لە وڵاتی توركیا و ئێران ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات بە نایاسایی هاوردەی كوردستان دەكرێت

لە وڵاتی توركیا و ئێران ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات بە نایاسایی هاوردەی كوردستان دەكرێت

 

زاری كرمانجی - سیدەكان: ماوەی ساڵێكە، لە هەریەك لە وڵاتانی ئێران و توركیا مەڕ و بزن و ئاژەڵ بە شێوەی نایاسایی و قاچاغ دەهێندرێتە باشووری كوردستان و مامەڵەی پێوەدەكرێت .
قاچاغچیانی ئەو بوارە لە دەڤەری برادۆست سنووری سۆران و هەولێر دەستیان داوەتە ئەم كارە، مەڕ و بزنی ئەو دوو وڵاتە بە تایبەتیش ئێران بە نایاسایی هاوردەی دەكەن و دواتر دەیفرۆشنەوە .

بەپێی زانیاریەكان، جەلەبی مەڕ و بزنی ئێرانی بەردەوام و شەوانە لە سنووری سیدەكان، داخل دەكرێت، بەهۆی دابەزینی نرخی تومەنی ئێرانی بەرامبەر بە دیناری عێراقی، كاریگەری لەسەر شتوومەك و تەنانەت مەڕ و بزنیش كردووە بەشێوەیەك بۆ هەر مەڕێك نزیكەی 125 هەزار دینار دەیكڕن، لە كاتێكدا نرخی مەڕی خۆماڵی 300 هەزارە .

حەسەن فەتاح دانیشتووی سیدەكان و  یەكێك لە گۆشتفرۆشەكانی سیدەكان بە زاری كرمانجی گووت"  هاتنی مەڕ و بزنی ئێرانی كاریگەری زۆری كردۆتە سەر خاون ئاژەڵ و مەڕ و بزنی كوردستان، چونكە نرخی مەڕ و بزنی ئێرانی زۆر هەرزانترە و نرخی خۆماڵیەكەش بەو هۆیەوە شكاوە .
زیاتر گووتی" جۆتی مەڕی ئێرانی تەنها 250 هەزار دینار دەوەستی، هی خۆماڵیش جووتی  نزیك 600 هەزار دەكات، بەڵام بەهۆی هاوردەی ئاژەڵی دەرەوە نرخی خۆماڵیەكە شكاوە و كڕیاریشی كمبۆتەوە، ئەمەش كاریگەری دەكاتە سەر بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات لە كوردستان .
لای خۆیەوە، عەبدوڵڕەحمان مستەفا بەرپرسی هۆبەی كشتووكاڵی سیدەكان بە زاری كرمانجی گووت" لیژنەیەك لە سیدەكان بە ئەندامێتی هۆبەی كشتووكاڵی سیدەكان و لایەنە پەیوەندی دارەكانی دیكە پێكهاتبوو، بۆ وەرگرتنی رێكارەكان و گومرگ كردنی ئاژەڵی بیانی، چەند جۆرە رێكار و سزایەك بۆ خاوەنەكانیان دیاری كراوە، بە تایبەت ئەو ئاژەڵ و مەڕ و بزن لە هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران هەوڵ دەدرێت بە نایاسایی و بە قاچاغ داخلی هەرێمی كوردستان بكرێت .
بەرپرسی هۆبەی كشتووكاڵی سیدەكان دەڵێ" هەرچەندە ئێمە ئێستە وەك ئەندامی لیژنەكە نەماوین، بەڵام هەر جۆرە ئاژەڵێك كە بە نایاسایی هاوردەكرا بێت، لەرێگەی ئەو لیژنەیە دەستی بەسەردا گیراوە و بەپێی جۆری ئاژەڵەكان سزای دارایی بۆ ئەژمار دەكرێت، دووای گومرگ كردن بە هاوكاری تیمەكانی ڤێتەر نەری بۆ ماوەی چەند رۆژێك كەرەنتین دەكرێت و دوای وەرگرتنی ڤاكسین و تەواو كردنی رێكارەكانی لێژنە بە خاوەنەكەی دەدرێتەوە  . 
هەر بە پێی زانیاریەكان، پێش ئێستە شەوانە بەبەردەوام  جەلەبی مەڕ و بزنی ئێرانی كە كمترین جەلەب 200 سەر مەڕ و بزنە لە ناوچە سنووریەكانی سیدەكان، لە رێگەی خنێرە بۆ سەری سپیندار و قەلەندەر بۆ دەشتی دیانا دەڕوات و دواتر بۆ هەولێر و شارەكانی موسل و بەغدا و پارێگەكانی تری عێراق دەچێ، لە بەهاری ئەمساڵ تا ئێستە نزیكەی 100 هەزار سەرۆمەڕ و بزن لە وڵاتی ئێران داخلی كوردستان كراوە .
شایەنی باسە، بۆ هەر جووت مەڕێك 75 هەزار و بۆ یەك سەر كاوڕ 15 هەزار، یەك ڕەشەوڵاخیش 120 هەزار دینار وەك سزای دارایی و گومرگ كردن لە لایەن لیژنەیەكی سەر بە قایمقامیەتی سۆران لەو كەسانە وەردەگیرێت كە مەڕ و بزنی وڵاتانی دەرەوەیان بە شێوەی نایاسایی و قاچاغ هێناوە .

زۆرترین بینراو