لە كوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 100 شوێنی گەشتیاری هەن

لە كوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 100 شوێنی گەشتیاری هەن

دیدار – رائیب شێروانی
نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێ :" كەرتی گەشتیاری بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە زیاتر لە هەموو كەرتەكانی دیكە زیانی بەركەوتووە، چونكە بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان و داخستنی ناوچە گەشتیارییەكان، هاتنی گەشتیار لە نەورۆز و جەژنی رەمەزانی ئەمساڵ گەیشتە خاڵی سفر. دەشڵێ :" لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 100 شوێنی گەشتیاری هەن.
بەپێی ئاماری دەستەی گشتی گەشتوگوزار، لە نێوان ساڵانی 2009 تاوەكو 2013 كەرتی گەشتیاری بەردەوام لەگەشەدا بوو، 2013 ساڵی زێرینی ئەم كەرتە بوو، لەو ساڵەدا دوو ملیۆن و 952 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە گەشەی ئەم كەرتە لە ساڵانی 2014 تاوەكو 2016 رووی لە كزی كرد، بە جۆرێك هاتنی گەشتیاران ساڵی 2014 بە بەراورد بە ساڵی 2013 بە رێژەی 48.2% و لە ساڵی 2015 بە رێژەی 73.6% و لە ساڵی 2016 بە رێژەی 45.7% كەمیكرد. بەڵام لە سێ ساڵی رابردوودا جارێكی دیكە ئەم كەرتە رووی لە بووژانەوە كردەوە، بە جۆرێك ساڵی رابردوو 3 ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار روویان لە هەرێمی كوردستان كردبوو.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان گووتی :" هیچ ئامارێكی وامان لانیە كە نەخۆشی كۆرۆنا چەند زیانی بە كەرتی گەشتیاری گەیاندووە، بەڵام زیانەكان بۆ كەرتی تایبەتن، داهاتیش هەر بۆ كەرتی تایبەتە، شوێنەكان و زیانەكان بە ئاسانی هەژمار ناكرێن، هەروەها تا ئێستا ئەو بابەتە بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەگەر جەژنی رەمەزانی ساڵی رابردوو وەكو نموونە وەربگرین، 250 گەشتیار هاتنە هەرێمی كوردستان، بەڵام ئەمساڵ هەمان جەژن ئامارەكە سفر بوو، داهاتی ئەو 250 هەزار گەشتیارە بۆ بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 75 ملیۆن دۆلار بوو، بەڵام ئەمساڵ داهاتەكە سفر بوو، بێگومان ئەو سێ مانگ و نیوەی رابردوو هەمان شت بووە، ئەوەی زۆر گرنگە و دەمانەوێت ئاماژەی پێ بدەین، گەشتوگوزار زۆرترین زیانی بەركەوتووە، لەسەر ئاستی جیهان و لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، چونكە یەكەم شوێن بوون كە داخران، چ فرۆكەخانەكان، هۆتێل و مۆتێلەكان، ریستورانتەكان، چ داخستنی سنوورەكان بەڕووی گەشتیاراندا، دواهەمین شوێنیش دەبن كە دەكرێنەوە، بۆیە زۆرترین زیان بەر كەرتی گەشتیاری كەوتووە، ئێستاش زیانەكان بەردەوامن، ئەو گەشتیارانەی دەهاتنە هەرێمی كوردستان لە ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە دەهاتن، قەدەغەی هاتووچۆ تا ئێستا بەردەوامە، بۆیە ئێستاش زیان بەر كەرتی گەشتیاری دەكەوێت.
نادر رۆستی، روونیشیكردەوە :" بەهۆی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، پێویستە هەموو شوێنە گەشتیارییەكان پابەندی جێبەجێكردنی رێنمایەكانی خۆپارێزی بن، لە پارێزگای هەولێر 700 شوێن پشكنیان بۆ كرا، تەنیا 40 شوێن پابەند نەبوون ئەوانی دیكە هەموو پابەند بوون، بەردەوامیش لیژنەكان گەڕان و پشكنین بۆ شوێنە گەشتیارییەكان دەكەن، ئەوەی پابەند نەبێت شوێنەكەی دادەخرێت.
نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان جەختی لەوەشكردەوە :" لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ هەزار و 100 شوێنی گەشتیاری هەن، بە بنكەكانی گەشتیاری و شوێنەكانی گەشتیارییەوە، بنكەكانی گەشتیاری هۆتێل و مۆتێل و ریستورانت و پرۆژە و كۆمەڵگە گەشتیارییەكان لە خۆ دەگرێت، هەرچی شوێنە گەشتیارییەكانە هاوین هەوار و شوێنە ئاینییەكان و شوێنە سرووشتییەكان دەگرێتەوە، بەڵام ئەم ژمارەیە لە گۆڕاندایە، رەنگە چەندین شوێنی سرووشتی گەشتیاری ساڵ بۆ ساڵ زیاتر بن، ئەگەر خزمەتگوزاری دابین بكرێت زیاد دەبێت، بۆیە ئەو ژمارەیە ژمارەیەكی جێگیر نییە، ژمارەی هۆتێل و مۆتێلەكانیش زیاد دەبێت.
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان زیاتر گووتی :" وەكو دەستەی گەشتوگوزار بەردەوام كۆبوونەوە دەكەین، ئەو بابەتانە تاوتوێ دەكەین، بزانین رەوشەكە چۆن ئاسایی دەبێتەوە، لەگەڵ ژووری ئۆپەراسیۆن و لیژنەی باڵای كۆرۆنا هەماهەنگی بكەین و رێوشوێنی باش بگرینەبەر بۆ ئەوەی بتوانین گەشتیارانی شارەكانی دیكە روو لە هەرێم بكەنەوە، بەڵام بڕیاری كۆتایی لای ئێمە نیە و لای ژووری ئۆپەراسیۆن و لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنایە، ئەوان دەتوانن بڕیاری كۆتایی بدەن بە هەڵگرتنی قەدەغەی هاتووچۆ، بە گەڕخستنەوەی فڕۆكەخانەكان، بە كردنەوەی رێگەوبانەكان، بڕیاری ئەوانیش پەیوەستە بە بارودۆخە گشتییەكە كە لە ئایندە دێتە پێشمان چەند بارودۆخەكە مەترسیدارترە، یان چەند مەترسییەكان كەم دەبنەوە كاریگەری لەسەر بڕیارەكانی ئەوان دەبێت".
نادر رووستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان، دەڵێت: "بەپێی ئەو پلان و بەرنامەی بۆ ساڵی 2020 دامانڕشتبوو پێشبینیمان دەكرد تا كۆتایی ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاران بگاتە سەرووی 4 ملیۆن، بەڵام بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قەدەخەی هاتووچۆی نێوان پارێزگاكان، سەرجەم پلان و بەرنامەی ئێمەی راگرت".

زۆرترین بینراو