لە یاری لوتكەی ئەمشەوی پریمەرلیگ...گواردیۆلا رێز لە كلۆب و تیپەكەی دەگرێ

لە یاری لوتكەی ئەمشەوی پریمەرلیگ...گواردیۆلا رێز لە كلۆب و تیپەكەی دەگرێ

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان : هەرچەندە یارییەكەی ئەمشەوی مانچستەر ستی و لیڤەرپول لە رووی یەكلاییكردنەوەی نازناوەوە هیچ گرنگییەكی وای نیە، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی دوو یانەو دوو راهێنەرەكە هەمیشە جێگەی سەرنج و تێڕامان بووەو یارییەكانیان پڕی ململانێ بووە.
لە لووتكەی گەڕی 32ی پرێمەرلیگ، یانەی لیڤەرپول كە دوای 30 ساڵ نازناوی پرێمەرلیگی بردەوە، لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر مانچێستەر سیتی ركابەری و دووەمی ریزبەندی خولەكە یاری دەكات.
لیڤەرپول لە یاری یەكەمی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگدا بە سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێك لە مانچێستەر ستی بردۆتەوە، ئەمشەو دەیەوێ لە دەرەوەی یاریگەی خۆی درێژە بەو دڵخۆشییەی بدات كە بۆ بردنەوەی پرێمەرلیگ هەیانە.
یارییەكە كاژێر 22:15 لەسەر یاریگەی ئیتیحاد بەڕێوەدەچێت، پێپ گواردیۆلاو یاریزانەكانی، رێڕەوی رێزلێنان بۆ یانەی لیڤەرپولی پاڵەوان دروست دەكەن و لەنێو چەپڵەرێزانی ئەوان تیپەكەی كڵۆپ پێ دەخاتە نێو یاریگەی ركابەرەكەی.
دوو راهێنەرەكە مێژووییەكی پڕ ركابەری و درێژیان بەرامبەر یەكدی هەیەو هەمیشە یارییەكانیان پڕبووە لە ململانێ، گواردیۆلا و كڵۆپ یارییەكەی ئەمشەویان دەبێتە یاری ژمارە 19 كە بەرامبەر یەكدی ئەنجامی دەدەن.
پێشتر راهێنەرە ئیسپانی و ئەڵمانییەكە 18 یارییان لەسەرجەم پاڵەوانێتییەكاندا وەك راهێنەر بەرامبەر یەكتر ئەنجام داوە، باڵا دەستی بۆ كڵۆپە و 9 جار سەركەوتنی بەدەستهێناوە، 1.61 خاڵی بۆ هەر یارییەك لە بەرامبەر گواردیۆلا بەدەستهێناوە.
لە بەرامبەردا گواردیۆلا 7 سەركەوتنی بەرامبەر كڵۆپ بەدەستهێناوە، بەرێژەی 1.28 خاڵ بۆ هەر یارییەك و دوو یاری نێوان هەردوولاش بەیەكسانبوون كۆتایی هاتووە.
بەر لە یارییەكە گواردیۆلا، كە دوو وەرزی رابردوو پاڵەوانی پرێمەرلیگ بوو، ستایشی لیڤەرپول و كڵۆپ كردو گوتی" لیڤەرپول باشترین یانەیەو لە هەموو یارییەكدا بەباشترین تواناوە دەردەكەوێت و شایستەی نازناوەكە بوو.
لەبارەی یۆرگن كڵۆپی ركابەرییەوە پێپ گووتی" لە رووی كەسایەتییەوە ئەو لە نزیكەوە ناناسم، بەڵام وەك راهێنەر ئەوەی دەیكات پێی سەرسامم و ئەو كەسێكی سوودمەندە بۆ تۆپی پێ.
لەلایەن خۆیەوە یۆرگن كڵۆپ، راهێنەری لیڤەرپول پێش یارییەكە گووتی" رێرەوی رێزلێنان كەلتوورێكی لە مێژینەی ئینگلیزەكانە، كەلتوورێكی جوانی پرێمەرلیگە، بەڵام بەرامبەر مانچێستەر سیتی پێویستی بەوە نەدەكرد بۆ ئێمە بكرێت، ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی یاری بكەین، ئێمە دەمانەوێ یارییەكە ببەینەوە نەك جارێكی دیكە ئاهەنگ بگێڕین كە هەفتەی رابردوو ئەوەمان كردووە، یارییەكەشمان بەرامبەر مان سیتی زۆر قوڕسە.

زۆرترین بینراو