لە چۆمان یادی سێ ساڵەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەرز ڕاگیرا

لە چۆمان یادی سێ ساڵەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بەرز ڕاگیرا

زاری كرمانجی – چۆمان: لە یادی سێ ساڵەی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، لە بارەگای لقی 26ـی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە چەند چاڵاكییەك ئەم یادە بەرز راگیرا.
ئاسۆ بورەیی، كارگێڕی لق و بەرپرسی مەكتەبی رۆشنبیری و راگەیاندنی لقی 26ـی گوڵانی پارتی دیموكراتی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند: لەم یادە پڕ شكۆیەدا بەپێویستمان زانی ئەم یادە بەرز و پیرۆز رابگرین بە ئەنجامدانی چەند چاڵاكییەك، چونكە هەموومان ئەو راستییە دەزانین كە سێ ساڵ بەر لە ئێستا لە وەچەرخانێكی گرنگ و مێژووییدا خەڵكی بە شەڕەفی كوردستان سەربەرزانە چوونە سەر سندوقی دەنگدان و نزیكەی 93%ـی خەڵك دەنگی بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا.
گووتیشی: ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كارتێكی زێڕینە لە دەستی نەوەی داهاتوو كە هەر كاتێك زەمینە لەبار بێت دەتوانن بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەكاری بهێنن، ئەمە دەستكەوتێكی گرنگە لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان.
سێ ساڵ پێش ئێستا و لە رۆژی 25-9-2017 بە رێژەی 92.73%ـی چین و توێژەكانی كوردستان لە تەواوی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیشەوە لە پڕۆسەیەكی دیموكراسیدا دەنگیان بە سەربەخۆیی كوردستان دا.
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ـی گوڵان بە زاری كرمانجی راگەیاند: گشتپرسی كوردستان گەورەترین دەستكەوتی مێژوویی كوردستانە كە بە سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی ئەنجامدرا، ئەم دەستكەوتە تا هەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە.
گووتیشی: هەرچەندە بیرورای جیاوازی سیاسی هەبێت لەناو لایەنەكان، بەڵام لەسەر پرسی ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان لایەنەكانی كورد كۆدەنگ و یەكگرتوون. ئەمەش لە پڕۆسەی گشتپرسیدا بە باشی رەنگی دایەوە و دواجار پڕۆسەكە سەركەوت، هەموو ئەوانە دەگەڕێنەوە بۆ حیكمەت و دانایی سەرۆك مەسعود بارزانی.
ئەوەشی گووت: ئەمڕۆ یان سبەی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان هەر دەبینین، ئەم گشتپرسییە وەك تاپۆیەكی رەشە لە دەستی نەوەی داهاتوو.

 

 

 

 

 

 

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو