محەممەد ساڵح پێندەرۆیی ئەو مامۆستاییەی ژمارەی پەرتووكەكانی زیاترە لەساڵەكانی تەمەنی

محەممەد ساڵح پێندەرۆیی ئەو مامۆستاییەی ژمارەی پەرتووكەكانی زیاترە لەساڵەكانی تەمەنی

زۆرن ئەو مرۆڤانەی لە بوارە جیاوازەكانی ژیان خزمەت دەكەن، بەڵام كەمن ئەوانەی دەیانەوێت لە ژیان بەكارو بەرهەمەكانیان دیاربن، كاری مامۆستایەتی یەكێكە لەكارە گرنگ و پیرۆزەكان لەناو تەواوی گەلانی دونیا مامۆستا پێگەو رێزی تایبەت بەخۆی هەیە، لەبەر ئەوەی مامۆستاو رابەرو رێنیشاندەری ژیانی مرۆڤەكانەو ئەو دێت مرۆڤەكان لە رێگای تاریكی رزگار دەكات.
لەكوردستان مامۆستای نووسەرو وەرگێرمان كەمن ئەگەرچی لەرووی ژمارەوە خاوەنی ژمارەێكی بەرزین لە رێژەی مامۆستاوە، ئەمجارەیان زاری كرمانجی مامۆستایەك بەسەردەكاتەوە جگە لەكاری مامۆستایەتی توانیوویەتی لەرێگەی پێنووسی نووسینەوە خزمەتێكی زیاتر و بەرچاوتر پێشكەش بەكۆمەڵگەی كوردی بكات، ئەو خاوەنی چەندین پەرتووك و وتارە لەبواری خوێندن و نووسین و پەروەردە، ئەو مامۆستاو نووسەرە، محەممەد ساڵح پێندەرۆییە كەنازناوی جگەر سۆزیشی هەڵگرتووە، تا ئێستا (٥٦) كتێبی بەچاپگەیاندووە، لەو ژماریەش (٢٥) كتێب ،كتێبی پەروەردەیین و لە بواری پەروەردە و فێركردندا نووسراون، ئەوتەمەنی ٥٢ ساڵە، بەڵام ٥٦ كتێبی چاپكردووە هەیە ، حاڵی حازر زیاتر لە ١٥ كتێبی چاپنەكراویشی هەیە، كە هێشتا دەرفەت نەبووە بەچاپیان بگەیەنێت
دیمانە: محەممەد مەحموود
*یەكەم رۆژی چوونە قوتابخانەت بیرماوە؟
- ئەوەی راستی بێت یەكەم ڕۆژی چوونە قوتابخانەم لەبیر نەماوە، بەڵام ئەوەی بە بیرمە پاییزی ساڵی 1974 بوو،لە گوندی پێندرۆ سەر بە دەڤەری مزووری باڵا.
*كێ بۆیەكەمجار لەگەڵت هات بۆقوتابخانە؟
- سەرەتا خوشك و براكانم لەگەڵم دەهاتن، دواتر كە لێی ڕاهاتم بە خۆم دەچووم بۆ قوتابخانە
*هەستت بە چیكرد كەبۆیەكەم جار چوویتە قوتابخانە؟
- سەرەتا ترسێكم هەبوو لە مامۆستاكانم، چونكە نەمدەناسین، بەڵام دواتر لام ئاسایی بوو و بەدڵێكی خۆش دەچوومە قوتابخانە.
*یەكەم رۆژی چوونت بۆقوتابخانە رۆژێكی چۆن بوو لەژیانت؟
- بۆ من ڕۆژێكی ئاسایی نەبوو، چونكە هەموو شتێك بەسەبارەت بە منەوە نوێ بوو، مامۆستاكانم، هەندێ لە هاوڕێكانم، باڵەخانەی قوتابخانە و ژینگەی قوتابخانە و هەموو شتێك.
*یەكەم مامۆستاكێ‌ بوو كە هاتە پۆل؟
- ئەوەشم لەبیر نەماوە كامە مامۆستابوو یەكەمجار هاتە پۆل و ناسیم، بەڵام ئەو ساڵەی كە من چوومە قوتابخانە چەند مامۆستایەكمان هەبوو، لەوانە مامۆستا عەدنان كەركووكی و مامۆستا عەلی و مامۆستا خالید و مامۆستا محەمەد چیچۆ.
*كێ‌ بۆیەكەم جار بووە هاوڕێت و ناوی چی بوو؟
- ساڵی یەكەمی تەمەنی خۆم لە گوندی پێندرۆ گوزەراندبوو، بۆیە پێش چوونم بۆ قوتابخانە، ئاشنایەتیم لەگەڵ هەندێ ڕەفیق و هاوڕێ هەبوو، چونكە لە ماڵەكەمانەوە نزیك بوون، لەوانە: ئەحمەد محەمەد و غازی ئیسماعیل و محەمەد جادر و حەسەن شوكری، بۆیە لە قوتابخانەش پێكەوەبووین.
*ئێستا پەیوەندیت لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەت ماوە؟
- بە حوكمی دووركەوتنەوەمان لە یەكتری و جیاوازی كار و پیشە و شوێنی نیشتەجێبوونمان، ئێستا كەمتر یەكتری دەبینین، بەڵام پەیوەندیمان باشە و ماوە.
*قۆناغەكانی خوێندنت چۆن بڕی؟
- تا قۆناغی چوارەمی سەرەتایی لە زێدی خۆمان(پێندرۆ) خوێندوومە، هەرچەند هەژاری و نەداری بوو و ئیمكانیاتیش كەم بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆشترین قۆناغی ژیانم بوو، چونكە دڵی منداڵ وەك ئاو پاكە، وەك بەفر سپییە، سەردەمی منداڵی، سەردەمێكە دوور لە خەم و كەسەر و ڕق و قین!
دوای ڕاگواستمان لە ساڵی 1978،بۆ كۆمەڵگەی زۆرەملێی بەحركە، لە پۆلی پێنجی سەرەتایی دەستم بە خوێندن كردەوە، قۆناغی سێی ناوەندیشم لە بەحركە تەواو كرد.
ساڵی 1983-1984 لە خانەی مامۆستایان لە هەولێر وەرگیرام و تا ساڵی 1987 بەردەوام بووم.
*چ پۆلێكت بەلاوە زۆر ناخۆش بوو؟
- پۆلی نۆی ناوەندی، بەلای منەوە سەخت بوو.
*هۆكاری ناخۆشیەكەی چی بوو؟
- چونكەپۆلی نوی ناوەندی، هەم تاقیكردنەوەی بەكالۆریای هەبوو، هەمیش بەپێی ئەنجامەكانی ئەو تاقیكردنەوەیە، چارەنووست دیاری دەكرا ئاخۆدەتوانی لە كام بوار و بیاڤ بخوێنی!
*لەچ وانەێك زۆر خراپ بووی؟
- لە وانەی ئینگلیزی.
*ئەی لەچ وانەیەك زۆر باشبووی؟
- لە وانەی كوردی و كۆمەڵایەتی.
*لە تاقیكردنەوە دەترسای؟
- زیاتر لە تاقیكردنەوەی ئینگلیزی دەترسام.
*هەمووساڵێك لەخوێندن دەرچووی؟
- ساڵی 1982 تووشی نەخۆشییەكی سەخت بووم، ئەو ساڵە نەمتوانی بچمە قوتابخانە و مامەوە.
*لەقۆناغی سێی ناوەندی دەستت بەچیكرد؟
- دوای پۆلی سێیەمی ناوەندی چوومە خانەی مامۆستایان، ئەو قۆناغە بەلای منەوە زۆر خۆش بوو، چونكە چاومان لەوەبوو خوێندن تەواو بكەین و ببین بە مامۆستا.
*ئەوشوێنەی لێی وەرگیرای بەخواستی خۆت بوو؟
- بەڵێ بە خواستی خۆم خانەی مامۆستایانم هەڵبژارد و ئەوێم پڕ كردەوە، ناوەكەشم لەوێ دەرچوو و بە سەركەوتوویی خوێندنم تەواو كرد.
*نێوەی ساڵ و پشووی هاوینت بەچی بەسەردەبرد؟
- لە10 ساڵی یەكەمی تەمەنم، كە دەبووە پشووی نیوەی ساڵ و كۆتایی ساڵ، لەگەڵ هاوڕێ و هاوپۆلی و هاوتەمەنەكانم لە ناو سروشتی جوان و دڵڕفێنی گوندەكەمان دەگەڕاین و دەسووڕاینەوە و جاربەجاریش هەر بۆ خۆشی لەگەڵ پاڵە و كرێكارەكان دەچووینە سەركار.
دوای ئەوەی كە بۆ بەحركە هاتینە ڕاگواستن،پەیتا پەیتا چووینە قۆناغی هەرزەكاری و نێوجەوانی و گەنجێتی.ئەوەی ڕاستی بێت لەو قۆناغەدا،لە كاتی پشووی نیوەی ساڵ و كۆتایی ساڵ،زیاتر كاتەكەمان بە گەمە و یاری بەسەردەبرد و لەگەڵ هاوڕێكانم خەریكی یاری تۆپی پێ بووین، لەبیرمە تیپێكی تۆپی پێمان هەبوو، بەناوی تیپی نەورۆز، كە خول دەكرایەوە زۆرجار بەشدار دەبووین، جار هەبوو دەمانبردەوە، جاریش هەبوو دەدۆڕاین و لە خولەكە دەچووینە دەرەوە.
*بۆئەو كات رێزگرتنی مامۆستا لە ئێستا زیاتر بوو؟
- پێم وایە هۆكار زۆرن، لەوانە:ئەوكاتە كۆمەڵگە وەك ئێستا پڕ نەبوو لە كەسانی خاوەن بڕوانامەی بێ ئاست و مستەوا، ئاستی زانستی مامۆستای ئەوسا لە ئاستی زانستی مامۆستایەكی ئێستای زانكۆ بەرزتر بوو، هۆكارێكی تر ئەوەبوو مامۆستا ئەو كاتە تاكە سەرچاوەی زانست و مەعریفە بوو،كەچی ئێستا دوای پەیدابوونی تەكنەلۆژیا و كەناڵە فرەجۆرەكان، بە دەیان هۆكاری دیكەی فێربوون و وەرگرتنی زانیاری هەن.مامۆستای جاران لە ڕووی كۆمەڵایەتیشەوە ڕۆڵی لە چارەسەركردنی كێشەكاندا هەبوو،بۆیە خەڵكیش بە چاوێكی گەورە سەیری مامۆستایانی دەكرد.
هەروەها خەڵك بەشێوەیەكی گشتی هەژار و كەمدرامەت بوو، كەچی مووچەی مامۆستا بە بەراورد بە مووچەی خەڵكی دیكە زۆرباش بوو، بەڵام ئێستا كابرا هەیە نەخوێندەوارە، كەچی مووچەی لە زۆرێك لە مامۆستایان زیاترە، بۆیە مامۆستا ئەوڕێز و شكۆی جارانی نەماوە.
*قوتابخانەكەتان لە ناوەندی و ئامادەیی تێكەڵاو بوو یان كوڕو كچ جیاوازبوون؟
-لە گشت قۆناغەكانی خوێندن، كچان و كوڕان بە جیا دەیانخوێندن.
*لەبەشی ناوخۆیی ژیاوی؟
- نەخێر، چونكە ماڵمان لە هەولێرەوە نزیك بوو، بۆیە ڕۆژانە هاتووچۆمان دەكرد.
*ئەو مامۆستایە كێیە كە خۆت بەقەرزداری بزانی لە ژیان؟
- من خۆم بە قەرزداری گشت مامۆستاكانم دەزانم،چونكە منیان فێری زانست و خوێندن و نووسین و پەروەردە كرد.
*ئارەزووی تۆ لە خوێندن چی بوو؟
-لە قوتابخانە كاریگەری مامۆستاكانم لەسەرم هەبوو، بۆیە دوای تەواوكردنی قۆناغی ناوەندی، بڕیارمدا بچمە خانەی مامۆستایان، تاكوو ڕێچكەی مامۆستاكانم بگرم و نەوەی تازە فێری خوێندن و نووسین و پەروەردە و فێركردن بكەم.
*ئەوەی دەتویست بە خوێندن بۆت هاتەدی؟
- زۆر حەزم دەكرد خوێندنی باڵا تەواو بكەم، بەڵام بەهۆی شەڕی نەگریسی(عێڕاق-ئێران)،ئاوارە و مشەختی ئێران بووم و 11ساڵ لە نیشتمان دووركەوتمەوە، كە گەڕامەوەش،دۆخی ئابووریم گونجاو نەبوو تاكوو دەست بە خوێندن بكەمەوە، بۆیە بۆ بژێوی خۆم و خانەوادەكەم ناچار بووم شان بدەمە بەر ئیش و كار.
*چەند ساڵە خوێندنت تەواوكردوە؟
- لە ساڵی 1987 خوێندنم تەواو كرد، واتە 33 ساڵە خوێندنم تەواو كردووە.
* خوێندو قوتابخانە فێری چیان كردی؟
- لە ژیانی خوێندكاریم، زۆر شتی جوان لە مامۆستاكانم فێربووم، فێریان كردم ڕێز لە گەورەكان بگرم و بەزەییم بە بچووكەكاندا بێتەوە، فێریان كردم خاك و نیشتمانی خۆم خۆش بوێت، فێریان كردم لە ژیاندا كۆڵ نەدەم و بێ ئومێد نەبم، فێریان كردم پلان و ئامانجم هەبێت بۆ ژیان، فێریان كردم هەمیشە بەشێك بم لە چارەسەر، بەشێك نەبم لە كێشە، فێریان كردم لە هەنگاونان توندوتۆڵ و گورجوگۆڵبم و لە بڕیاردان چاوەكراوە و وردبم، لە كاركردن چاپوك و بەدەستوبرد بم، لە خوێندنەوەی كەتوار و واقع، دووربین و واقعبین بم، بۆ ئەوەی نەكەومە هەڵە و تەڵەوە و لە ژیاندا سەركەوتوو بم.
* لەپای نووسینەكانت و پەرتووكەكانت چیت بۆماوەتەوە؟
- ئەمە بۆمن زۆر گرنگە رێزو سوپاسی خوێنەران و خەڵك هەروەها رێزو سوپاسی بارەگای بارزانی ، رێزدار نیچیرڤان بارزانی و وەزیرەكانی پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە كابینە جیاوازەكان و چەندین كەس و رێكخراو.
*لەكۆتاییدا چیت ماوە بیڵێت؟
- زۆر سوپاسی زاری كرمانجی دەكەم، بۆ ئەم بەسەركردنەوەیە، هیوادارم بە هەموومان بتوانین نەخشەڕێگایەك دابنێین بۆ تێگەیاندن و پێگەیاندنی نەوەیەكی زانا و دانا و بەتوانا و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو و پێشكەوتوو و سەركەوتوو لە گشت كایەكانی ژیاندا.

 

زۆرترین بینراو