لە سۆران 300 شوێن دەڕوخندرێن

لە سۆران 300 شوێن دەڕوخندرێن

زاری كرمانجی- سۆران: سبەی دەست دەكرێت بە روخاندنی زیاتر لە 250 شوێنی بەخێوكردنی مەڕوماڵات و هەر جۆرە ئاژەڵێكیش لە ناو شاری سۆران ببیندرێت دەست بەسەر دەكرێت.
عەبدوڵوەهاب كەریم، بە زاری كرمانجی گووت " چەند رۆژە رێنماییمان بۆ هاتووە ئەو شوێنانەی ئاژەڵی لێ بەخێو دەكرێن بڕوخێنین، خاوەنی هەموو ئەو شوێنانەشمان ئاگادار كردۆتەوە، هەروەها پێمان راگەیاندراوە كە نەهێڵین هیچ جۆرە ئاژەڵێك لە سۆران بەخێو بكرێت".
سەرپرشتیاری لیژنەی نەهێشتنی ئاژەڵ لە ناو سۆران، زیاتر گووتی " ئەو شوێنانەی ئاژەڵی لێ بەخێو دەكرێن 250 تا 300 شوێن دەبن و بەسەر گەڕەكەكانی سۆران دابەش بوونە، داوای هێزی پاڵپشتیمان لە قائیمقامییەتی قەزای سۆران كردووە و ئەوانیش لە سبەینێوە بۆ دابین دەكەن و دەست دەكەین بە روخاندنی ئەو شوێنانە و دەست بەسەردا گرتنی ئەو ئاژەڵانەی لە ناو سۆران دەسوڕێنەوە و پێشتریش خاوەنەكانمان ئاگادار كردوونەتەوە".
گووتیشی " ئەم هەڵمەتە زیاتر لە 10 رۆژ دەخایەنێت، دواتریش بەهیچ شێوەیەك رێگە بە دووبارە دروستكردنەوەی نادرێت و ئەگەر كەسێك پابەند نەبێت رووبەڕووی سزا دەبێتەوە".

بیروڕا

زۆرترین بینراو