مامۆستایەكی زانكۆی سۆران: ئەمریكا بیانووی بۆ مانەوەی لە عێراق ئەوەیە كە  پارەێكی زۆری لەم وڵاتە خەرجكردووە

مامۆستایەكی زانكۆی سۆران: ئەمریكا بیانووی بۆ مانەوەی لە عێراق ئەوەیە كە پارەێكی زۆری لەم وڵاتە خەرجكردووە

دیدار-محه‌مه‌د هه‌سنانی: مامۆستایەك لە فاكەلتی یاسا و زانستە سیاسییەكانی زانكۆی سۆران، رایدەگەینێت " ئێران بۆ پاراستنی دەوڵەت و ئاسایشی ناوخۆیی، سوود لەو گرووپانە دەبینێت كە دروستی كردوون لە دەرەوەی وڵات"، دەشڵێت: " خۆپیشاندانەكانی عێراق روویەكی سیاسی وەرگرت بووە هۆی ئەوەی دەستێوەردانی دەرەكی دروست بێت".
د.سانع شەریف شێروانی، بەزاری كرمانجی راگەیاند " لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق بەتایبەتی، دوای ساڵی 2003 ئەمریكا و ئێران، هەمیشە لەململانێ و دژ بەیەك بوونە، هۆكارەكەش ئەوەیە هەریەك لەمانە هەوڵی باڵادەستی خۆیان دەدەن، بۆ بەرژەوەندییە ئابووری و سیاسییەكانیان، هەروەها ئەمریكا بیانووی بۆ مانەوەی لە عێراق ئەوەیە كە پارەیەكی زۆری لەم وڵاتە خەرجكردووە، قبوولی دەستێوەردانەكانی ئێران ناكات، كەچی ئێرانیش بە بیانووی پاراستنی ناوچەی شیعە نشین و بەكارهێنانی مەزهەبەوە پێگەی خۆی بەهێز كردووە لە رێگەی چەند گرووپی جیاجیا كە خەرجییەكی زۆری داوە، ئەویش ئامادە نییە لە ناوچەكەدا بكشێتەوە، ئەمەش گەیشتووەتە ئاستێك كە هێزی سەربازی لە بەرامبەر یەكتر بەكار بهێنن".
گووتیشی " كوشتنی قاسم سلێمانی فەرماندی باڵای ئێران، لەلایەن ئەمریكاوە، ئەو راستییە دەردەخات و هۆكاری كوشتنەكەش ئەوەیە كە ئەم فەرماندەیە داڕێژەری سیاسەتی ئێرانی شیعی بوو، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی، بەتایبەتیش وڵاتانی سوریا و لوبنان و یەمەن و فەڵەستین و عێراق، ئەمەش ئەمریكا بە هەڕەشەی سەر ئایندەی بەرژەوەندییەكانی دەزانیت، دەكرێت واش لێكبدرێتەوە سەرۆكی ئەمریكا كوشتنەكەی بە دەسكەوتێك دابنێت، بۆ وەرگرتنەوەی گەڕی دووەمی سەرۆكایەتییەكەی و كەمكردنەوەی ئەو فشارەی كە لەسەرێتی لە پەرلەمانی وڵاتەكەی كە حوكمڕانییەكەی لە ژێر لێكۆڵینەوە دایە، ئەوەی ئێرانیش دەیڵێت سەبارەت بە تۆڵە سەندنەوەی قاسم سلێمانی، زیاتر درووشمێكە بەهۆی شعوری خەڵكەكەی بەكاری دەهێنێت، چونكە كارێكی لەم شێوەیە لە بەرژەوەندی ئێران نابێت، جگە لە زیان بەتایبەتی گەر بچێتە ناو جەنگەوە، لەگەڵ ئەمریكا لە بەرئەوەی ئێران خۆی ئێستا لە ژێر قەیرانی دارایی ناوخۆیی و لەژێر ئابڵوقەی نێودەوڵەتیدایە. بەڵام كوژرانی فەرماندەكە دەكرێت هۆكارێك بێت كە ئێران سیاسەتەكانی بگۆڕێت لە ناوچەكەدا " .
دەشڵێت " سەرەڕای ناكۆكییەكانی ئێستای ئەمریكا و ئێران، كەچی دەكرێت گۆڕانكاری رووبدات لە نێوانیاندا بە دانیشتن و گفتوگۆ كردنیان لەسەر میكانیزمێكی نوێ، بەتایبەت لە بواری چەكی ئەتۆمی، ئەگەر ئێران ئامادەی دانیشتن نەبێت، رەنگە دووچاری گۆشەگیرێكی تری نێودەوڵەتی ببێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە بەریتانی هاتەپاڵ ئەمریكا، دوای كوشتنی فەرماندە ئێرانییەكە، ئەمەش رەنگە بێتە هۆی زیان بە ئاسایشی ناوخۆی ئێران بگەیەنێت، بۆ ئەوەی لە جیاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران بە كێشە ناوخۆییەكانیان سەرقال بكەن، چونكە ئێران بۆ پاراستنی دەوڵەت و ئاسایشی ناوخۆیی، سود لەو گرووپانە دەبینێت كە دروستی كردوون لە ناوچەكەدا".
سەبارەت بە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی شەقامی عێراقی، ئەم مامۆستایەی زانكۆ رایدەگەینێت " لەسەرەتادا خۆپێشاندانەكان خۆڕسكی بوون و بۆچوونیان لەرای خەڵك دەكرد و داوای بنبڕكردنی گەندەڵی و مافە سەرەتاییەكانیان دەكرد، وەك بێكاری و نەبوونی خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و ئاوەدانكردنەوەو..هتد، كەچی لە ئەنجامدا لادانی سەرۆك وەزیرانی عێراقی لێكەوتەوە، ئەمەش روویەكی سیاسی وەرگرت بووە هۆی ئەوەی كە دەستێوەردانی دەرەكی دروست بێت، دەكرێت بڵێین دیسان لە نێوان بەرەی ئەمریكا و سعودیە و ئوردن و ئیمارات لە دژی ئێرانەوە یە، چونكە ئێران رازی بوو بە مانەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق، كە لە ژێر ئەژموونی خۆی دابوو، كەچی ئەمریكا و هاوپەیمانانی، بەمەرجێك لەگەڵ مانەوەی عادل عەبدولمەهدی دابوون، كە دەستی ئێران دوور خاتەوە لە حكوومەت و حەشدی شەعبی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵام نەیانتوانی ئەوە بكەن، ئاراستەییەكی تریش ئەوەبوو كە دژی ئێران و ئەمریكا بوو كە ئاراستەی سەدر بوو، ئەمەش كاریگەری هەبوو. بەڵام بە گشتییەكەی ناتواندرێت رۆڵی ئێران و ئەمریكا لەم خۆپێشاندانانە نادیدە بگرین".

زۆرترین بینراو