لە عێراقی ئێستا ئەوەی كە گوێی لێ دەگیرێت تەنیا شیعەیە

لە عێراقی ئێستا ئەوەی كە گوێی لێ دەگیرێت تەنیا شیعەیە

رائیب شێروانی- هەولێر: هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووتی:" بارودۆخی عێراق زۆر ئالۆزە، ئەگەر بارودۆخەكە هەر بەو شێوەیە بێت عێراق دەبێتە دەوڵەتێكی فاشیل. گووتیشی:" لە عێراقی ئێستادا ئەوەی كە گوێی لێ دەگیرێت تەنیا شیعەیە و، هەوڵ هەیە كورد و سوننە پەڕاوێز بخرێن.
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی رایگەیاند:" ئەو بارودۆخەی كە ئێستا لە عێراق هەیە، دۆخێكی نا ئاساییە، بەداخەوە لە ئاكامی حوكمڕانیەكی خراپی چەندین ساڵە هاتۆتە ئاراوە، بەتایبەتی لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو بەدواوە دۆخەكە زیاتر تێكچووە، لە ئەنجامی ئەو دۆخە خراپەش، خەڵك لە بەغدا و شارەكانی دیكەی عێراق ناڕەزایی دەردەبڕن و داوای چاككردنی گوزەرانی خۆیان دەكەن، ئەوەی كە كێشەكەی ئالۆزتریش كردووە بەڕاستی ئەو ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێران بوو، كە بەداخەوە بووە هۆی ئەوەی كە پەرلەمانی عێراق تاڕادەیەكی زۆری تاكلایەنانە داوا بكات كە هێزە بیانییەكان، بەتایبەتی ئەمریكا لە عێراق بچنە دەرەوە، هەر چەندە بڕیارەكە، بڕیارێكی موڵزەم نیە لەسەر حكوومەتی ئێستای عێراق، بەڵام دیسان شكاندنی ئەو مەبدئە بوو كە چەندین ساڵە عێراقی پێ بەڕێوەدەبرێت كە مەبدەئی تەوافق و سازانە، چونكە كورد و سوننەكان بەشدار نەبوون لە دانیشتنی پەرلەمان ئەوەش دۆخەكەی زیاتر ئالۆز كردووە و بۆتە هۆی ئەوەی كە ئاسان نەبێت دانوستاندن لە نێوان لایەنە گرنگ و ئەساسییەكانی ئێستای عێراق بكرێت، پرۆسەی سیاسی بەو ئاقارەدا بڕوات كە لە بەرژەوەندی گەلانی عێراقدا نەبێت، ئێستا عێراق چاوەڕێی ئەوەیە كە سەرۆكوەزیرانێكی تازە جێگەی سەرۆكوەزیرانی ئێستا بگرێتەوە، بەڵام ئەوەش كارێكی ئاسان نیە و كارێكی ئێجگار بە زەحمەتە، چونكە لایەنەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن لەسەر كەسێك كە ئەو ئەركە گرنگە بگرێتە ئەستۆ، هەڵوێستی ئێمە وەكو پارتی هەمیشە ئەوە بووە كە لایەنە ناكۆكەكانی عێراق بگەنە رێككەوتن بەو شێوەیە كە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان نەفەوتێت، لە هەمان كاتدا دۆخێك دروست بێت لە عێراق، كە بەرژەوەندی ئەمنی تێدا نەبێتە قوربانی.
سیوەیلی، گووتیشی:" بەداخەوە ئەگەر بارودۆخەكە هەر بەو شێوەیە بێت، ئەوەی كە ئێستا هەیە لە جیاتی ئەوەی عێراق ببێتە دەوڵەتێكی سەقامگیر، بەلایەنی كەم دەبێتە دەوڵەتێكی فاشیل، یان شكەستخواردوو، چونكە كاتێك ئەگەر لایەنەكان نەگەنە رێككەوتن لەسەر كەسێك بۆ سەرۆكوەزیران كە بتوانێت وڵات بەڕێوەببات، لە ئەنجامدا ئەم وڵاتە بەرەو شكەستهێنان دەڕوات، هیوادارین عێراق بەو ئاكارەدا نەڕوات، سەقامگیری بگەڕێتەوە، بەرژەوەندی هەموو پێكهاتەكانی عێراق پارێزراو بێت.
بە بۆچوونی هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، زۆر گرنگە كێشەكانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بكرێن، دوای ئەوەی كە سەرۆكوەزیرانی كاربەڕێكەری عێراق هاتە هەولێر دیسان پەیوەندییەكان هەنگاوی تریان ناوە بەرەو پێشەوە، لەسەر بەشێكی زۆر لەو كێشانەی كە هەیە، رێككەوتنی مەبدەئی كراوە، بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی كە لە بەغدا هاتۆتە ئاراوە ئەو كێشانەی كە لە بەغدا هەن، بەتایبەتی نەبوونی سەرۆكوەزیرانێك كە بتوانێت خاوەن بڕیار بێت، چونكە سەرۆكوەزیرانی ئێستا كاربەڕێكەرە، ئەوانە بوونەتە هۆی ئەوەی كە رێككەوتنی كۆتایی ئیمزا نەكرێت، بەڵام بەشێكی زۆری ئەو كێشانەی لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، رێككەوتن لەسەر كراوە.
بە بڕوای بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی، ئەوەی بۆتە هۆی بەهێزبوونەوەی داعش پێش هەموو شتێك ئەو دۆخە بوو كە پاش 16ی ئۆكتۆبەر هاتە ئاراوە، ئەوە بووە هۆی ئەوەی كە بۆشایی ئەمنی دروست بێت لە ناوچە كوردستانییەكان كە ئەوە بوو هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە كشایەوە، ئێستا لە هەندێك ناوچە نە هێزی پێشمەرگە هەیە نە سوپای عێراق، لەگەڵ ئەوەی سوپای عێراق ناتوانێت بە ئەركی سەر شانی خۆی هەستێت بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە ئەوە بە پلەی یەكەم زیندوو بوونەوە و بەهێزبوونەوەی داعش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوەی دیكە ئەو دۆخەی كە ئێستا لە عێراق هەیە ئەویش هۆكار بووە بۆ زیندووبوونەوە و بەهێزبوونی داعش، ئەو بڕیارەی لە پەرلەمان دەرچوو ئەوەی كە داواكرا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەربچن ئەوەش هاوكاری هێزەكانی داعشی كرد كە بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە دروست بێت، ئەوەش پاڵدەرێك دەبێت كە داعش سەر لەنوێ رێكخستنەكانی خۆی زیندوو بكاتەوە، بۆیە ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق، بڕیارێكی زۆر نابەجێ بوو و پەلەی تێدا كرا، ئەو بڕیارە بۆنی تائیفی لێ دێت، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە سەرلەنوێ داعش زیندوو ببێتەوە، چونكە عێراق پێویستی بە هاوكاری نێودەوڵەتی هەیە، هەر وەكو سەرۆكی حكوومەت باسی لێوە كرد عێراق، كوردستان پێویستیان بە هاوكاری نێودەوڵەتی هەیە، هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان هەیە، بەتایبەتی پێویستیان بە هاوكاری سەربازی، ئەمنی و ئابووری و سیاسی ئەمریكا هەیە، بۆیە گرنگە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بمێنەوە.
سەبارەت بەوەی سوننەكانیش داوای هەرێمێكی سەربەخۆ دەكەن، هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی رایگەیاند:" ئەوە تایبەتە بەخۆیان، ئەوە داوایەكی دەستوورییە، شتێك نیە نامۆ بێت، ئەو بڕوایەی كەلای سوننەكانەوە دروست بووە لەوە هاتووە كە بەداخەوە عێراق لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو نەیتوانیوە داخوازییەكانی سوننەكان لە خۆ بگرێت، نەیتوانیوە زەمینە بڕەخسێنێت، كە ژیانیان باش بێت، بەتایبەتی لە ئازادكردنی مووسڵ و ئەنبار لە تیرۆریستانی داعش، بەداخەوە حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە دەستی ئاوەدانكردنەوە بۆ ئەو ناوچانە درێژ بكات، بۆ ئەوەی ببێتە هۆی ئەوەی كە سوننە ژیانێكی خۆشی هەبێت و لە ئارامیدا بژین، ئەوەی كە گوێی لێ دەگیرێت بەداخەوە لە عێراقی ئێستادا تەنیا شیعەیە و، كورد و سوننە هەوڵ هەیە پەراوێز بخرێن".

 

زۆرترین بینراو