە زیادبونی داواكاری، وە نرخەكان دادەبەزن بە دابەزینی سیولە و كەمی خواست و داواكاری، واتە بە شێوەیەكی راستەوانە كاریگەری دەبێت .
بێڕۆخی روونی دەكاتەوە، خراپی بارودۆخی ئابووری و سیاسی و نالەباری رەوشی ئەمنی بەشێوەیەكی گشتی هۆكارن بۆ دابەزینی نرخی خانووبەرە، زەوی بورسەیە كارێكی ئازادە لایەنێك نییە بتوانێت نرخەكان دیای بكات، تەنها پڕۆسەی خستنەڕوو و داواكاری پەیوەندی دارە لە دیاریكردنی نرخ، بەڵام ئەگەر بێتو بەشێوەیەكی تایبەت باس لە هۆكاری دابەزینی نرخی خانوو و زەوی بكرێت لە هەرێمی كوردستان، ئەوە دابەزینی نرخ دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆكارێك لەوانە ئەو ئاڵۆزی و خۆپیشاندانەی كە لە عێراق هەیە وە هەروەها مەترسی لەسە ر پەسەندنەكردنی بودجە یاخود دەستكاری كردنی دەستوری عێراق كەبەشێوەیەك دابڕێژرێتەوە لە بەرژەوەندی كورددا نەبێت .
ئەو شارەزای بواری ئابووری ئاشكراشی دەكات" بارودۆخی سیاسی كاریگەری زۆری لەسەر كەرتی خانووبەرە و دابەزین و بەرز بوونەوەی نرخی خانوو و زەوی هەیە، خە ڵك لە كوردستان تا ئێستا دڵنیا نییە چونكە كورد دوژمنی زۆرە لە هەموو لایەك هەوڵی كێشە نانەوەی بۆ دەدرێت ئە ویش بە ئەگە ری دوبارە دروستبوونی كێشە لەسەر بودجە و نەناردنی بەشە بوددجەی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغدا، ئەوكێشانەی كە لە 2014 رووی لە هەرێم كرد وەك بڕینی موچەی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی ناوەند و شەڕی دژی داعش لێدانیك بوو بۆ سەر ئابوری هەرێم ‌و تا ئیستاش نەتوانراوە شوێنەواری ئەو لێدانە لەناوببردرێت، چونكە بووە هۆی ئەوەی زورێك لە كومپانیاكان ئیفلاس بكەن و نەمێنن یاخود كشانەوەی چەندین كومپانیای بیانی لە كاتی شەڕی داعش بەمەش بێكاری زۆربوو، كاتێك كە بێكاریش روو لە شوینێك دەكات ئەوا لەم شوێنە خواست لەسەر كڕینی شت و مەك بەرێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێت، هەر ئەمەش هۆكارێك بوو كە بەشداربوو لە دابەزینی نرخی خانوو و زەوی،
غەیدا بێڕۆخی ئاماژەشی بەوەدا" پێویستە حكومەت كارێكی وابكات كە یارمەتیدەری چینی هەژاران بێت و هەوڵی نەهێشتنی كرێچیەتی بدات ئەویش بەم شێوەیەی كە ئێستا باجی داناوە یاخود بەشێوەیەكی تر و دروستكردنی چەند شارێكی نیشتەجێبوون وبەنرخێكی زور هەرزان یاخود بە شێوەی قیستی كەم و درێژخایەن بیدات بەو هاوڵاتیانەی كە پێویستیان پێیە و شایەنی ئەوەن كە حكومەت هاوكاریان بكات تا رێژەی كرێچییەتی كەم ببێتەوە و هاووڵاتییانی كەمدەرامەتیش ببن بە خاوەن خانووی خۆیان .
زەوی بەشێوەیەكی گشتی دابەش دەكرێت بە سە ر (5) پێنج بەشە وە، یە كە م (زەوی بازرگانی ) واتە ئەو زەویانەی كە دەكەونە سەر شەقامی فراوان كە پانتایەكەی نزیكەی 17 بۆ 20 مە تر دەبێت، ئەمەش نرخێكی زۆر تایبەتی هەیە، دووەم (زەوی نیشتەجێبوون ) ئەمەش ئەو زەویانە دەگرێتەوە كە بە شێوەیەك لە شێوەكان دوورن لە سەر شەقامی گشتی و زەوی و زاری كوچە و كۆڵانەكان دەگرێتەوە كە دوورن لە شەقامی گشتی،سێیەم (زەوی گەشتیاری ): واتە ئەو زەویانەی كە دەكەونە سەر دەریا و كەناراوەكان یاخود شوێنی گە شتیاری، هەروەها (زەوی كشتوكاڵی ): واتە زەوی و زارێك كە بەپیت بێت و تایبەت بێت بە كشتوكال،پێنجەم ( زەوی ئەمنی ): واتە ئەو زەویانەی دەكەونە سەر سنوور، وەبەدڵنیایەوە گرانترینیان " زە وی بازرگانیە " .

 

 

زۆرترین بینراو