لە زانكۆ و پەیمانگەكان تاچەند جیاوازی دەكرێت لە نێوان قوتابییانی كچ و كوڕ؟

لە زانكۆ و پەیمانگەكان تاچەند جیاوازی دەكرێت لە نێوان قوتابییانی كچ و كوڕ؟

جیاوازی رەگەزی بابەتێكی تەواو هەست پێ كراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەتایبەتی لە نێوان قوتابییانی زانكۆو پەیمانگەكان ,ئەمەش كاتێك روودەدات كە مامۆستا زیاتر هۆكار بێت بۆ بەدیار خستنی ئەم دیاردەیە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو خەریكە ئەم دیاردەیە تا رادەیەك كاڵبێتەوە, لە راپۆتەدا پرسیمان تا چەند قوتابییان هەست بەم جیاوازیە دەكەن كە لە نێوان كچان و كوڕاندا دەكرێ لە زانكۆو پەیمانگەكان؟ئایە تا چەند مامۆستاكان جیاوازی لە نێوان قوتابی كچ و كوڕ دەكەن بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانە چەند قوتابێك و مامۆستایێكی زانكۆمان و پەیمانگەمان دواندووە.
راپۆرت: راژان ئەحمەد- تایبەت بەزاری كرمانجی
مامۆستا ئەرشەد خەلیل شوانی ، رۆژنامەنوس ومامۆستای زانكۆ لەم باریەوە بۆزاری كرمانجی گووتی" مەرج نییە بەروونی ئەم جیاوازی بكرێ، بەڵام لە هەندێ زانكۆ و پەیمانگەكان بە شێوەیەكی ئاشكرا ئەم جیاوازیە دەكرێ، ئەمەش بەشێكی زۆری بۆ جیاوازی رەگەزی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ئێستادا بۆخۆم كەمتر هەست بەم جیاوازیە دەكەم , لە هەمان كاتدا باس لەم جیاوازییە دەكرێ كە كاریگەری خراپی هەیە لەسەر هەمووئاستەكانی خوێندن و لە هەمان كاتیشدا كاریگەری لەسەر توانا و ئەدای قوتابی دەبێت, لە هەرێمی كوردستان ئەمەشتێكی روون و ئاشكرایە پیاو سالاری هەیە، نەبوونی یەكسانی جَیندەری، لە كوردستان تا ئێستا یەكسانی جێندەی نەبۆیە بە بابە‌تێكی فەرهەنگی , ئەم جیاوازییە لە هەموو دەزگاكان حكومی و ئەهلیەكان دیارە.
ئەو پرسیارەشمان ئاراستەی مامۆستائەرشەد كرد،ئەگەر جیاوازی دەكرێ هۆكاری ئەم جیاوازییە بۆچی دەگەرێتەوە؟ لەسەر چ پێوەرێكە ئەم جیاوازیە؟مامۆستا گووتی" هۆكارەكەی بۆ كلتوری هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە دەگەرێتەوە، كە كلتورێكی پیاو سالاریە نەبوونی یەكسانییە، هۆكاری هەموو ئەم جیاوازیانەش بۆ نەبوونی یەكسانی جێندەرییە.
سەفین كوردۆ قوتابی بەشی راگەیاندن لە زانكۆی سەلاحەدین، بۆزاری ركانجی گووتی" لە راستیدا بابەتی جیاوازی و چینایەتی لە نێوان دوو رەگەزی بەرامبەر، رەگ و ریشەیەكی وا درێژی لە كۆمەڵگە هەیە كە دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەرهەڵدانی مرۆڤایەتی، بەڵام بە تێپەربوونی كات و بەرە بەرە ئەمە كاڵبووەتەوە، بەڵام كۆتاییشی پێ نەهاتووە و باوەڕناكەم كۆتایی پێبێت، بە تایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونكە كەلتوور و دابونەریت لەم ناوچەیە رۆڵێكی كارا دەگێرێت، سەرەڕای كەمی رۆشنبیری و بەردەوامبوونی داخرانی كۆمەڵگەكانی ئەم ناوچەیە.
سەفین گووتیشی" جیاوازی نێوان كوڕان و كچان لە زانكۆ و پەیمانگەكان بابەتێكی حاشا هەڵنەگرە و هەیە، بەڵام لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی تر جیاوازە، واتا لە زانكۆیەك بۆ زانكۆیەك و لە پەیمانگەیەك بۆ پەیمانگەیەكی تر دەگۆڕێت، بەهەمان شێوە لە كۆلێژ و بەشەكان جیاوازی هەیە و بە رێژە دەگۆڕێت، ئێستا من قوتابی بەشی راگەیاندم و ئەم بابەتە بەرێژەیەكی كەم رووبەرووی من بۆتەوە، بۆیە پێموایە هەر چەندە كۆمەڵگە داخراو بێت، ئەم جیاوازیە زیاتر دەبێت و ئەگەر كۆمەڵگەكراوە بێت كەمتر دەبێت، بەڵام قسەكانی من بە مانای وەرگرتنی ئازادی رەهای تاك لە نێو كۆمەڵگەنایەت.
هەرچەندە من لەگەڵ ئەوەنیم ئەم بابەتانە لە نێو كۆمەڵگە و لە میدیا باسبكرێت، بەڵام نا كرێت تاوەكو كۆتایی رێگری لە هەندێك بابەت بكەی و سەرەڕای ئەوەش تۆ ناتوانی دەمی كەس دابخەیت، پێموایە ئەگەر مرۆڤ چەند باسی بابەتێك بكات، ئەمە دەبێتە هۆكار كە بابەتەكە گەورەتر بێت و زیاتر قسەی لەسەر بكرێت.
لە كۆتایی قسەكانی سەفین كوردۆ گووتی" بابەتی جیاوازیكردن لەنێوان قوتابییانی كچ و كوڕ هەیە و هەر دەشبێت، چونكە ناتوانرێت بنبڕ بكرێت، جگە لەوەی ئەمە پەیوەندی بە ناخ و هەست و سۆزەوە هەیە، بۆیە زاڵبوون بەسەری ئەستەمە،بۆیە پێویستە كار لە سەرئەوە بكرێت چۆن كەمبكرێتەوە؟ چۆن مافی كەسێكی شیاو نەبێتە قوربانی لە پێناو هەست و سۆزێكی رەگەزی یان خزمایەتی.
ئاهەنگ حوسێن قوتابی بەشی راگەیاندن،بەشدار بووێكی تربوو بۆمان دوواو گووتی " سەبارەت بە بابەتی جیاوازی نێوان رەگەزی كوڕ و كچ لەزانكۆكان و ناوەندەكانی فێربوون ئەم جیاوازیكردنە هەیە نكۆڵی لێناكرێت، بە قەبارەی جیاواز، لە زانكۆ و پەیمانگە و بەشەكاندا بوونی هەیە.هۆكارەكەشی پێم وایە پەیوەندی هەیە بە ئاستی رۆشنبیریەوە. هەروەها جیاوازی رەگەزی زۆر جار بۆ بەرزكردنەوەی نمرە بە پلە یەك بەكاردێ ، بۆیە پێویستە ئەم جیاوازیە بنەبڕ بكرێت ، كە ئەمەش شتێكی مەحاڵە لە ئێستادا، بەڵام دەتوانین كاڵی بكەینەوە، چونــكە دەرفەت ناهێڵێت بۆ كەسانێك كەوا دەیانەوێت فێرببن. بەڵام پرسیارێك لێرە دێتە پێشەوە ئایە ئەگەر خوێندكارەكە خۆی دەست پێشخەری بۆ كارێكی لەم شێوەیە نەكات مامۆستاكانی زانكۆ چۆن دەتوانن درێژە بەم جیاوازییە بدەن؟!
فریشتە سەمەد قوتابی بەشی ئەندازیاری زانكۆی كۆیە، لەسەر ئەم بابەتە بۆزاری ركانجی گووتی" بابەتی جیاوازیی ڕەگەزی لەناو زانكۆ و پەیمانگەكاندا بابەتێكی دیار و بەرچاوە.
زۆر هۆكار هەوێنی ئەم جیاوازییەن لەوانە: كەمی ئاستی ڕۆشنبیری، كەمتر تێكەڵاوبوونی نێوان فێرخوازان و فێركار، بەرژەوەندی خوازیی لەلایەن خوێندكار، بەڵام من پێم وایە كەمی ئاستی ڕۆشنبیری هۆكاری سەرەكییە لەم بابەتەدا.
فریشتە گووتیشی" بنبڕكردنی دیاردەیەكی وا، كە چەندین ساڵە درێژەی هەیە، وا بە ئاسانی چارەسەر نابێت ، بەڵام ئەتوانرێ وردە وردە هەنگاوی بۆ بنرێت.پێویستە ئاستی ڕۆشنبیری تاك بە شێوەیەك بەرز بێتەوە ئامانجی زانكۆ وردتر تێبگات، لای فێركاریش زانست و فێركردن پلەی یەكەم بگرێت نەك بینینی ڕەگەز.
هەڵەكە لە هەردوو لایەن هەیە و بە لایەنێكیش بە تەنها تەرازووەكە ڕاست نابێتەوە، هەوڵ و تێگەیشتنی هەردوو لایەن گرنگە. پێویستە فێركار لە بابەتێكی وادا پیرۆزیی پیشەكەی لەدەست نەدات گەورەتر لە فێركردن بڕوانێت فێرخوازیش كەسێتی خۆی بە پلەی یەك و خودی فێربوونی لا گرنگترین شت بێت.
بەبێ بوونی جیاوازیی ڕەگەزی، زانكۆ ئەتوانێت سوودبەخشتر بێت، فێربوون پلەی یەكەم وەربگرێت، لای فێرخوازان تینووێتی بۆ فێربوون زیاترە وەك لە خۆدەرخستن بە شتە لاوەكییەكان.
محەممەد حەكیم قوتابی پەیمانگەی تەكنیكی و كارگیری هەولێر لە بەشی راگەیاندن، لەسەر ئەم بابەتە بۆزاری كرمانجی بەم جۆرە بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو" جیاوازی كرد لە نێوان كور و كچ لە زانكۆ و پەیمانگەكان لە ئێستادا بۆتە شتێكی باو و رۆژانە بە ئاشكرا ئەم جیاوازییە بەدی دەكرێت، جا چ چیاوازیەكە لە لایەن مامۆستاكانەوە بێت یاخود، هاوپۆل و كەسانی تر، زۆر جار ئەو جیاوازییە بە هۆی رەگەز پەرستی یاخود بەهۆی چینی هەژاری و دەوڵەمەندییە، زۆر جاریش جیاوازی حزبی و ئایدۆلۆژیای دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەم كێشەیە،هەندێ‌ جاریش جیاوازی كردن لە نێوان كچ و كوڕ لای بەشێك لە مامۆستاكان بە ڕوونی دەبینرێت، كە زیاتر بە هۆی هەست و سۆزەوە بۆ رەگەزی بەرامبەر، جیاوازی لە نێوان قوتابی كچ و كوڕدا دەكرێت، لە كاتی دانانی نمرە یان چالاكیەكان.
ئەم قوتابیە رای وابوو " بۆ نەهێشتن و بنبڕكردنی ئەم دیاردەیە لە زانكۆكانی كوردستان، پێویستە میكانیزمێكی گونجاوی بەدواداچوون بۆ هەڵسەنگاندن هەبێت، پێوەرەكانی هەڵسەنگاندن زۆر ڕوون بن، كە مامۆستا نەتوانێت بە ئارەزووی خۆی لە بەرژەوەندی كەسێك و لە دژی كەسێك بەكاریبێنێت، وە پێویستە سندوقێك یان لینكێك هەبێت لە نێوان قوتابی و سەرۆكایەتی زانكۆ بۆ ئەوەی هەر كاتێك هەست بە شتێكی وا كرا راستەوخۆ هەوڵی چارەسەركردن و نەمانی بدەن، لە زانكۆ و پەیمانگەكان ئەوەندەی گرنگی دەدرێت بە جیاوازی ڕەگەزی، گرنگی نادرێت بە خوێندن بە شێوەی ئەكادیمی، بۆیە تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری دەرچووەكان ئاستی بەخشینی ئەو زانیاریانەی كە وەریگرتووە لاوازە.

زۆرترین بینراو