مامۆستایان بۆچوونی خۆیان لە بارەی  ئەنجوومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی  بریتش كانسڵ  (British Council) دەخەنە روو

مامۆستایان بۆچوونی خۆیان لە بارەی ئەنجوومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی بریتش كانسڵ (British Council) دەخەنە روو

تا ئێستاشی لە گەڵ بێت لە هەرێمی كوردستان، سیستەمی وڵاتان لە بواری پەروەردەو فێركردن و خوێندنی باڵا دەهێندرێت و تاقی دەكرێتەوە لەسەر قوتابییان ، ئەوەی جێگەی سەرنجە نەتووانراوە كوردستان لە بواری خوێند و پرۆگرامەكانەوە لەسەر بەرنامەیەكی دیاریكراو بەردەوامن ، بەناو شارەزایانیش دەڵێن پێویستە چەندساڵ جارێك سیستەمی خوێندن بگۆڕدرێت یان نوێبكرێتەوە، زاری كرمانجی لەم راپۆرتەدا بۆچوونی مامۆستایانی وەرگرتووە دەربارەی سیستەمی بریتش كانسڵ (خولی بونیات نانی تواناكان) كە یەكێكە لەسیستەمەكانی پەیمانگەی بەریتانی لە بواری خوێندن.

بەدوا داچوون : محەممەد مەحموود

من ئەزموونێكی باشم هەیە لە كاری مامۆستایەتی ئەو سیستەمەش لە دوو لایەنەوە سەیردەكەم ، ئەمە سەرەتای قسەكانی خەرمان غەفوورە، دەربارەی سیستەمی بریتش كانسڵ بۆ زاری كرمانجی گووتی " وەكو مامۆستایەك كە نۆزدە بۆ بیست ساڵ دەبێت خزمەت دەكەم وەك مامۆستا، ئێمە چەندەها ساڵە لە سەر بەرنامەی تر ڕۆیشتووینە و لە بەرامبەریشدا سەركەوتوو بووینە، بەڵام هەموو شتێك پێویستی بە گۆڕنكارییە.
من خۆم بەرنامەكە بە دوولاینە دەبینم، لایەنی باش و خراپ، لایەنی باشی ئەوەیە كە هەست دەكەم مامۆستایان و بەڕێوەبەرەكان جمووجۆڵێكیان دەست پێكردووە، زیاتر خۆیان ماندوو دەكەن ، هەروەها جۆرە یەكسانییەك دەبینم كە مافی مامۆستا لە رووی هەڵسەنگاندنەوە بە شێوەێكی داد پەروەرانە دەدرێت، واتە غەدری لێ ناكرێت چونكە هەڵسەنگاندنەكە لەلایەك هەر یەكە لە بەڕێوەبەرو لیژنەیەك لە سەرپەرشتیارەوە دەكرێت ئەمە بۆ خۆی وەڵامێكی گونجاوە بۆ جوان هەڵسەنگاندنی مامۆستایان بەتایبەتی بۆ ئەو مامۆستایانەی چەندەها ساڵ دەوام دەكەن و مووچەیەكی باشیش وەردەگرن بێ ئەوەی ئەو پەیامەی پێیانە بە جوانی بگەینینە قوتابی، لە ڕاستیدا ئەو جۆرە بەرنامەیە لایەنێكی تری باشی ئەوەیە سوودێكی زۆری بۆ قوتابی هەیە كە ئەوان سوودمەندی یەكەمن، ئێمەش هەموومان ئەوەمان ئامانجە، وە بۆ ئەوەی مامۆستایانیش هەوڵی زیاترو بەردەوام بدەن بۆ خۆ دەوڵەمەند كردن لە رووی پسپۆری بابەتەكەیان.
بۆ لایەنی پەروەردەیی بەڕاستی بەرنامەكە بە باش دەزانم .بە مەرجێك ئەگەر سەرپەرشتیاران بە یەكسانی و بەبێ جیاوازی مافی مامۆستایان و بەڕێوەبەرەكان بدەن و ئەوانیش شارەزایی هەموو لایەنێكی پەروەردەی و گشت وانەكان بن و واتا پسپۆریان لە گشت بابەتەكان هەبێت. دەربارەی لایەنە خراپەكانی ئەو سیستەمە ئەو مامۆستایە گووتی " خاڵە لاوازەكانی ئەم سیستەمە ئەوەیە هەروەكو باسم كرد لەوانەیە سەرپەرشتیاران ئەو خاڵەیان تێدا نەبێت كە پسپۆریان لە هەموو بابەتەكان هەبێت، چونكە دەكرێت سەرپەرشتیارێكی كوردی بچێتە لای مامۆستایەكی وانەی ئینگلیزی بێ ئەوەی سەری دەربچێت لە زمانی ئینگلیزی و بەمەش مامۆستایەكە لەوانەیە بەش خوراو بێت یانیش پێچەوانەوە.
بۆیە دەبێت ئەوانیش هەڵسەنگێنراوبن، خاڵێكی تر لە خاڵەلاوازەكان ئەوەیە كە بەیەكجار چۆن مامۆستا هەڵدەسەنگێندرێت بە درێژایی یەك ساڵ لە وانەیە ئەو ڕۆژە ئامادە نەبێت یان نەخۆشبێت یان كێشەیەكی هەبێت یان هەر شتێكی تری نەخواستراو، مامۆستا خەرمان گووتیشی " من زیاتر لایەنە باشەكانی دەبینم ئەگەر بەشێۆەیەكی باش كاری بۆ بكرێت. ئێمەش تا ئێستا ئەنجامەكەمان نەدیووە چونكە ئەوە یەكەم ساڵە با چاوەڕێ بكەین لاوانەشە سەركەوتوو بێت .ئیتر نابێت هەمووی یەكسان بكەین بە سفر ،چونكە كەسانی پسپۆرترو زیرەكتر لە ئێمە لەسەر ئەو بەرنامەیە دانیشتوون قسەیان كردووە .
هەرێم عوسمان مامۆستاێكی تر بوو بۆمان دواو گووتی "سەبارەت بە سیستەمی بریتش كانسڵ، ئەو سیستەمە تەنها لە وڵاتە دواكەوتووەكان پەیڕەودەكرێت، وڵاتێك كە نەتوانێت خەرجی قوتابخانەكان دابین بكات، هەروەها زیادكردنی دەوام بە مووچەیەكی كەم بۆیەكردن و خۆ پیشاندانی مامۆستایان لە جوانكردنی قوتابخانە وخوێندنگەكان. لەلایەكی ترەوە لە زۆربەی قوتابخانەكان خوێندن پشتگوێ خراوە، تەنها خەریكی چالاكی بێبنەمان.
مامۆستا هەرێم دەشڵێت" پێم باشە ئەو سیستەمە نەمێنێت، سەرپەرشتیاران وەك جاران سەردانی مامۆستایان بكەن بەشێوەی پسپۆڕی.هەموومان دەزانین نە بەرێوەبەر نە لیژنەی دەرەكی شارەزاییان نییە لە هەموو بابەتەكان بۆ هەڵسەنگاندنی مامۆستایان.
بەرێوەبەری قوتابخانەێك دەڵێت " سیستەمی بریتش كانسڵ دوو ئاراستەی هەیە، لەگەڵ ئەوەی ئەركی كارگێڕی قوتابخانەشی گران كردووە.
بنار حەسەن وەك بەرێوەبەری قوتابخانەی كەزی لە رواندز بۆ زاری كرمانجی گووتی" دەربارەی بەرنامەی بریتش كانسڵ، بەلای منەوە دوو ئاراستەی هەیە لە لایەكەوە باشە چونكە وایكردووە پەیوەندی ماڵەوەی قوتابییان و قوتابخانە گەرم و گوڕی زیاتری پێوە دیاربێت، وە را وەرگرتن و بەشداری پێكردنی خێزان و قوتابی و قوتابخانە لە زۆر رووەوە نزیك بوونەوەی تەواوی دروستكردووە.
لە گەڵ ئەوەی كەسایەتی قوتابیش بەهێز دەكات لە وەرگرتنی بیر و رای، وە بەشداری كردنی لە هەندێ پرس و بڕیار، مامۆستا بنار باس لەوەش دەكات كەوا"ئەم بەرنامەیە ئیشەكانی زیاتر كردووە بەسەر كارگێڕی قوتابخانەكان لە كاتێك جیاوازی نێوان قوتابخانەیەك كە میلاكی كەم بێت ولە گەڵ قوتابخانەیەك كە میلاكی زۆر بێت ئەم جیاوازیە نەكراوە،یان قوتابخانەهەیە تازە كراوەتەوە كەچی ڕێك خراوەتەوە بەر ئەم بەرنامەیە، لە كاتێكدا لە هەندێ ستاندارد پشت بە پێشینەی قوتابخانە دەبەسترێت و ئەبێت لەسەر ڕاپۆرتی دەرەكی پێشوو وە ئاستی زانستی و ڕێژەی دەرچوونی ساڵی رابردوو بڕۆیت.
مامۆستا بنار گووتیشی " ئێمە لە و قوتابخانانەین كە ئەمساڵ كراوینەتەوە و نووێین، هەست ئەكەین مافی خۆمان وەك پێویست پێنەدراوە وە بەڵگەكانمان وەك پێویست بەدواداچوونی بۆ نەكراوە لە لایەن لیژنەی دەرەكی، ئێمە باجی دیوار و كۆنكرێتی شكاوی باڵەخانەی قوتابخانە ئەدەین ، وەك خۆم پێم باشترە سەرپەرشتیاری پسپۆری هەر هەبێت، چونكە ئەوان لە زۆر كاتدا ئەتوانن لە گەڵ مامۆستاكانی خۆیان پەیوەندییان هەبێت و ئاگاداری گۆڕانكاری و شێوازی وانە گووتنەوەی مامۆستاكان بن، ئێستا بەداخەوە دابڕانێكی تەواو هەیە، لە كۆتایدا دەڵێم ڕواڵەتەكان هەرچەندە جوان و بڕیقەدار بن بەڵام ئاستی زانستی قوتابییان سەركەوتنی قوتابخانە نیشان دەدات.
مامۆستا دلێر قادر ئەویش بەم جۆرە بۆچوونی خۆی لە رێگای هەفتەنامەی زاری كرمانجییەوە دەخاتەروو" سیستەمی بریتش كانسڵ بیرۆكەیەكی زۆر جوانە، بە مەرجێك سەرپەرشتیاران بە ئەمانەتەوە جێبەجێ بكەن نەك ببێتە سیستەمی تۆڵە سەندنەوە لە مامۆستایان، لە جیاتی بریتش كانسڵ ئەكرێت ڕۆژێك لە ڕۆژان مامۆستایەك لە گەڵ سەرپەرشتیارێك ناخۆشییەكیان هەبێت ئەم سەرپەرشتیارە لیژنەی مامۆستایەكە بێت بگەرێتەوە سەر ئەو ناخۆشییە كە لە گەڵ مامۆستاكە هەیبووە و هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەی خراپی بۆ بكات یان لە گەڵ رێزم ئەمە لە پڕۆسەی پەروەردە جوانیش نییە باس بكرێت، بەڵام دەكرێت مامۆستایەكی پیاو لە گەڵ مامۆستایەكی ئافرەت و پێش چاوتۆزێك جیاوازی پێ بكرێت.
مامۆستا دلێر دەشڵێت" خاڵێكی باش لەم سیستەمە ئەوەیە،وا لە مامۆستا دەكات بەردەوام ئامادەبێت بێ، وە بەپێی ڕێنماییەكان بڕوات و پلانی ڕۆژانە و هەفتانە و مانگانەی هەبێت و وا لە قوتابییان دەكات چاڵاكی رۆژانەیان هەبێت. بەڵام ئەوەی جێگای نیگەرانییە لەم سیستەمە داواكاری زۆر لە مامۆستا دەكرێت و مامۆستا زۆر سەرقاڵ كراوە تەنانەت زۆربەی كات دوای دەوامیش دەبێت خەریكی كارەكانمان بین.
ئەنجوومەنی ڕۆشنبیری بەریتانی - بریتش كانسڵ - (British Council) ڕێكخراوێكی نامیریی (ناحكومی) بەریتانییە و وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پاڵپشتی دەكات و لە لاپەڕەی ویكیپیدیا بەم شێوەیە پێناسە كراوە : ( ڕێكخراوێكی بەریتانییە، تایبەتە بە ڕۆشنبیری و فێركردنی نێودەوڵەتی كە زیاتر لە (100)وڵات بنكەیان هەیە و بە پاڵپشتی فێركردن لە وڵاتی بەریتانیا و زمانی ئینگلیزی كاردەكات) ئەم ڕێكخراوە لە ساڵی (1934ز) لە بەریتانیا دامەزراوە .
لە ساڵی (1938ز) یەكەمین نووسینگەی لە دەرەوەی وڵات كردەوە لە (بوخارست)ی پایتەختی (ڕۆمانیا) و پاشان بنكەكانیان فراوان كرد بۆ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوەیەكی گشتی و وڵاتە عەرەبییەكانیش بەتایبەتی، بەجۆریك نووسینگە و بنكەی كاركردنییان زیاتر لە (100) وڵات هەیە، لەوانە :(لوبنان، میرنشینی عومان، ئیمارات، قەتەر، ئەردەن، جەزائیر، تونس، میسر، فەڵەستین) .

زۆرترین بینراو