لە پاداشتی نەترسان، منداڵان خەڵات بكەن

لە پاداشتی نەترسان، منداڵان خەڵات بكەن

ئا/ شەهلا رەشید

ترس كاردانەوەی لە ناكاوی مرۆڤ یا هەر بوونەوەرێكی دیكەیە لە بەرامبەر رووداو، كارەسات، پێشهات، دیاردە، یا بوونەوەرێكی دیكە، رێژەی ترس لە نێو مرۆڤ بە پێی تەمەن جیاوازی و كاردانەوە و كاریگەری دەبێت، ئەو ترسەی كاریگەری بەسەر منداڵێك بەجێ دەهێڵێت زۆر كاریگەرترە لەو ترسەی بەسەر كەسێكی گەنج یا بە تەمەن داچوو دەی بێت.
بۆیە تەواوی توێژەرانی بواری دەروون ناسی منداڵان، دوای لێكۆڵینەوەی بەردەوام گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە پێویستە منداڵ لە هەر جۆرە ترسێك بپارێزێت و لە هەر رووداوێك بەشێوەیەكی تەندروست مامەلەی لەگەڵ بكرێت، بە پێچەوانە كاریگەری سلبی لەسەر دەبێت.
لەم بابەتە چەند خاڵێكی گرنگ دەخەینەروو، تا دایك و باوكان رێكاری پێویست بگرنەبەر.
ئەگەر منداڵەكانتان لەو شتانەی رۆژانە دێنە پێشیان بترسێن، هەوڵبدەن ڕوونكردنەوەی پێویستیان بۆ بدەن، ئاخۆ ئەمانە چۆن ڕوودەدەن، تێیان بگەیەنن ئەم رووداوانە سرۆشتین و نابێ بترسێن. بۆ نموونە هەندێك منداڵا لە دەنگی هەورە تریشقە دەترسێن، پێویستە دایكان و باوكان منداڵەكانیان لەگەڵا ئەو دەنگە سروشتییە ئاشنا بكەن و ئەو ترسەی لەناو دڵیاندا هەیە نەیهێڵن. كاتێك ئەم دەنگە دەبیستن یا ئاسمان بە هۆی بروسكەوە رووناك دەبێت، تێیان بگەینن كە ئەمانە بە ئاسایی وەربگیرێت و سەرنجی رابكێشێت.
ترس كاردانەوەیەكی لەپڕی جەستەیی و دەروونییە. كاتێك كەسێك ڕاستەوخۆ ڕووبەرووی ترس دەبێت ئارامی خۆی لەدەست دەدات، ئەم كاردانەوە جەستەییە ئاساییە ئەگەر زۆر بەهێز نەبێت و بەڕادەیەك نەبێت كە زیان بە دەروونی منداڵا بگەینێت ئەوا سوودیشی هەیە دەبێتە ئەزموون.
مرۆڤەكان پێش گەیشتن بە قۆناغەكانی خوێندن بەشێوەیەكی تەواو لەمانای ترس تێناگەن، هەندێكیان ڕووبەرووی دیمەنی ناخۆش دەبنەوە بەهۆی دەمەقاڵێ‌ نێوان دایك و باوك، یا دەنگ بەرزكردنەوە.
لەكاتی ترسێكی زۆر و لەناكاو ئەوا دەبێتە هۆی لەدەستدانی عەقلی منداڵەكە، ئەم حاڵەتە نەخوازراوە هەندێكجار لەناو مرۆڤە بە تەمەنەكانیشدا ڕوودەدات.
ترس لە تەمەنە جیاجیاكاندا:
جۆری ترس لە منداڵەكاندا بەپێی تەمەن دەگۆڕێت، لە تەمەنی شەش تا هەشت مانگی دەست پێدەكات، بەڵام ئاساییە، لە كەسانی بێگانە یاخود ئەوانەی لێیان نزیكن و درەنگ دەیانبینن دەترسن و خۆیان لە ئامێزی دایك دەگرن و دەگریێن و ڕوو لەو كەسانە وەردەگێڕن.
دووەمین حاڵەت ئەمەش ئاساییە كاتێك منداڵا سەرپێ دەكەوێت، هەست بە ئازادی دەكات و دەتوانێت بەپێ بڕوات بەبێ یارمەتی كەسانی دەورووبەری بچێتە ناو باخچە یا سەر پەیژە...هتد، ئەمەش ترسێك لەنێو دڵی منداڵدا دروست دەكات.
ترس لە گیانەوەرو تاریكی تەمەنی دوو تا پێنچ ساڵیدا، ئەگەر لە پشیلە بترسێت هەر كات دەبینێت ئەوا شیرینی یا هەر خواردنێك كە حەزی لێیەتی بیدە بە منداڵەكە و چەند جارێك ئەمە دووبارە بكەوە تا وای لێدێت بە بینی ئەو ئاژەڵە یا هەر رووداوێك كە لێ دەترسا ئەو خواردەمەنییە خۆشەی بیر بێتەوە كە تۆ پێی دەدەی وردە وردە ئەم ترسە لەناو دەچێت، پێویستە لەگەڵا تاریكیدا ئاشنا بكرێت بۆ نموونە كاتێك لە ژوورێكدا سەرقاڵی یاریكردنە دایك و باوك گڵوپی ئەو ژوورە بكوژینەوە، بڵێن ئایا دەتوانی بماندۆزییەوە، هەندێك یاری دیكە كە لەگەڵ تاریكی رابێن و ترسیان لێی نەبێت.
زۆربەی منداڵان لە تەمەنی پێنچ تا حەوت ساڵیدا پرسیار لەبارەی مردنەوە دەكەن، ئایا ئەوكەسەی مردووە، ئێستا لەژێر گڵە چۆن بە تەنیا لەوێیە ناترسێت... هتد. ئەمانە هەمووی پرسیار لەناو مێشكیدا دروست دەكات، پێویستە بە ڕوونكردنەوە وەڵامی پرسیارەكانی بدرێتەوە، بێ ئەوەی مێشكی ئاڵۆز بێت، نابێت ترس ببێتە رێگر بۆ نەگووتنی ڕاستییەكان، تا رادەیەك لەگەڵا نەخۆشی و گەورە بوونی و مردن ئاشنایان بكەن، وایان لێبكەن قسەی دڵیان دەرببڕن و هەست بە ئارامی دەروونی بكەن، پێش ئەوەی بۆیان ببێتە خەونێكی ناخۆش، ئەمە زیانێكی زۆری هەیە لەسەر دەروونی منداڵ و ئاڵۆز بوونی مێشك.
لێرەدا بەچەند خاڵێك ئاماژە پێدەكەین:
ترساندنی منداڵا لەلایەن دایكەوە تا پاك و خاوێنی ماڵا رابگرێت، یا جل و بەرگی پیس نەكات گەورەترین هەڵەیە، لەویش هەڵەتر ئەوەیە كاتێك پێی دەڵێن ئەگەر دەرمانەكانت نەخۆی بە پزیشك دەڵێم دەرزیت لێ بدات.
ئەو دایك و باوكانەی زێدەڕووی دەكەن لە بەرگریكردنی منداڵا یا بەردەوام وەك پاسەوانێك هەڵسووكەوت دەكەن، ئەمە وای لێدەكات تا گەورەتر بێت كەسێكی ترسنۆك و لاوازی لێ دروست دەبێت، وون بوون لە قۆتابخانە یا نەخۆشخانە، درۆكردن لەگەڵیان، ترس لە منداڵدا بە هەر شێوەو حاڵەتێك بێت ئەوە زیانی هەیە لەسەر مێشك و دەروونیان لە ژیانی ئاسایی و دڵخوشی بەدووریان دەكات، تا گەورەتر دەبن زیاتر تووشی دڵەڕاوكی و گۆشەگیری و شەرمن دەبن، لە داهاتووی خۆیان دەترسن.
نابێت لەم حاڵەتاندا سەرزەنشت یا گاڵتەیان پێبكرێت، بەڵكو پێویستە بڵێین نابێت تۆ بترسێی گەورە بوویت دەبینی منیش ناترسێم دەبێ بەم قسانە دڵنەوایی بدەین، تا پێمانبكرێت وا بكەین لەو خۆشەویستی و موحیبەتی كە بۆیان هەمانە دڵنیایان بكەینەوەو لە بچوكترین بووێری و سەركەوتندا پاڵپشتییان بكەین و خۆشحاڵی خۆمان دەرببڕین.

 

 

زۆرترین بینراو