لە دەڤەری سۆران ٨١٣٩ قوتابی بەشداری لەتاقیکردنەوەکان دەکەن

لە دەڤەری سۆران ٨١٣٩ قوتابی بەشداری لەتاقیکردنەوەکان دەکەن

محەممەد مەحموود- زاری کرمانجی
رۆژی شەممە رێکەوتی ١١-٧-٢٠٢٠ ، لەهەرێمی کوردستان تاقیکردنەوەکانی پۆلی دوازدەیی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە دەستدەکەن بەئەنجامدانی ئەم تاقیکردنەوەیە.
لەدەڤەری سۆرانیش کە سنوری هەر چوار پەروەردەکانی ، سۆران ، رواندز، چۆمان ، مێرگەسۆر، لەخۆدەگرێت، ٨١٣٩ قوتابی مافی بەشداریکردنیان هەیە لە تاقیکرنەوەی کۆتایی پۆلی دوازدەیی ئامادەیی بەهەردوو بەشی زانستی و وێژەیی و خوێندنی پێشەیی.
بارزان عەبدوڵڵا لەبەشی ئەزموونەکانی پەروەردەی سۆران بەزاری کرمانجی راگەیاند: وەک پەروەردەی سۆران ٥١٥١ ، قوتابیمان لەقۆناغی دوازدەیی ئامادەیی بەشدارن لە تاقیکردنەوە، لەو رێژەیەش ٣٩٢ قوتابییان دەرەکین و دابەشکراون بەسەر هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان واتە ئەمساڵ قوتابییانی پۆلی دوازدەیی دەرکیمان ناچنە هەولێر بوتاقیکردنەوە، بەڵکو هەر قوتابییەو لەسنوری پەروەردەی خۆی ئەگەر مافی بەشداریکردنی هەبێت دەتوانێت بچێتە ئەو هۆڵەی کە ناوی لێدەرچووە.
بارزان عەبدوڵڵا گووتیشی: ئێمە وەک پەروەردەی سۆران، ٧٨ هۆڵمان بۆقوتابییانی پۆلی دوازدە ئامادەکردووە و تەواوی پێداویستیەکانیش لەهۆڵەکان فەراهەم کراوە بۆئەوەی قوتابییان بەدەروونێکی ئارام وەڵامی پرسیارەکان بدەنەوە و ڕەچاوی تەواوی رێنماییەکانی تەندروستی و خۆپارێزیشکراوە.
رواندزیش ئامادەکاریەکانی تەواو کردووە ولەچاوەو پەروەردەکانی تریش کەمترین قوتابی هەیە.
جەلال کاولۆکەیی، لەبەشی ئەزموونەکانی پەروەردەی رواندز، بەزاری کرمانجی راگەیاند: لە سنوری پەروەردەی رواندز، ٦٧٠ قوتابی لە هەردووبەشی زانستی و وێژەیی لە پۆلی دوازدەیی ئامادەیی بەشداری لەتاقیکردنەوەکان دەکەن، لەو رێژەیەش ٣٠٩ قوتابی لەبەشی وێژەین و ٣٢١ قوتابیش لەبەشی زانستین و ٤٠ قوتابیشیان دەرەکین و ١٢ هۆڵیش بۆتاقیکردنەوەکان ئامادەکراون.
لە پەروەردەی چۆمانیش بەگشتی ٨٣٢ قوتابی لە پۆلی دوازدەیی ئامادەیی بەشداردەبن.
لەم بارەیەوە مامۆستا دلشاد لەبەشی ئەزموونەکانی پەروەردەی چۆمان بەزاری کرمانجی راگەیاند: لەچۆمان بەگشتی ٨٣٢ قوتابی مافی ئەوەیان هەیە کە بەشداریبکە لە تاقیکردنەوەی کۆتایی پۆلی دوازدەیی ئامادەیی، هەروەها لەسنوری پەروەردەی چۆمان ١٦ هۆڵ ئامادەکراون بۆئەوەی قوتابییان.
لەمێرگەسۆریش ١٤٨٦ قوتابی دەچنە هۆڵەکانی تاقیکردنەوەکان، لەم بارەیەوە مامۆستا هەمزە رەمەزان لەبەشی ئەزموونەکانی پەروەردەی مێرگەسۆر بەزاری کرمانجی راگەیاند: لە سنوری پەروەردەی مێرگەسۆر ١٤٨٦ قوتابی پۆلی دوازدەی ئامادەیمان هەیە کە دابەشکراون بەسەر ٢٢ هۆڵی تاقیکردنەوە، لەو ژمارەیەش ٢٧٠ قوتابییان دەرکین و تەواوی ئامادەکاریەکانیش تەواوکراون بۆئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان.
ئەمساڵ قوتابییانی پۆلی دوازدەیی ئامادەیی دەتوانن لەسنوری پەروەردەکانی خۆیان تاقیکردنەوە ئەنجام بدەن، ئەمەش دوای ئەوەدێت کەلە ساڵانی ڕابردوو ئەو قوتابییانە دەبوایە چووبانە شاری هەولێر بۆئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان بەمەش خەرجێکی زۆر دەکەوتە سەرشانی قوتابییان و بەشێکیشیان لەبەردووری رێگاکەو خەرجیەکان، ئامادەنەبوون بەشداری لەو تاقیکردنەوەیە بکەن.
بەهۆی بڵاو بوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەمساڵ وەزارەتی تەندروستی رێنمایی تایبەتی داوە بەوەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان قوتابییان و مامۆستایان پێوە پابەندبن، لەوانەش بەکارهێنانی دەسکێش و دەمامک و دووری مەودایی نێوانی قوتابییان و ئالوگۆرنەکردنی پێداویستی تاقیکردنەوەکان لەنێوان قوتابییان و چەند رێنمایەکی تری تەندروستی.

زۆرترین بینراو