لە هەرێم چەندین هاووڵاتیی بیانی بە تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بە تیرۆرەوە دەستگیر کراون

لە هەرێم چەندین هاووڵاتیی بیانی بە تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بە تیرۆرەوە دەستگیر کراون

لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان سەدان هەزار کەس لەو ناوچانە کە کەوتبوونە ژێردەسەڵاتی داعش ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، لەو کاتەدا جیاکردنەوەی هاووڵاتیانی ئاسایی و ئەوانەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە کارێکی ئاسان نەبوو و ئاستەنگی زۆری بۆ لایەنە ئەمنییەکان دروست دەکرد. بۆیە ڕێوشوێنی ئەمنی گیراوەتە بەر بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتیان و خودی ئاوارەکان و ڕێگانەدان بە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ نێو هاووڵاتیان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی هەرێم بە ئاوارەکانیشەوە، لە میانەی ئەم ڕێوشوێنانەدا لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە چەندین کەس بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر کران.

 

لەم بارەوە دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم ڕایگەیاند، لە دوای ساڵی 2003ەوە تیرۆریستان کوردستانیان کردبووە ئامانج بۆ ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی و تێکدانی سەقامگیریی هەرێم و، لە دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەکی کوردستان، هەرێمی کوردستان زیاتر کرابووە ئامانج، بەڵام بە هەوڵی لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەوڵەکانیان پووچەڵ کراونەتەوە و لەم بارەیەوە بە سەدان کەس بە بەڵگەوە دەستگیر کراون کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە و بەشدارییان لە شەڕەکانیشدا کردبوو و ژمارەیەکیان ئافرەت و مێردمنداڵ بوون.

 

دیندار زێباری لەبارەی هەماهەنگیی نێوان حکوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵەوە گوتی: "حکوومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ پرۆسەیەکیان دەست پێ کرد بۆ ڕادەستکردنەوەی ئەو دەستگیرکراوانە و لەم ڕووەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاسانکاریی زۆری کردووە، بەپێی ئەم پرۆسەیەش تا ئێستا ژمارەیەکی بەرچاو لە دەستگیرکراوانی داعش ڕادەستی بەغدا کراون، ئاماژەی بەوەش کرد ڕادەستکردنەوەی گیراوەکان بە فەرمانی دادگا پەیوەندیدارەکان بووە."

 

لە ماوەی ڕابردوودا دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر بڕیاری دا 277 بەندکراو بەپێی ماددەی سێیەم/ 7 تیرۆر ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا/ تیرۆر بکرێن، ئەمەش بە چەند قۆناغێک بوو و هەر قۆناغێک لە 50 تا 55 بەندکراو پێک هاتبوو. هەروەها بەپێی بڕیاری دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر 576 بەندکراو بەپێی ماددەی چوارەم/ 1 لە یاسای ژمارە 13ی ساڵی 2005 ڕەوانەی دادگای لێکۆڵینەوەی ڕەسافە/ بەغدا کراون و لە ڕێگای وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە بە فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بە پێنج قۆناغ، لە هەر قۆناغێکدا 100 تا 120 بەندکراو ڕەوانە کراون.

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم کوردستان گوتی: لە دوای ساڵی ٢٠١٦ چەندین هاووڵاتیی بیانی بە تۆمەتی پەیوەندیکردنیان بە تیرۆرەوە دەستگیر کراون کە خاوەنی ڕەگەزنامەی تورکی، سووری، ئێرانی، چینی، ئەمەریکی، جەزائیری و چەند وڵاتێکی دیکەن و بە تۆمەتی پەیوەندییان بە داعشەوە دەستگیر کراون و بەشێکیان ڕادەست کراونەتەوە، لەوانە ١٥ بەندکراوی بە ڕەگەز تورکی، ٣ بەندکراوی بە ڕەگەز ئەڵمانی، ٣ بەندکراوی بە ڕەگەز ڕووسی، ٢ بەندکراوی بە ڕەگەز ئازەربایجانی، هەروەها ڕۆژنامەنووسی بە ڕەگەز ژاپۆنی، "کۆسوکی سۆنیۆ کا"، بە تۆمەتی بوونی پەیوەندیی بە داعشەوە دەستگیر کرا کە لە ساڵی ٢٠٠٠ بووەتە موسڵمان و ناوی خۆی کردووەتە شامی، دواتر بە هەماهەنگی لەگەڵ حکوومەتی ژاپۆن نێردرایەوە بۆ وڵاتەکەی.

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم سەبارەت بەو ئافرەت و منداڵانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون و سزا دراون گوتی: بەپێی ئاماری لایەنە ئەمنییەکان ٦٧٧ کەس بە تۆمەتی تیرۆر دەستگیر کراون، لەوانە 30 ئافرەت، 22یان ڕاگیراون و 8یان سزا دراون، هەروەها ٦ نەوجەوانیش بە هەمان تۆمەت ڕاگیراون. لە لایەکی دیکەوە ٣٧ بەندکراوی پیاو بە لە سێدارەدان سزا دراون، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ هیچ سزایەکی لەسێدارەدان بۆ بەندکراوان دەرنەچووە.

 

زێباری گوتیشی: دەزگا پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کەیسی ئەو منداڵانە و لە ساڵی 2016 لە دادگای هەولێر دەیان کەیس یەکلا بووەتەوە، سزاکانیشیان لە نێوان یەک ساڵ بۆ پێنج ساڵ بووە. هەروەها بە پشتبەستن بە ماددەی ٤٩ی یاسای پاراستنی نەوجەوانان دادوەری لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی نەوجەوانان تایبەتە بە بینینی ئەو داوایانە و لە کاتی نەبوونی دادوەری لێکۆڵینەوەی نەوجەوانان، ئەوە هەر دادوەرێکی لێکۆڵینەوە ئەو داوایە دەبینێت و لە کاتی نەبوونی دادوەری لێکۆڵینەوەش لێکۆڵەرەوەی دادوەری ئەو کارە دەکات و لە هەموو حاڵەتەکان دەستگیرکراوەکە دەچێتە بەردەم دادوەر."

 

دوای دەستگیرکردنی تۆمەتباران و داواکراوان بەپێی یاسای بنەماکانی دادگاییکردنی سزای "قانون اصول محاکمات الجزائیە"، ژمارە ٢٣ی ساڵی ١٩٧١ی هەموارکراو مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێ. ڕێکارەکانیش بریتین لە سەلماندنی کەسایەتیی داواکراو و گومانلێکراو و دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکان. ئەو کەسانەی کە تەمەنیان لە ١٨ ساڵ کەمترە و گومانیان لێ دەکرێت پێشتر پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، ئەوا وەک قوربانیی دەستی داعش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت نەک تاوانبار.

 

لایەنە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێم پابەندن کە زانیاری بدەنە خانەوادەی ئەو کەسانەی دەستگیر دەکرێن، چونکە بەپێی یاسای ژمارە ١٤ی ساڵی 2001ی پەرلەمانی کوردستان تەمەنی یاسایی بۆ سەپاندنی سزا ١١ ساڵە و سووکترین سزادانیش بۆ ئەو منداڵانە هۆشداریدانە بۆ سەرپێچییەکان، واتا کە سەرپێچی بکرێت هۆشداریی پێ دەدرێت ئەگەر تاوانەکە نەکەوێتە چوارچێوەی تیرۆرەوە.

زۆرترین بینراو