لە كاتی تاواندا هەڵگرتنی چەقۆ و بەكارهێنانی وەك یەك مەترسیدارە؟

پروشە قەلەندەر كەسنەزانی

پارێزەر:  
ئەو تاوانانەی كە لە ئەنجامی بەكارهێنانی چەقۆ روودەدەن، زۆرترین و بەربڵاوترین تاوانەكانن لە دنیادا بە تایبەت لە تاوانی كوشتن، بریندار كردن، ئازاردانی جەستەیی، دەستدرێژی سێكسی و لاقەكردن، دزیكردن و چەتەیی یا تۆقاندن و هەرەشەكردن ...هتد، ئەمەش هۆكارەكەی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی كە خودی چەقۆ زۆر بە ئاسانی و بەزوویی دەتوانرێت بەر دەست هەموو تاكێكی كۆمەڵگە بكەوێت. كاتێ كەسێك بێ هۆكارێكی ڕاستەقینە و ڕەوا چەقۆ هەڵ ئەگرێت، لێرەدا پرسیار دروست دەبێت كە ئایە چەقۆی بۆ چیە؟ یا كرین و فرۆشتنی چەقۆی جۆری جیا جیا لەوەی كە پێویستە و بەكاردەهێنرێت بۆ كاری رۆژانەی ئاسایی خەڵكی و فرۆشتنی بە هەرزەكاران یاخود لە خوار ١٨ ساڵ، دەبنە یەكێك لە هۆكارە سەرەكیەكان، و ئاسانكاریەك بۆ ئەنجام دانی تاوانێكی دیاریكراو. بەتایبەت لەوانەیە كەسەكە نیەتێكی تاوانی خراپی نەبێت بەڵام لەپڕ تووشی هەڵچونێكی دەروونی یا توڕەبوون دەبێت و كەسەكە شەڕ دەكات لەگەڵ بەرامبەرەكەیدا و عەقڵی خۆی لەدەست ئەدات و لە ئەنجامدا چەقۆ بەكار دەهێنێت، كە لێكەوتەو زیانێكی زۆر بە قوربانیەكە ئەگەیەنێت، و پەشیمان بونەوە لێی سودی نابێت، هۆكاری هەڵگرتنی چەقۆ چیە؟ ئەم پرسیارە وەڵامەكەی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، بۆ نموونە كاتێ كەسێك دوژمندارە و لەوە دەترسێ لە شوێنێكدا زەفەری پێ ببرێت بۆیە پەنا دەباتە بەر هەڵگرتنی چەقۆ بۆ پارێزگاری كردن لە خۆی بەرامبەر هێرشی دوژمنەكەی بەكاری ئەهێنێت، وەك چەكێك بەكار دێت كاتێ هەڵگرەكەی وا هەست ئەكات و بروای وایە كە خەڵكی لێی بترسن و بەهۆی ئەمەوە حسابی بۆ بكەن، وەك لاسایی كردنەوەی كەسانی تر كە پێشتر پێان بووە و بەكاریان هێناوە لە كاتی شەڕدا و ئەمیش خۆی وەك ئەوان دەبینێتەوە، هەڵگرتنی چەقۆ وەك خولیایەك چونكە بە زۆر شكل و شێوازی جیاواز و جۆری جیاواز چەقۆ دروست دەكرێ بەجۆرێك كە سەرنجی كڕیار ڕابكێشێت. چی بكرێت بۆ ڕێگریكردن یان كەمكردنەوە و نەهێشتنی ئەو تاوانانەی كە چەقۆ بەكاردێت بۆ ئەنجامدانی، بەتەواوی قەدەغە كردنی هەڵگرتنی چەقۆ، لەكاتی دۆزینەوەی بەهەر كەسێك بێت و لەژێر هەر بیانوویەكدا بێت بە تاوان دابنرێت، بە پێی یاسا نەفرۆشتنی بە كەسانێك خوار ١٨ ساڵ هەتا ئەگەر بۆ كاروباری ڕۆژانەش بێت، هەروەها قەدەغەكردنی هەڵگرتنی لە ناو ئۆتۆمبێل و جانتا و گیرفان و ..هتد. باشترین نموونەیش بۆ سەركەوتنی ئەم هەنگاوە ووڵاتی بەریتانیایە كە تاوانی هەڵگرتنی چەقۆی زۆر بەقورسی داناوە، بەجۆرێك هەندێك جار هەڵگرتنی وەك بەكارهێنان ئەژمار دەكرێت و یاسا سزای زۆر توندی بۆ داناوە كە ئەمەش بۆتە بەهۆی كەمكردنەوەی دیاردەی هەڵگرتنی چەقۆ. هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگە لە مەترسیەكانی، ئەمەش لەڕێگای پەروەردەی قوتابخانە و راگەیاندنەكان و رێكخراوە مەدەنییەكان كە هەڵگرتنی چەقۆ چ مەترسیەكی زۆری هەیە بۆ سەر تاك و كۆمەڵگە. دروستكردنی متمانە لە لای تاك بەجۆرێك كە لە بوونی هەر مەترسیەكدا پەنا نەبات بۆ بەكارهێنانی چەقۆ، بەڵكو دەبێت لایەنی بەرپرسیار ئاگادار بكاتەوە و یا بە كەسوكاری بڵێت یا پۆڵیس و دەزگاكانی ئاسایش بۆ پاراستنی گیانی كەسەكە. سۆشیال میدیا رۆڵێكی گرنگی هەیە لەم بوارەدا بە هۆی سەیر كردنی گەنج و هەرزەكاران بۆ گرتە ڤیدیوی جوراوجۆر، كە نمایشیی توندوتیژی ئەكات وە قەدەغەكردنی ئەو یاریە ئەلكترۆنییانەی كە لە كوشتنو توندوتیژی پێك دێتو هاندانیان تێدایە. هۆشیار كردنەوەی كۆمەڵگە بەوەی كە بەهۆی هەڵچونێكی كاتیەوە بەكار هێنانی چەقۆ لەوانەیە هەموو تەمەنی خۆی بخاتە مەترسیەوە و دووچاری سزادان و زیندانیكردن و لێسەندنی ئازادیەكانی ببێتەوە.

 

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو