لە سنوری باڵەكایەتی ڕاوكردن بۆتە دیاردە بەتایبەت لە وەرزی زستان

لە سنوری باڵەكایەتی ڕاوكردن بۆتە دیاردە بەتایبەت لە وەرزی زستان

یونس ئەمین ـ باڵەكایەتی: دەڤەری باڵەكایەتی بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافیا و بوونی چیا و دۆڵ و ڕووبار و دارستان، وایكردووە ناوچەیەكی لە بار بێت بۆ بوونی ئاژەڵی كێوی و چەندەها باڵندەی جیاواز، ئەوەی شایانی باسە لە سنوری باڵەكایەتی دیاردیەك سەری هەڵداوە ئەویش ڕاوكردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوییە، ئەوەی جیگای تێڕوانینە وای لێهاتووە بە ئاشكرا ڕاو دەكرێت و بەگووتەی خەڵكی ئەم سنورە زۆربەی بەرپرسەكان بۆ ڕاو سەردانی باڵەكایەتی دەكەن، خەڵك لە هەولێر بۆ ڕاو هاتۆتە باڵەكایەتی، گازندەی ئەوە دەكەن بۆ لە سنوری ئەوان ڕاوكردن ئاسایی بێت، بەڵام لە هەندێك شوێن قەدەغەكراو بێت.
هاشم ئەحمەد، دانیشتووی گوندی شێركاوەیە، بۆ زاری كرمانجی گووتی" باڵەكایەتی ئەو ناوچەیە كە بە سروشتی جوان و بوونی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی دەوڵەمەندە، بەڵام بەداخەوە دیاردیەك سەری هەڵداوە ئەویش ڕاو كردنە بەتایبەت لە وەرزی زستان، چونكە ناوچەیەكی بەفراوی و سەختە بەفری زۆر لێدەبارێت، خەریكە ئەم سروشتە لە ناو دەچێت."
دەشڵێت" ڕاوچییەكان دەستیان نەپاراستوە لە ڕاوكردن و لە ناوبردنی ئەم سروشتە جوانە و هیچ لێپرسینە و سزایەكیش نیە، لێرە خەڵك بە ئاشكرا ڕاو دەكات و وێنە لە تۆرەكۆمەڵاتییەكان بڵاو دەكاتەوە و لە شوێنەكانی دەرەوەی باڵەكایەتی دێن بۆ لە ناو بردنی باڵندە و ئاژەڵی كێوی، هیوادارم حكومەت و بەرپرسانی باڵەكایەتی ڕێگری لەم دیاردەیە بكەن و ڕاوچیەكان بە سزای خۆیان بگەیێنن.
وەرزی زستان دەرفەتێكە بۆ ڕاوچییەكان، سنووری باڵەكایەتیش بە هۆی فراوان و ناوچەی شاخاوی وایكردوە ڕاوچیەكان دەستی خۆیان بۆ لە ناوبردنی ئاژەڵ و باڵندە نەپارێزن.
ڕاوچیێك نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ زاری كرمانجی گووتی" منیش پێم گونجاو نیە ئاژەڵ و باڵندە بكوژم و لە ناویان ببەم، بەڵام یەكەم شت ئەمە خوێكە ڕاوچییەكان پێوەیان گرتووە " خۆم لە هەژاری ئەم كارە دەكەم، من تەنها ڕاوی كەو دەكەم جۆتی بە 25 هەزار دەفرۆشم، سێ چوار ساڵ پێش ئێستا ڕاوكردن لە باڵەكایەتی ئەستەم بوو، لە بەر بوونی پێشمەرگەی ژینگە، ئێستا هیج پێشمەرگەیێكی ژینگە نەماوە ئەوەش هۆكارە كە دووبارە لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان دیاردەی ڕاوكردن سەر هەڵبداتەوە و باڵەكایەتیش سنوورێكی بەرفراوان و زۆر گونجاوە بۆ ڕاو، لە گەڵ زۆرێك لە بەرپرسەكان بە یەكەوە لەم دەڤەرە ڕاو دەكەین.
نزار مەلا جەلال، پیشەی پارێزەرە رایگەیاند" جێگای نیگەرانییە هەندێ لە گەنجانی تازە پێگەیشتو پەیدا بوونە سل لە هیچ شتێك ناكەنەوە یەكێك لەو دیاردە ناشرینانەی كە زەرەری زۆری گەیاندوە بەسروشت و ژینگەی باڵەكایەتی ئەوەیش ڕاوكردنە لە هەموو كاتێك و وەرزێك خەریك ڕاوكردنن بەمانایەكی تر بلێین خەریكی ئەنفالكردنی دیوە جوانەكەی سروشتن، كەخۆی دەبینێتەوە لەو ئاژەڵ و باڵندە كێویانەی هەن لە سروشتی باڵەكایەتی بە هەموو ئامێرێكی ڕاو كردن چ بەتۆڕ چ بەتاپڕ و بەدەسكە داو وە خەڵكی شوێنەكانی تریش دێن بۆ باڵەكایەتی بۆ ڕاوكردن." بەداخەوە ئەمەش بەپلەی یەكەم بەهۆی كەمتەرخەمی حكومەت و لایەنی پەیوەندی دارە كە چاودێری ژینگەیان فەرامۆش كردوە و كەمترین بنكەو پۆلیس و پێشمەرگەی ژینگە پارێز لەم دەڤەرە هەیە، پێویست بوو بە پێجەوانەوە بوایە ئەمەش دوای شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش كە زۆربەی هەرەزۆری پێشمەرگەو پۆلیسە تایبەتەكانی تایبەت بە ژینگەیان گواستنەوە بۆ سەنگەری بەرگری لەكوردستان دژی داعش، ئەوەش هۆكاری سەرەكی دیاردەی زۆر بڵاوبوونەوەی ڕاو كردنە لەم دەڤەرە، بۆیە پێوستە لایەنی پەیوەندی دار لەگشت نەحییەكان و سەنتەری قەزای چۆمانیش بنكەی تایبەت بە چاودێری ژینگە دابنێتەوە.
لەسەر ئەم پرسە قائیمەقامی چۆمان، ئەحمەد قادر، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت" ساڵانە لە وەرزی زستان دیاردەی ڕاوكردن لە سنووری باڵەكایەتی بە روونی هەستی پێدەكرێت و هۆكارەكەشی بۆ نەمانی بنكەكانی پێشمەرگەی ژینگە دەگەڕێتەوە، لەگەڵ دروستبوونی شەڕی داعش پێشمەرگەكانی ژینكە هەمووی برانە بەرەكانی چەنگ بۆ پاراستنی خاك و نیشتیمان، بەڵام لە ئێستادا ئێمە ئاگاداری هەموو بنكەكانی پۆلیس و ئاسایشی سنوورەكەمان كردیتەوە بەبوونی هەر دیاردیەكی ڕاو، لە شارەدێی سمیلان ، گەڵاڵە، قەسرێ، حاجی ئۆمەران، سەنتەری قەزای چۆمان."
ئەحمەد قادر، ئەوەشی گووت" هەر كەسێك ڕاو بكات ئێمە بەسزای خۆی دەگەێنین داواش لە هاووڵاتییان دەكەین زانیاری لە سەر هەر كەسێك هەیە یان لە سەر ڕاوچییەكانی هەیە ئاگادارمان بكەنەوە، بۆ ئەوەی ئێمە بە زووترین كات لە رێگەی تیمێكی تایبەت كە لە هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش پێكهاتون دەنێرین و دەستگیریان دەكەین.

زۆرترین بینراو