لە كوڕە شەهیدێكەوە بۆ جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێم

لە كوڕە شەهیدێكەوە بۆ جەنابی سەرۆكی حكومەتی هەرێم

دوای سڵاو و ڕێز...
جەنابی سەرۆكی حكومەت مەسرور بارزانی، من لە سۆنگەی بڕواو متمانەوە ئەو نامەیە ئاڕاستەی جەنابتان دەكەم، وەكو كەسێك كە خۆتان بە خەمخۆری وڵات دەزانن و مافی ستەم لێكراو دەگەڕێننەوە بۆ خاوەنەكەی. من گوێبیستی قسەكانی جەنابتان بووم كە لە پەڕلەمانی كوردستان پێشكەشتان كرد و جەختتان كردەوە لە سەر خەبات كردن لە دژی گەندەڵی، كە ئەوە مایەی خۆشحاڵی هەموو مافخوراوێكە لەو وڵاتە.
ڕێزدار سەرۆكی حكومەت.
من ناوم ڕێباز جەلال ئەحمەد (نانەكەلی) لە وڵاتی پۆڵەندا خوێندنی بەكالۆریۆس و ماستەرم تەواوكردووە و هەر لەوێش نیشتەجێم. ماوەی چەند ساڵێكە خەریكی خوێندنی دكتۆرام لە زانستە ئابوورییەكانی زانكۆی وارشۆ. خاوەنی نووسینی یەكەم فەرهەنگی زمانەوانی پۆڵەندی-كوردیم.
لە ڕێكەوتی 1-6-2014 دەستم كرد بە كاركردن لە نوسینگەی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە وڵاتی پۆڵەندا (بە نوێنەرایەتی زیاد ڕەئوف) لەسەر داوای ناوبراو، تاوەكو ڕێكەوتی1-1-2018 لە سەر بنچینەی متمانەیەكی زۆر بە نوێنەری حكومەت دەستم كرد بە كار، كەچی نوێنەری حكومەت سادەترین مافی منی زەوت كرد كە بریتییە لە گرێبەستی فەرمانبەران كە هەموو ساڵێك لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم بۆمان دەهات، بەڵام نوێنەری حكومەت لێی دەشاردینەوە. جگە لەوەی ئەو شایستە داراییانەی كە فەرمانگەی پەیوەندییەكان تەرخانی كردبوو بۆمان، بەڵام نوێنەری حكومەت لەوەشدا لەگەڵمان ڕاستگۆ نەبوو. ئەو هەمیشە دەیگوت لە كوردستان هیچ شتێك تەواو نییە، گرێبەست نییە، پارە نییە، بۆیە كەس نابێ باسی ئەو شتانە بكات.
من بەوپەڕی نیازپاكی، وەكو سیفەتێكی ئەزەلی كە لە خێزانێكی شۆڕشگێڕ هێناومە لەگەڵ خۆم، بەوپەڕی دڵسۆزی كوردپەروەرییەوە خزمەتی نوسینگەی نوێنەرایەتی و كارەكەمان دەكرد، بەڵام نیازپاكی من بەشێوەیەكی خراپ لە لایەن نوێنەر بەكارهاتووە.
بەڕێز جەنابی سەرۆكی حكومەت.
لە ڕێگەی دۆستێكی نزیكمان لە وڵاتی پۆڵەندا كە پەنجاو پێنج ساڵە لەو وڵاتەیە، ویستمان كەیسەكە ڕاستەوخۆ لەگەڵ نوێنەر چارەسەر بكەین، بەڵام بێ سوود بوو و تەنانەت ئامادە نەبوو نووسراوێكیش بدات كە ئێمە لە نوێنەرایەتی كارمان كردووە. ئێمە پەیوەندیمان كرد بە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم لە ڕێگەی ئیمەیڵەوە و سكاڵای خۆمان نارد. لە وەڵامدا فەرمانگەی پەیوەندییەكان گووتیان دەبێ ئێوە خۆتان ئەو كەیسە لەگەڵ نوێنەر یەكلایی بكەنەوە و فەرمانگەی پەیوەندییەكان هیچ حەقی بەسەرەوە نییە. دووبارە داوامان كردەوە گوێمان لێ بگیرێت بەڵام بێ سوود بوو وەڵامی هیچ نامەیەك و تەلەفۆنێكیان نەدایەوە. دوای ئەوە پێمان گەیشتەوە كە زیاد ڕەئوف لە ڕێگەی تەلەفۆن تەهدیدی بۆمان ناردووە، كە ئەگەر بێت و ئێمە سكاڵای لە دژی تۆمار بكەین، ئەوا نوێنەر نیوەی سەروەتەكەی دەكاتە قوربانی بۆ ئەوەی تۆڵەمان لێ بكاتەوە.
بەلامانەوە سەیرە چۆن نوێنەرایەتی و فەرمانگە، فەرمانبەری بە توانا و لەوەش گەورەتر كوڕی شەهید بەم شێوەیە پەڕاوێز دەخەن و مافەكانی وەلا دەنێن و تەهدیدیشی بۆ دەنێرن. لە وڵاتان كەسانی خاوەن توانای تایبەت بە گرنگەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵ دەكرێت و بە گوێرەی تواناكانیان مافەكانیان دەدرێتێ.
بە داخەوەین، زۆر لە بەرپرسانمان بۆ ڕاگەیاندنەكان قسەی گەورە دەكەن دەربارەی شەهیدان و خانەوادەی شەهیدان، كەچی لە ڕاستیدا ئەوها ڕەفتاری خراپ و ستەمكارانە دەكەن لە دژی منداڵ و نەوەی شەهیدان. تكا لە جەنابتان دەكەم سنوورێك بۆ ئەو جۆرە بەرپرسانە دابنێن كە سومعەی حكومەتیش ناشیرین دەكەن.
شایانی باسە، نوێنەری حكومەت لە وڵاتی پۆڵەندا سیفەتی ڕەسمی نییە و لە وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە تۆمار نەكراوە. وەزارەتی دەرەوەی پۆڵەندا لە كاتی پێشكەش كردنی ڕاپۆرتێك لە پەڕلەمانی وڵاتەكەی، دەڵێت "زیاد ڕەئوف پۆستی نوێنەرایەتی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەكارهێناوە". ئێمە ناتوانین چاوپۆشی لە هەموو كارەكانی نوێنەر بكەین، چونكە نوێنەر نوێنەرایەتی بۆ خزمەت و بەرژەوەندییە تایبەتیەكانی خۆی بەكاری دەهێنێت و بێ شك سنووری بەزاندووە.
نوێنەری حكومەت پابەندی بڕیارەكانی خودی سەركردایەتی كوردستانیش نەبووە، هەر بۆ نموونە دوای ڕووداوەكانی شازدەی ئۆكتۆبەر و داگیركردنی كەركوك، سەرۆك بارزانی بانگەوازی كرد بۆ هەموو كوردانی دەرەوە و نوێنەرایەتییەكان كە خۆپیشاندان ئەنجام بدەن و دەنگی كورد بگەیەننە ناوەندە جیهانییەكان، بەڵام نوێنەری حكومەت زیاد رەئوف نەك هەر ئامادە نەبوو بەشداری بكات، بەڵكو ڕێگری كرد لە بەكارهێنانی ئیمەیڵی نوێنەرایەتی و تەلەفۆنی نوێنەرایەتیش بۆ ئاگاداركردنەوەی ڕەوەندی كوردی، خۆی لەو پرسە مێژووییە گرنگە كشاندەوە و قسەی سەرۆكی هەرێمی وەلانا.
بەڕێز جەنابی سەرۆكی حكومەت.
ئێمە لەبەر خاتری پاراستنی سومعەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كەیسەمان نەگەیاندە ڕاگەیاندن و میدیاكانی وڵاتی پۆڵەندا. چونكە خۆمان بە بەشێك لە كوردستان و حكومەتەكەی دەزانین و نامانەوێ حكومەتی هەرێم پەڵەی ناشایستەی بچێتە سەر.
بۆ زانیاری بەڕێزتان، من و هاوكارم دلزار سەلیم بەحزانی پێكەوە كارمان دەكرد. دوایی لە جێگەی ئێمە، نوێنەر كەسانی تری بەكارهێنا لە دژی ئێمە و گوایا وەكو كەسانی خۆبەخش كار بۆ نوێنەرایەتی دەكەن، هاوكات لە دواهەمین دیداری لە تەلەڤزیۆن هەمان قسەی كرد، گوایا كەسانێك هەن وەكو خۆبەخش كاردەكەن بۆ نوێنەرایەتی.
بۆیە تكا لە ئێوەی بەڕێز دەكەم مافە ماددی مەعنەوییەكانم بۆ بگەڕێنرێتەوە و هێشتا خۆم بە كارمەندی نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم دەزانم لە پۆڵەندا، بەڵام نەوەك لەژێر سایەی كەسێكی ئەوها كە مافەكان زەوت دەكات.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێز
ڕێباز جلال احمد نانەكەلی

 

زۆرترین بینراو