مامۆستا حەسەن مەحموود :لە هەر سێكتەرێك پاداشت و سزا بوونی نەبێت ئاستی پەرەسەندن و پێشكەوتن لاواز دەبێت

مامۆستا حەسەن مەحموود :لە هەر سێكتەرێك پاداشت و سزا بوونی نەبێت ئاستی پەرەسەندن و پێشكەوتن لاواز دەبێت

لە دیمانەیەكی زاری كرمانجیدا مامۆستا حە سەن مەحموود، كە بۆ خۆی لە بواری پەروەردەو كاری مامۆستایەتی ئەزموون و شارەزای هەیە، باس لە گرفتەكانی بەردەم پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن دەكات لە كوردستان و وەڵامی چەند پرسیارێكی لاپەرەی پەروەردەی هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەداتەوە.
دیمانە: رەمەزان هەڕنی – مێرگەسۆر
*سیستەمی ئێستای پەروەردە لە كوردستان سیتسەمێكی گونجاوە؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە لە نێوان نەخێر و بەڵێ‌ ناتوانم بە درووستی یەكەكیان هەڵبژێرم، ئەگەر بڵێم نەخێر سیستەمێكی نەگونجاوە هیچ بەدیلێكی گونجاوتر نابینم، ئەگەر بشڵێم بەڵێ سیستەمێكی گونجاوە ئەوا راست ناكەین، چونكە سیستەمی پەروەردە لە كوردستان لە سیستەمێكی كۆندا بوو ، دواتر سیستەمێكی تر بەناوی سیستەمی سویدی هات، هێشتاسیستەمی سویدی لە بواری هەڵسەنگاندن دابوو سیستەمێكی تری بەریتانی بە ناوی (بریتش كانسڵ) ی هاتە ناو، بەراستی پێم غەدرە سیستەمێكی بیانی بێنیت لە سەر قوتابییانی خۆمان تاقی بكرێتەوە، با سود لە ئەزموون و داهێنان و سیستەماتیكی پەروەردەی ولاتان وەرگرین بەڵام نەك سەداسەد بەسەر رەوتی پەروەردەو قوتابییەكانمان بسەپێنین، چونكە سێكتەری پەروەردە لە كوردستان هێشتا ئامادەگی تەواوی بۆ ئەو جۆرە سیستەمانە نییە، بەڵام بەو مانایەش نا كە لە دواوەین زۆرمان بڕیوە كەممان ماوە.
*رۆڵی پەروەردە لە بواری كێشە كۆمەڵایەتییەكان لە چ ئاستێكدایە؟
- كە دەبینم لەسەر تابلۆی باڵەخانەی هەموو پەروەردەیەك نوسراوە (پەروەردە و فێركردن)، بەڵام لە كۆمەڵگەی ئێمە فێركردن زیاتر پشكی شێری بەركەوتووە، قوتابی ئەوەندەی وێڵی نمرەو دەرچوونە بۆ دەست هێنانی بڕوانامە، ئەوەندە گوێ رایەڵی لایەنی ئەتەكێت و رەفتارە پەروەردەییەكان نییە، بێگومان تەرازووی مامۆستاش زیاتر بەلایەنی فێركردنە نەك پەروەردەكردن بە دەگمەن هاوسەنگی هەیە، ئەمەش بە كەم تەرخەمی وەزارەتی پەروەردە دەزانم كە هۆشیاری كۆمەڵگە بە پلە یەك لە ئەستۆی ئەوان دایە ئەم لایەنەش ناڵێم فەرامۆش كراوە بەڵام مافی خۆی پێنەدراوە، زۆری كێشە كۆمەڵایەتییەكان بۆ كەم تەرخەمی پەروەردە و نەبوونی مامۆستای بە ئەزموون دەگەرێتەوە. با هەر مامۆستایەك تەنها سێ‌ خولەك لە وانەكەی بۆ رێنمایی و بەها پەروەردەیەكان تەرخان بكات جا قوتابی لە هەر تەمەن و قۆناغێك دا بێ، بە درێژایی ساڵ كۆی ئەم هەموو سێ‌ خولەكە دەبێتە هەوێنێكی باشی پەروەردەیی.
*وەك دامەزراوەیەكی پەروەردەی قوتابخانەكان تا چەند توانیوانە شیرازی خێزان رێكبەخنەوە؟
- بۆ رۆڵەكانی هەر خێزانێك قوتابخانە بووەتە ماڵی دووەم، بێگومان قوتابخانەش سەرەڕای فێربوون كارگەیەكی بەرهەمهێنەری لایەنی كۆمەڵناسی و دەروونزانی بەهێزە، ئەمەش بناغەیەكی پتەوە لە رووی رێكخستنەوەی شیرازەی خێزان، دەتوانم بڵێم قوتابخانەكان ناوەندێكی بەهێزی كۆمەڵگەن لە بە ئاگا بوون و رێكخستنەوەی تاكی خێزان سەرەڕای لایەنی فێرگەیی، هەروەها پردێكی زامنە لە بەستنەوەی شیرازەی تاكی هەر خێزانێك بە دیدو ئایدۆلۆژیای تازەوە، هەمیشە كارگێری قوتابخانە بووەتە چەترێك بۆ رێكخستنەوەو پێگەیاندنی تاكی كۆمەڵگەو خێزان وە برەودان بە شیرازەیەكی بەهێز بۆ كۆمەڵگەیەكی بەهێز.
*بو ئاستی فێربوون و زانستی لەچاو ساڵانی رابردوو كەمترە؟
- لە هەر سێكتەرێك پاداشت و سزا بوونی نەبێت ئاستی پەرەسەندن و پێشكەوتن لاواز دەبێت، ئێستا نمرە بووەتە تاكە پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئاست ئەمەش هەڵەیە، چونكە بە دەست هێنانی نمرەی بەرز لە ئاست فێربوون و زانست نییە هەر وەكو گووتم سیستەمە نەگونجاوەكان وایان كردووە نمرەیەكی بەرز بە زانست و فێربوونێكی كەم بەدەست بێنی وە بە پێچەوانەوەش مەگەر بە دەگمەن نەبێ كە نمرە لە ئاست فێربوون و زانست بێ.
هۆكاركانیش زۆرن، دیارترینیان ئەزموونە وەزاریەكان بە شێوازی هەڵبژاردن بووەتە پێوەرێكی باش لە هەڵبەزین و دابەزینی ئاستی زانستی و فێربوون، ئەم شێوازە هەڵبژاردنە زۆر قسەی لەسەر كراوە نامەوێ زۆر لەسەری بدوێم، لایەنێكی تری ئەم ئاست نزمیە لە نەبوونی پلان و سیستەمێكی تۆكمەو نەبوونی مامۆستای پسپۆڕۆ بە توانایە، با هەموو شتێك نەخەینە ئەستۆی وەزارەتی پەروەردەو قوتابی لە هەندێك روو خۆمان كە مامۆستاین لە ئاست گەورەیی پیشەكەمان كەمتەرخەمین.
*تەكنۆلۆژیا چەند كاریگەری لە ئاستی زانستی قوتابیان كردوە؟
- بێگومان ئێستا تەكنۆلۆژیا دونیای تەنیووە، تەكنۆلۆژیا بە هەموو بوارەكانیەوە لە پێناو بەرژەوەندی و خزمەت گەیاندن بە مرۆڤ خراوەتەكارن من پێم وایە ئەگەر بە رێگەی لایەنە باشەكەیەوە سەیری بكەین و سوودی لێوەرگرین ئەوا نیعمەتە، بەڵام ئەگەر لایەنە خراپەكەمان هەڵبژراد و نەمانتووانی سودی لێوەرگرین ئەوا كێشەیەو كاریگەری خراپی لە ئاست زانست و پێشووە چوونی خۆمان و قوتابییان دروست دەكات، بەكارهێنانی تەكنۆلۆژیاش پێویستی بە هوشیاركردنەوەو راهێنان و خولی تایبەتی هەیە بۆ ئەوەی هەمیشە لەسەر رێگە راستەكە برۆین.
*تاچەند پەروەردە توانیویەتی بە ئەركی خۆی هەڵبستێت؟
- لە هەندێك لایەن بەڵێ و لە هەندێك لایەنیش هێشتا زۆری ماوە پەروەردە بگاتە ئەو ئاستەی رۆڵی خۆی ببینێت، چونكە پەروەردە بەرهەم هێنەری تاكی هەر كۆمەڵگەیەكە، پەروەردە ئەو ناوەندە گرنگەی كۆمەڵگایە هەتا لە هەموو وڵاتێك ئۆباڵی پێشوەچوون و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی بەهێزو رۆشەنبیر و سەردەمیانە لە ئەستۆی ئەو دایە، بۆیە هەر چەندە پەروەردە بەهێز بێت وڵات بەهێزتر دەبێت.

زۆرترین بینراو