لە سیدەكان و باڵەكایەتی بە هەزاران سەر ئاژەڵی قاچاغ دەستی بەسەردا گیرا

لە سیدەكان و باڵەكایەتی بە هەزاران سەر ئاژەڵی قاچاغ دەستی بەسەردا گیرا

تایبەت بە زاری كرمانجی: لە چەند ڕۆژی رابردوو لە سنوورەكانی بناری هەڵگورد لە دەڤەری باڵەكایەتی و سنوورەكانی دەڤەری برادۆست لە سیدەكان، بە هەزاران سەر ئاژەڵی بە قاچاغ هاتوو كە لە ئێرانەوە هاوردە دەكران، دەستی بەسەردا گیراوە و خاوەنەكانیان سزا دراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، لە چەند ڕۆژی رابردوو زیاتر لە 10 مێگەل، كە خۆی لە زیاتر لە هەزار سەر ئاژەڵ (كاوڕ، مەڕ، بزن، گیسك) دەبینێتەوە، بەشێوەی نایاسایی لە سنوورەكانی ئێران دەرباسی هەرێمی كوردستان كراون و لەلایەن لێژنەكانی ئەمنی و لێژنەی ئابووری لە سنووری سیدەكان دەستیان بەسەردا گیراوە.
سەرچاوەیەكی تایبەت لە سیدەكان بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:" تەنها لە سنوورەكانی سیدەكان زیاتر لە هەزار سەرئاژەڵ دەستی بەسەرداگیراوە و خاوەنەكانیان دوای ئەوەی بەڵێننامەیان پێ پڕكراوەتەوە، بەپێی پسوڵەی 37 ئەلف سزا دراون و پارەكە گەڕێندراوەتەوە خەزێنەی حكوومەت.
هاوكات عەلی سەعید، سەرۆكی لێژنەی ئابووری قەزای چۆمان، بۆ زاری كرمانجی گووت:" لە سنووری ئێمەش زیاتر لە 300 سەرئاژەڵ لە ڕۆژانی رابردوو دەستی بەسەرداگیرا، كە لە دیوی ئێرانەوە خاوەنەكانیان بەشێوەی قەچاغ ئاودیوی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكان و لێژنەكانی هاوبەش لە لێژنەی ئابووری دەستی بەسەردا گیراوە.
دەشلێ:" خاوەنی ئەو ئاژەڵانە، بەپێی یاسا و ڕێنماییەكانی وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێم سزادراون، بڕی سزاكانیش گەڕێندراوەتەوە خەزێنەی حكوومەت.
بەپێی ڕێنمایی كۆبوونەوەی قائیمقامییەتەكانی سۆران، چۆمان، ڕواندز، مێرگەسۆر، ئەو ئاژەڵانەی بە قاچاغ لە سنوورەكانی هەرێمی كوردستان و ئێران و توركیا هاوردەی ناو هەرێمی كوردستان دەكرێن، لەكاتی دەستبەسەرداگرتنیاندا بەپێی ڕێنمایی تایبەت سزا دەدرێن، كە بۆ هەر سەرێك (كاوڕ، مەڕ، بزن) بڕی 35 هەزار دینار، بۆ هەر (گیسك) بڕی 25 هەزار دینار سزا دەدرێن و بڕی سزاكەش بەپێی رێكاری یاسایی دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكوومەتی هەرێم، ئەم كارەش بە ئامانجی گرنگیدانە بە بەرهەمی خۆماڵی و بەتایبەت گۆشتی سوور.

زۆرترین بینراو