لە نایابی عێراق هەولێر دووەم بردنەوەی دەستەبەر كرد

لە نایابی عێراق هەولێر دووەم بردنەوەی دەستەبەر كرد


زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: یانەی هەولێر دووەم بردنەوەی لەم وەرزەی خولی یانە نایابەكانی عێراقدا بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یانەی دیوانیەی بردەوە.
لە ركابەرییەكانی گەڕی چوارەمی خولەكەدا، هەولێر میوانداری دیوانیەی كردو یارییەكەی بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر بردەوەو سێ خاڵی دیكەی بەدەستهێنا.
لە یارییەكەدا یاریزانانی یانەی هەولێر، وەك رێزێك بۆ فرسەت سۆفی، پارێزگاری كۆچكردووی هەولێر خولەكێك بێدەنگ وەستان و نیشانەی رەشیان لە قوڵیان بەست.
پێش كۆتایی هاتنی گێمی یەكەمی یارییەكە بە خولەكێك، نیاز محەممە گۆڵێكی بۆ یانەی هەولێر تۆماركرد، لە گێمی دووەمدا تیپەكەی باشووری كوردستان بەرگری لە ئەنجامەكەی كردو سێ خاڵی یارییەكەی بردەوە.
لە دوای چوار یاری ئەم وەرزەی خولەكە، ئەمە دووەم بردنەوەی هەولێرەو لە دوو یاریشدا یەكسانبووەو بە هەشت خاڵ بەشێوەیەكی كاتی چووە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەكە.
لە یارییەكی دیكەدا یانەی زاخۆ جارێكی دیكە نەیتوانی سەركەوتن بەدەستبهێنێت و لەگەڵ یانەی نەفت یەكسانبوو.
یارییەكە لە زاخۆ بەڕێوەچوو، هەردوو یانە بە گۆڵێك بۆ هەر لایەك یەكسانبوون، گۆڵەكەی یانەی نەفت لە گێمی یەكەمدا لە رێگەی لەیس تەحسینەوە تۆماركرا، گۆڵەكەی زاخۆی خاوەن یاریگە لە رێگەی محەممەد جەوادەوە تۆماركرا.
زاخۆ لە چوار یاری ئەم وەرزەدا، هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووەو لەسەرجەم یارییەكاندا یەكسانبووە.

زۆرترین بینراو