لە كوردستان نزیكەی 13هەزار خانووی پلاستیكی هەن

لە كوردستان نزیكەی 13هەزار خانووی پلاستیكی هەن

رەمەزان هەرنی – هەولێر: بەشێكی زۆری خانووە پلاستیكیەكان لە وەرزی زستان هیچ بەروبوومێكی كشتوكاڵییان تێدا بەرهەم ناهێندرێت، ئەمە لە كاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 13 هەزار خانووی پلاستیكی هەن.
ئەنمار ئیبراهیم، جووتیارێكی دەڤەری بارزانە بە زاری كرمانجی گوت:" لە وەزری زستاندا خانووە پلاستیكیەكان پێویستیان بە گەرمكردن هەیە، ئەوەش لە توانای ئێمەدا نییە، بۆیە بەشی زۆری خانووەكان لە مانگی 11 بۆ مانگی 3 هیچ بەرهەمێكیان تێدا ناچێندرێت، ئەگەر هاوكاری بكرێین و بە نرخێكی گونجاو سووتەمەنیمان بۆ دابین بكرێت، دەتوانین لەنێو خانووە پلاستیكیەكاندا بەشی هەرێمی كوردستان سەوزە و بەرهەمە كشتوكاڵییەكان دابین بكرێن بە نرخێكی كەمتر لە بەرهەمە هاوردە كراوەكان".
حاجی ئەحمەد، جووتیارێكی ئاكرێ یە و بە زاری كرمانجی دەڵێ" نزیكەی 18 خانووی پلاستیكیم هەن، نیوەیان هیچ بەرهەمێكیان تێدا نەچێندراوە و نیوەكەی دیكەش بەرهەمە سەوزەمەنییەكان تێدا چاندوون، بەڵام ئەمساڵ بەرهەمی سەوزە وەك ساڵانی رابردوو سوودی نییە، چونكە سەوزە هاوردە دەكرێت، ئەمەش وای كردووە ئێمە سوود لە بەرهەمەكەمان نەبینین و 100 دەسك سەوزە بە 12 هەزار دینار بفرۆشین، كە ئەمەش بە بەراورد بە خەرجییەكانمان زۆر كەمە".
خەلەف سەعید، پسپۆری كشتوكاڵی بە زاری كرمانجی راگەیاند:" هەندێك بەروبووم هەیە پێویستی بە گەرمكردن نییە و دەتوانن ئەو بەروبوومانە تێدا بچێنن، بەمەش خانووەكانیان پاك دەبنەوە و بەرهەمیشیان دەبێت، بۆ نموونە لەم وەرزەدا جووتیاران دەتوانن (برۆكلی) بچێنن، كە لە رووی ئابوورییەوە سوودی زۆریان پێ دەگەیەنێت، ئەگەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە وەرزی زستان نەتوانێت سووتەمەنی دابین بكات، دەتوانێت باجی زیاتر بخاتە سەر بەرهەمە هاوردەكراوەكان، ئەوكات جووتیاران دەتوانن هەموو جۆرە بەروبوومێكی كشتوكاڵی لەنێو خانووە پلاستیكییەكانیان بەرهەم بهێنن و هەلی كاریش بۆ كرێكاران دابین بكەن".
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 13 هەزار خانووی پلاستیكی هەن كە لە هاوینان خەیار، بیبەر و تەماتە، لە زستانانیش بەشێكی كەمیان سەوزەی گەڵاییان تێدا بەرهەم دەهێندرێت.

بیروڕا

زۆرترین بینراو