مرۆڤی هەرزان و دەقی گران

 دڵشاد كاوانی

مرۆڤی هەرزان لە نێوان ڕۆمانی زانستی و خەمی مرۆڤبووندا
ڕۆمانی زانستی یەكێكە لە ژانرە نوێ و تازەكانی نێو ئەدەبیاتی ڕۆماننووسی لە جیهاندا، كە خەسڵەت و تایبەتمەندیی خۆی لە شێوە و شیواز و تەكنیك و نووسیندا هەیە. جگە لەوەی كە لە چیرۆك و ڕووداوەكانی نێو ڕۆمانەكاندا بەدەر لە مرۆڤ ئامێر و وزە و تەكنەلۆژیا و یاخود تەن و بارستایی و وزە دەبنە پاڵەوان و كارەكتەرانی نێو ڕۆمانە زانستییەكان.
شاراوە نییە كە ڕۆماننووسین لەنێو فەرهەنگ و ئەدەبیاتی كوردی لە گروگاڵدایە و هێشتاكینێ لە دەستپێكی سەرەتاكانی پڕۆژەی ئەدەبیاتی ڕۆمانداین، هەر بۆیە ڕۆمانی زانستی نەبووەتە ڕێچكە و ڕێبازێكی نووسین لەنێو ڕۆماننووسی كوردیدا. بە ڕوانینی من گۆران سەباح وەك یەكەم ڕۆماننووسی كورد دیاری دەكرێت كە ڕۆمانی زانستی نووسیوە و دەستی داوەتە ئەم شێوازە نووسینە، لێ لە پانێڵی ناساندنی مرۆڤی هەرزاندا لە هەولێر لە لایەن دەزگای نووسیارەوە، وەك چۆن مرۆڤی هەرزان بە زمانی ئەدەبیی ڕوانینی زانستی نووسراوەتەوە، شێرزاد حەسەن لە ڕێگەی گوێزەرەوەی دەنگ و ڕەنگی زانستییەوە (داتاشۆ) لەسەر هێڵ، قسە و باسی لە سەر ڕۆمانەكە كرد و ئاماژی بەوە كرد، كە بەر لە گۆران سەباح هەوڵی تر هەبووە و پێشتر ڕۆمانی زانستی نووسراوەتەوە، لێ بێ ئەوەی زانیاری لەسەر نووسەر و ناوی ڕۆمانە زانستییەكانی پێشووتر ئاشكرا بكات.
گەرەكمە ئەمە بۆ خوێنەرانی ڕۆمانی كوردی ڕوون بكەمەوە، كە نووسینی ڕۆمانێك بۆ هەر نووسەرێك قورسایی و مەشەقەتی بەقەد نووسینی دەیان كتێب و لێكۆڵینەوەی زانستی زێدەترە، چونكە لە نووسین و توێژینەوە زانستییەكاندا نووسەر پشت بە سەرچاوە دەبەستێت و دەستڕۆیی دەكرێت، لێ لە ڕۆماندا تاكە ژێدەر زهنی نووسەر خۆیەتی، چ جای ئەوەی ڕۆمانەكە ڕۆمانێكی زانستی بێت و حساب بۆ هاوكێشە زانستییەكان بكەیت ئەوە ئەركی ڕۆماننووس هێندەی تر بارگرانترە.
بۆیە گۆران سەباح دەستی بۆ ژانرێك بردووە و بە ڕێچكەیەك بە ڕێگە سەختەكانی نووسین هەڵدەزەنێ كە كەوتن و ڕاقەنانی ئازاربەخشترە لێ سەركەوتنی ئاسوودە و بەرزترە، هەرچەندە شیمانە زۆرێك بپرسن ئەرێ بۆچی ڕۆمانی زانستی؟ مەگەر ئەدەبیات و كاری ڕۆح و ئایدیالیستی فەنتازی نییە و زانستیش ماتریاڵ و پێوستیی مرۆیی نییە. بۆچی ئەم دوو شێوە تێكەڵ بە ئەك بكرێن؟ من وەڵامم هەیە. دەمەوێت بەر لەوەی وەڵامەكە دەست بخەین، شتێك لەو بارەیەوە بڵێم كە من خۆم نیو ساڵێك بەر لە مرۆڤی هەرزان، ڕۆمانی ”بەڕێگاوە”م نووسی كە ڕۆمانێكی سادیستیی مازۆخیزمی بوو، كە بە یەكەم ڕۆمانی خوێنی سادیستیی كوردی دەناسرێت، تەنانەت هاوڕێیەكی ڕۆماننووسم هەزمی ئەم جۆرە نووسینەی نەدەكرد و دەیگوت: چۆن دەبێت ڕۆمانێك هەبێت بە ناوی سادیزم، دەشێت كارەكتەرەكانی ناو ڕۆمانەكەت سادیستی بن لێ نابێت ڕۆمانێك بەو ناوە هەبێت. گەلێ جار دكتۆر گۆران سەباح ئەمەی پێ گوتووم كە من بەردەوام بم لەسەر ڕێبازی خوێنی و ئەویش لەسەر ڕێبازی خەیاڵی زانستی بەردەام دەبێت.
لە پانێڵی ناساندنەكەشدا. گۆران سەباح چەند سەرەداوێكی خستە ڕوو كە لە جیهاندا چەندین ڕێباز و جۆری نووسینی ڕۆمان هەن، لێ ئێمەی كورد تەنیا فێری نووسین و یەك جۆر و یەك شێوەی ڕۆماننووسین بووین، پێی ئاشنا نین. بۆیە شكاندی ئەم ڕێچكە و تۆق و بەندە كاری ئێمەی ڕۆماننووسانی گەنجە، گەر لە ئێستاكانێ خوێنەری ڕۆمانی كوردی پێی ئاشنا نین، دڵنیام وەك چۆن شیعری بێوەزن و پەروا و شیعری ئازاد ڕۆژانێك مایەی مشتومڕی سەردەمی خۆی بوو، كەچی نووكە شیعری ئازاد جێگەی كلاسیكی گرتووەتەوە، بە هەمان شێوە ئەم جۆرە ڕۆمانانە ڕۆژانێك دێن دەبنە پێوستیی نووسین.
هەرچەندە ئەرك و بەرپرسیاریەتی مرۆڤی هەرزان بەرامبەر ئەدەب و ڕۆماننووسین سەنگینترە، ئەوەی كە زۆر دڵخۆشی كردم جوانی زمان و گێڕانەوەی ڕووداوەكان و پاراویی زمانی گۆران بوو. كەچی سووڕانەوەی كۆی ڕووداوەكان بە دەوری ڕووداوێكی سەرەكی ئەوەیش كە خەمی مرۆڤبوونە زۆرتر گەشبینی كردم. بۆیە دەشێت بڵێن مرۆڤی هەرزان تەنیا نووسینەوەی ڕووداو و پێشهاتێكی زانستیی ڕووت نییە، بەڵكوو دەرخستەی كۆمەڵێك ڕووداوی گرنگی مرۆیین، كە زۆر لێزانانە لە مرۆڤی هەرزان فەلسەفە و ئایین و سیاسەت و كێشەی كۆمەڵاییەتی و دەروونییەكانی مرۆڤ لە پاڵ گێڕانەوە و باس و خوازە زانستییەكاندا بە تەكنیك و گێڕەوە و بۆ گێڕەوەی گشتی لەسەر زاری كارەكتەرە بێڕۆحەكان و ڕۆحلەبەرەكان خراوەتە ڕوو.
فكر لە مرۆڤی هەرزاندا
من نامەوێت هەمان قسەی شێرزاد حەسەن بكەم و بڵێم یەكەم وشەی دەستپێكی ڕۆمانەكە سەرنجی ڕاكێشام و پێم جوان بوو. وەلێ ”مرۆڤ دەبارێت” كلیلی  گێڕانەوەی هەموو ڕووداوەكانە، گۆران سەباح وەستایانە یاریی بەم وشەیە كردووە لە دوو وشەدا بەیانی كردووە. لە بەشی یەكدا سامیسێل لە لاپەڕە پێنجدا دەنووسێت: هەر بیست خوولەك جارێك مرۆڤێك لە باڵەخانەیەكی هەوربڕ خۆی هەڵدەدات. ئەم خۆكوژییە دەبێتە دەستپێكی گێڕانەوەی ڕووداوێكی گەورە، كە دەبێتە پرسیارێكی گشتگیر لای خوێنەر كە بۆچی مرۆڤ خۆی دەكوژێی؟!
 گۆران سەباح لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا كە لە ناونیشانە سەرنجڕاكێشەكەشیدا هەست بەوە دەكرێت كە پێمان دەڵێت لە پاڵ بوونی هەموو پێویستییە ماددییەكان و گەشەسەندنی زانستی و دەسكەوتە مەزنەكان، لێ هێشتا ئەمە ساڕێژی خەمی مرۆڤی نەكردووە، مرۆڤ بە دوای خۆیدا دەسووڕیت كەچی بەختەوەریی خۆی ون كردووە و نایدۆزێتەوە، بۆیە دەستی داوەتە خۆكووشتن و لەناوبردنی ڕۆح و ئازادبوونی بەسەر زەوییەكی ناچاری، بەڵام لەگەڵ نیشاندانی دیمەنی تراژیدایایی لەناوچوون، ڕۆماننووس تۆوی بێئومێدی ناچێنێت و لە بەشی یەكەمدا بەندەری هەوایی باڵۆن، تۆپێكی ئامێری ڕۆبۆتی، بەسام كە بە مرۆڤ دەڵێت ”ژیانت خۆش بوێت” ئەمەش هەڵگێڕانەوەی سروشتە لە هەستی بێگیانەوە بۆ گیانێكی بێهەست، كە خۆشەویستی دەكاتە پڕەنسیپ و هەوڵی ئۆشۆیانەیە بۆ مانەوە، وەك ئۆشۆ دەڵێت: گەر لێم بپرسن لە نیوان خودا و خۆشەویستی كامیان هەڵدەبژێریت، بێ دوودڵی خۆشەویستی هەڵدەبژێرم، چونكە خۆشەوستی دەمگەیەنێتە خودا، لێ لێكۆڵینەوە لە فەلسەفەی بوونی خودا، نامگەیەنێتە ئەنجام، بەڵكو لە خودا دوورم دەخاتەوە.
لە لاپەڕەی ١٢دا ڕووداوەكانی ڕۆمانەكە لە ڕووداوی زانستییەوە دەگۆڕێت بۆ ڕۆمانێكی تەواو سیاسی، دەنووسێت: ڕاپەڕین دژی تیرۆرستان، پەستانیان خستە سەر حوكومەتانی دنیا واز لە یاریی بێنن و چیتر تیرۆرستان بۆ كاری سیاسیی خۆیان بەكار نەهێنن. خەڵك بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن. یان لە بەشی دووی چارەسەر، لاپەڕە ٢٣ دەست دەكات بە گێڕانەوەی ڕووداوە سیاسییەكان و پێشبینیی ئایندەی سیاسیی وڵاتانی جیهان دەكات، بۆ نموونە دەڵێت: تاكجەمسەری نەما. لە ٢٠٤٦دا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و كۆریای باكوور جەنگان. ئەنجام: كۆریای باكوور نیوەی كۆریای باشووری كووشت. یان ئەمەریكا لە هەموو جیهاندا كشایەوە، ڕووسیا و ئۆكرانیا و جۆرجیا یەكتریان نەهێشت. هەروەها هیندستان و پاكستان یەكدییان بە چەكی ئەتۆمی خەنی كرد. ئەمانە هەموویان ڕوانینێكی ڕووتی سیاسین نەوەك زانستی، لێرەدا نووسەر دەبێت بە  گێڕەرەوەی گشتی و زاڵ دەبێت بەسەر دەقدا، من ئەمە بە باش نازانم چونكە ڕۆماننووس لێرە زۆر بە زەقی دەردەكەوێت لە چەقی بیرۆكەكەیدا و لە بازنەی زانستی دوور دەكەوێتەوە، هەرچەندە نووسەر نائاگایی دەرنەچووە لە دەقی بیرۆكە زانستییەكەی، بەڵكوو ئەم لادانەی بە گرنگ زانیوە كە پەیامێكی تایبەتی دەگەیەنێت، ئەویش مەبەستی نووسەر ئەمەیە كە تا زانست پیش بكەوێت لە پاڵ ژیان و خۆشەویستی و سوودبەخشی زانستدا دەبێتە ئامراز بۆ مەرگ و ڕق و كێنە و وێرانكاری. ئەمە ڕاستییەكی حەتمییە لێ نووسەر بەم جۆرە زهنی خوێنەر لە چەقی مەبەست دوور دەخاتەوە.
  فرەتەوەری ڕۆمانەكە زەبرێكی كووشندەی لە ڕۆمانەكە داوە، لێ وریایی ڕۆماننووس بۆ دەرنەچوون لە بابەت یان لەدەستنەدانی جڵەوی ڕۆمانەكە وای كردووە، كە نووسەر هەرچەند سەرەداو بكاتەوە بەڵام لەدەستان دەرناچێت و لە لێواری مەرگدا خوێنەر دەگەڕێنێتەوە نێو بازنەی مەبەست. لە بەشی دووی چارەسەردا، لاپەڕە ٢٧ی ڕۆمانەكە كە بۆ چارەسەری ئاریشەی خۆكوژیی مرۆڤ پەنا دەبات بۆ ئایین و ئایین و باوەڕ بە تاكە چارەسەر دەزانێت، ئێژێ: چارەسەری ئێمە ئەوەیە: مرۆڤ دەبێت نوێژ بكات و قسە لەگەڵ خاڵقدا بكات. بچۆ پەنایەك و نوێژ بكە. كەمێك لە تەكنەلۆژیا دووركەوە. نوێژ تاكە چارەسەرە. یان لە لاپەڕە ٣٥دا دەڵێت: ئایین مرۆڤی هەرزان بەرهەم ناهێنێت. یاخود لە بەشی سێی بیرۆكەی شووشە لاپەڕە ٤٧ لەم دەقەدا بە تەواوی دەبێتە ڕۆمانێكی عیرفانی، دەنووسێت: ”دەبێت یەكێك بنێرین بۆ جیهانی مردن و بیگەڕێنینەوە” یان لە لاپەڕە ٥١-٥٦ لەسەر زاری شووشە، بیرۆكەی زیندووبوونەوەی مرۆڤ دوای مەرگ لە ڕێگەی كێڵنجەی دواین بڕبڕەی پشتی مرۆڤەوە، كە بە ڕێگەیەكی زاستی دەخرێتە ڕوو، لەم چەند پەرەگرافە پێكدادانێكی توندی فكریی و ئایینی نێوان ئەوانەی كە ئایین ڕەت دەكەنەوە و لەگەڵ باوەڕدارانی نێو ڕۆمانەكە ڕوو دەدات، بۆ نموونە لە لاپەڕە ٥٥ دەنووسێت: باوكم دەیگوت خودا لە كلێنجەوە مرۆڤ زیندوو دەكاتەوە، لەناو گۆڕ هەموو ئێسكێك دەڕزێت، كلێنجە نەبێت. بە هەمان شێوە لە لایەن نەیارانی بیرۆكەی شووشەوە ڕەت دەكرێتەوە. تەنانەت تا ئاستی ڕەتكردنەوەی ئایین خۆیشی. لە لاپەڕە ٥٦دا زانایان دەڵێن: ئایین مردووە، بیرۆكەی ئایین بۆگەنە. یاخود كووشتن و زیندووكردنەوەی ئیمام بۆ چەندین جار. لە لاپەڕە ١٠٥دا بە تەواوەتی بیرۆكەكەی ئایینییە لە چیڕۆكی كووشتنی سەعیدی كوڕی جوبەیر لە لایەن حەجاجی كوڕی یوسف، كە حەجاج لە ڕۆژی دوایی تەنیا لە بری سەعید حەفتا جار دەكوژرێت و زیندوو دەكرێتەوە. لە بەشی ١١ی ڕۆحبەردا بەتەواوەتی بیری ئایینی خۆی بەسەر ڕۆمانەكەدا دەسەپێنێت، كاتێك شووشە دەنێرن بۆ جیهانی دوای مەرگ، لێرەدا نووسەر زۆر ئایینیانە خەیاڵەكانی دەخاتە ڕوو، واتە لەبری خەیاڵی زانستی، دەبێتە فكر و دیدگای ئایینی وەك لە لاپەڕە ١٧٨دا شووشە لە كاتی ڕۆحكێشاندا چاوی بە ”ملك الموت” فریشتەی ڕۆحكێشان ئیزرائیل دەكەوێت. گۆران سەباح بە تەواوی وێنای فریشەكە، بە ناوی ڕۆحبەر وێنا دەكات و دەنووسێت: بوونەوەرێكی هەزار باڵی هەنكی مرۆڤێكی ئاسایی. ڕووی لێڵە، ڕوحەكە خێرا دەجوڵێت دەگاتە قورگ. لەم بەشە پڕۆسەی ڕۆحكێشانی شووشە دەخاتە ڕوو. لە لاپەڕە ١٨٠دا دەچێتە قۆناغی بەرزەخ و حەق و حیساب و وەك لێپرسینەوەی شووشە لەسەر تاوان و گوناح، بۆ نموونە ئێژێ: ٧٠٠ مێروو، ١٥ مارمێلك، ٢٠ قالۆنچە و ٣٨٧٦ مێشوولەت كووشتووە. لە بەشی گەردووندا لاپەڕە ١٨٥ بەدواوە، بە تەواوی ڕێژەی خۆكوژییەكان بە هۆی بینینی سكرینی ژیانی شووشەوە كەم دەكات. بەم جۆرە سێ بەشی كۆتایی ”گەردوونی یەكەم” لێپرسینەوەی ڕۆژی دواییە، ”گەردوونی دووەم” پاكبوونەوەیە، ”گەردوونی سێیەم” چوون بۆ بەهەشتی هەمیشەییە.  
دواتر لە سێی بیرۆكەی شووشەدا، لاپەڕە ٤٣ دەمانخاتە بەردەم گێژاوی فەلسەفە و باسی كۆمەڵێك فەیلەسووفی وەك سوقرات، ئەفلاتوون، ئەرستۆ، كانت، نیچە، فۆكۆ و ماركس و بیرۆكەكانی فرانكلی و فرۆید دەخاتە ڕوو، دەڵێێت: ئەم خۆكوژییە بەری ئەو فەیلەسووفانەیە چەندان سەتەیە مرۆڤ داژۆن، كە لا ٤٣-٤٤ لەسەر زاری شووشەدا بیرۆكە فەلسەفییەكان دەخاتە ڕوو.
پاشان نووسەر هەر خۆیشی زانست وەك پێوستییەكی ژیان و بۆ ئاسوودەیی مرۆڤایەتی ڕەت دەكاتەوە لە بەشی دووی چارەسەردا، لاپەڕە ٢٥ دەڵێت: دەبێ مرۆڤ بگەڕێتەوە بۆ دایكە سروشت. بەمەش ڕۆماننووس لە بەهای زانست وەك بەهای ئەخڵاقی كەم دەكاتەوە.         
بیرۆكەی مرۆڤی هەرزان
بیرۆكەی مرۆڤی هەرزان لە جوغزی خەیاڵی زانستیدا دەسووڕێتەوە، باس لە ئاریشە و گرفتەكانی مرۆڤبوون لە ئاست گەشەسەندنی زانست و تەنكەلۆژیا و داڕمانی ڕۆح و نەستەكانی مرۆڤە لە بەردەم تێربوون و گەیشتن بە باڵابوونی ماتریاڵە بە سەر ئایدایاڵ و دەستەوەستانی سۆبژەیە بە دەست ئۆبژەدا. بە جۆرێك بەها و ئەخلاق كاڵ بووەتەوە و مرۆڤ جگە لە كاڵایەك هیچی تر نییە، هەرزانترین كاڵا لەو ڕۆمانەدا مرۆڤە، هەروەك ڕۆماننووس خۆیشی ناوی ڕۆمانەكەی ناوە ”مرۆڤی هەرزان”
لێ فێكشن و سینەما زۆر بە ڕوونی كاریگەریی دیاریان لەسەر كەڵەكەبوونی بیرۆكەی ڕووداوەكانی ناو ڕۆمانەكەدا هەیە، پێ دەچێت گۆران سەباح زۆرتر خەیاڵە زانستییەكانی خۆی لەسەر فیلمە خەیاڵییە زانستییەكانی ڕۆژئاوایی بونیاد نابێت، تەنانەت هەندێك جار مرۆڤ هەست دەكات ئەم مەشهەد و دیمەنانەی لە یەكێك لە فیلمەكاندا بینیوە. بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٥دا ڕۆشتنی مرۆڤ بە ئاسماندا و بوونی ترافیك و ترام لە ئاسمانی شار و هاتوچۆی زەمینی و ئاسمانی بەیەكەوە، لە هەندێك فیلمی خەیاڵی زانستی و هەندێك جاریش لە فیلمی كارتۆنیشدا دەبینرێن. یان لە بەشی ٢ی چارەسەر و لاپەڕە ٢١ بە پانێڵێك دەست پێ دەكات، تا لە لاپەڕە ٤٧دا ڕۆماننووس كاریگەرییەكانی ناشارێتەوە و ڕاستەوخۆ باسی فیلمی خەیاڵی زانستی دەكات و ئێژێ: تەنیا ئەمە لە فیلمەكاندا ڕوو دەدات، یەكێك گەشت بەناو كاتدا دەكات، یان یەكێك ناسنامەی دەگۆڕێت، پاشان دەگەڕێتەوە و ژیانی خۆش دەوێت، یان وەك فیلمەكانی ئاڤاتار، كە هەر یەك لەو دیمەنانەی باسی دەكات هەریەكەیان مەشهەدی یەكێك لە فیلمەكانی خەیاڵی زانستین، یاخود بوونی مێشوولەیەك دەبێتە هۆی هەراسانكردنی مرۆڤایەتی كە لە لاپەڕە ٣٣دا باسی لێوە كراوە.
زمان لە مرۆڤی هەرزاندا
زمان دەوڵەمندترین بەشی ناو ڕۆمانەكەیە و زمانزانی و شارەزایی دكتۆر گۆران سەباح هەموو گیژاو و بیرە ئاڵۆز و بەشە وشك و سەختەكانی نێو ڕۆمانەكەی ڕازاندووەتەوە، چونكینێ ڕۆماننووس لێزانانە بن زمان و سەر زمانەكانی لە شوێنی خۆیدا بەكار بردووە. سەردەرییەكی بێوێنەی هەیە لەگەڵ زاراوەی سەر دەمان و لە پاڵ ڕێنووس و ڕێزمانییە چاكەكەی زۆرێك لە وشەی شیرینی وەك گەزۆ خزاندووەتە نێو دیواری ڕستەكانی و قەڵای ڕۆمانەكەی پێ هەڵچینیوە، هەروەك لە لاپەڕە ٧دا دەنووسێت: دەبخۆ دەی. لە لاپەڕە ٨دا دەڵێت: پێی لێ نێ. یان لە لاپەڕە ١٦دا لەبری هەردووكیان ”هەرتك” بە شێوەزاری پشدەر بەكار دەهێنێت. چەندین وشە و ئیدیۆمی كوردیی شیرین لەناو ڕۆمانی مرۆڤی هەرزاندا دەبینرێن. لێ لەگەڵ ئەوەشدا خاڵی نییە لە وشەی سواو و ناپێویست بۆ نموونە لە لاپەڕە ٢٦دا دەنووسێت: بە كاردانەوەتڕا دیارە منت پێ گێلە. لێرە بە كاردانەوەتڕا هەڵەیە هەرچەندە ئەمە زاراوەی خۆجێییە وەلێ ڕاستییەكەی ئەوەیە بنووسێت: بە كاردناوەكەت دیارە. یان لە جیاتی ”بە” دەبوایە بنووسێت: لە كاردانەوەتڕا دیارە. ڕۆماننووس بۆ بەشێك لە وشەكان لە بەرامبەر كۆدا ”كان- لی” بەكار بردووە. جا نازانم ئەو ”لی”یەی لە كوێ هێناوە، بۆ نموونە لە لاپەڕە ١٠١دا خراپەكان دەكاتە ”خراپەلی” یان لە لاپەڕە ١٣٦دا هەوەستلی، لە زۆر شوێنی تر وشەكانی وەك، تەرملی، چاوەیلی، گورزلی، سەرۆكلی و… تاد. لە پاڵ ئەوەشدا ڕۆمانەكە پڕە لە وشە و دەستەواژەی بیانی كە ڕەزای ڕۆمانەكەی لەسەر ملان قورس كردوە، هەرچی ئەمه تەنیا گرفتی گۆران سەباح نییە، لێ بە هۆی ئەوەی ڕۆمانەكەی زانستییە زۆرتر لە ڕۆمانی ئاسایی پێویستی بە خواستنی وشە و چەمكی وەرگیراو هەبووە، كە لانی كەم دەبوایە گۆران سەباح لە خەمی زمانی كوردی بوایە و هەندێك لە ئیدیۆمەكانی هاوتای كوردی كردبوایە. هەرچەندە لە كۆتایی ڕۆمانەكەدا بەشێك لە دەستەواژەكانی شیكردووەتەوە، بەڵام تینوویەتی خوێنەری بۆ زانین نەشكاندووە. ئەوەی كە من هەمیشە لێی ڕقئەستوورم، كۆمەڵێك وشەی خزێندراوی عەرەبین بۆ ناو زمانی شیرینی كوردی لای زۆربەی نووسەران ئەمە خۆی دووبارە دەكاتەوە، مرۆڤی هەرزانیش بەدەر نەبووە لەمە، كە دەبوایە گۆران سەباح خەمی زێدەتری لێ بخواردایە، وەك لە لاپەڕە ١٢دا وشەكانی ئاخیر نەفەر، لێزەر، سەقف، زەخت، شۆڕت، تیشێرت، سترێژ. كە لە كوردیدا وشەی زۆر نایابی وەك دواین كەس، تیشك، ساپیتە، فشار، سوخمە و دەرپێ و دەرپێی كورتمان هەیە. یان لە لاپەڕە ١٦دا تەداخول كە زۆر عەرەبییە دەكرا بنووسێت: ئاخنییە، چوونە ناوی، بەكار هێنابوایە. لە لاپەڕە ٦٩دا وشەی زەواجی لە جیاتی هاوسەرگیری بەكار هێناوە، لە لاپەڕە ٧٢دا نامورتاحی لەبری نائاسوودەیی. لە لاپەڕە ٧٨دا لە جیاتی دیقەت دەنووسێت تەركیز. لە لاپەڕە ٩٩دا حەشەڕە و لاپەڕە ١٠٠ عەزابی قەبر، بۆ ئازاری ناو گۆڕ. صالح بۆ پیاوچاك و ئیختیساس، لێزانی پسپۆر، مەساج و ساونا و شێلان گەرماو لە ١٢٨دا.
ژمارە و ئامار لە مرۆڤی هەرزان
ناخۆشترین لایەنی ڕۆمانەكە كە خوێنەر قەڵس دەكات و ئەم هەموو ژمارە و داتا و كۆدە زانستیانەیە كە بە دیدگای من بەشێكی زۆریان زیادن، چونكە ئەمە دەقی ئەدەبییە نەوەك توێژینەوەی زانستی. شیمانە زۆربەی ژمارە و داتاكان ڕاستەقینەش بن، لێ لە چێژ و تامی ڕۆمانەكە دەكوژێت و هەندێك جار خوێنەر دردۆنگ دەكات، وەك ئەوەی بە تەواوی لە بەردەم توێژینەوەیەكی زانستیدا بێت، تا ڕادەیەك داتاكان ئاسان دەبوو، بۆ تێگەیشتن لێی بۆ هەر كۆدێك پەڕاوێزێك هەبوایە، چێتر دەبوو بە نەزانداروی نەدەمایەوە. هەر وەك لە لاپەڕە ٢٢دا هاتووە، ”د.پ.ن” و ”گ.ل.ز” و ”ف.و.ز” و ”د.ك.ز” لە لاپەڕە ١١٥دا ”ج.خ.چ” و لە لاپەڕە ١٤٢دا ئەی ئای. یان لە لاپەڕە ٣٦دا هەندێك ژمارەی لە سەدا هەیە، بۆ نموونە دەنووسێت: ٦٢ ٪ی ئافرەت و ٣٨٪ی پیاو. ٥٧٪ی تەمەنی نێوان ١٨-٢٥. ٢٠٪ی تەمەن ٢٦-٤٥؛ ٢٣٪ی لە سەرووی ٤٥ ساڵی. ئەمانە و چەند داتایەكی تر كە زۆرتر لە ماتماتیك دەچێت نەوەك ڕۆمان. بە هۆی زۆری ژمارەكان لە هەندێك شوێندا نووسەر بە تەڵەوە دەبێت، بۆ نموونە لە ژماری خۆكوژییەكاندا دەكەوێتە هەڵە سەرەتا ژمارەی مردوان لە لاپەڕە ٣٦دا لە ڕێژەی دانیشتوانی ”٨-١٢” ملیۆن چوار ملیۆن دەمرن. لە لاپەڕە ٤٩دا دەڵێت: ئەم بەیانییە سەتان هەزار لە پردی ٨٧٠ مەتر بەرز و ١٤٠٠ پێ- درێژیی ژانگیاجی لە چین خۆیان هەڵدەدەن. ئەمە تەنیا لە یەك ڕۆژدا و لە یەك وڵات. لە كاتێكدا خۆكوژی هەموو ڕۆژ و تەواوی جیهانی گرتووەتەوە، كەچی لە لاپەڕە ١٣٣دا دەنووسێت: تا ئێستا دووسەت هەزار خۆكوژ كەمی كردووە. دیسان لە هەمان بەش و لە لاپەڕە ١٣٧دا ئەم جارە دەڵێت: ڕێژەی خۆكوژان بەرز بووەتەوە بۆ دە ملیۆن لە ڕۆژێكدا. ژمارە و داتاكانی خۆكووشتنەكان بە هیچ جۆرێك تێك ناكەنەوە. جگە لەوەی لە لاپەڕە ١٤٥دا ناوی بوونەوەران بە ژمارەیە، وەك (١٥٥٥ -٩٩٩١- ٤٤٤٤١…تاد) ئەمە ڕۆمانەكەی ناخۆش كردووە.
مرۆڤی هەرزان و چەند سەرنجێك   
  سەرەڕای وردبینی و بە دیقەتی د.گۆران سەباح لە نووسین و بەتایبەتی لە مرۆڤی هەرزاندا ماندبوون و مكوڕی لە جواننووسیدا بە كۆی ڕۆمانەكەوە دیارە، لێ لە هەندێك شوێن نەیتوانیوە ئامانجی خۆی بپێكی و هەندێك هەڵە سیسركەئاسا سركبوون و لەدەستان دەرچوون. لەوانە لە لاپەڕە ٢٥دا دەڵێت: ”واتە ئاڵوودەی تریاك” نەیتوانیوە مرۆڤ لەناو ببات، ئەوەتا مرۆڤ بە دەستی خۆی، خۆی دەفەوتێنێت. لێرە نووسەر بەرپرسیارییەتی ئاڵوودەیی تریاكی لە ئەستۆی خودی مرۆڤ لابردووە و كەچی خۆكووشتن بە دەستی خۆی دەكاتە بەرپرسیاریەتی مرۆڤ خۆی. لەگەڵ ئەوەی ئاڵوودەبوون خۆی مرۆڤ نافەوتێنێت واتە هیچ مرۆڤێك گەر خۆی تریاك نەخوات ئەوە ئاڵوودە نابێت، هەر بۆیە ئاڵوودەبوون هەمان خۆكوژییە كە مرۆڤ لە ناچاریدا هەڵیدەبژێرێت، بۆیە دەبێ مرۆڤ هەر خۆیشی بەرپرسیارییەتی ئاڵوودەبوون هەڵگرێت، نەوەك خودی ماددەكە. یان لە لاپەڕە ٢٦دا هاتووە: دواین توێژینەوە دەڵێت سەتا دەی مرۆڤ سێ ڕۆژ لە هەفتەیەكدا وەرزش دەكەن. تەمەنی سەت و دە ساڵە. لێرەدا ڕوون نییە ئەمە ڕێك توێژینەوەیەكی زانستییە یاخود خەیاڵی زانیستییە، گریمان خەیاڵیش بێت ئەمە ڕستەیەكی ڕێزمانی هەڵەیە، سەتا دەی مرۆڤ سێ ڕۆژ لە هەفتەیەكدا وەرزش دەكەن. تا ئێرە ڕستەكە باسی كۆی مرۆڤە كەچی دواتر كاریگەریی وەرزشەكە بۆ ئەوانەی وەرزش دەكەن دەبێتە تاك كە دەڵێت: تەمەنی سەت و دە ساڵە. دەبوایە بنووسێت: تەمەنیان سەت و دە ساڵە چونكە لە مرۆڤێك زیاترن. لە ڕووی ناوەرۆكیش هەر هەڵەیە، چونكە تەمەنی دیاریكراو پەیوەندی بە وەرزشەوە نییە، ڕێك بە دیاریكراوی بنووسیت، سەت و دە ساڵی. هەر بۆیە دەبوایە وا بنووسرێ: سەتا دەی ئەو مرۆڤانەی سێ ڕۆژ لە هەفتەیەكدا وەرزش دەكەن، تەمەنیان سەت و دە ساڵە. لە بەشی ٥ی دوورییەكی نەپێوراو، لاپەڕە ٧٩دا بە ڕستەیەك لەسەر زمانی دوو بوونەوەر دەنووسێت، دڵنیام جگە لە نووسەر خۆی كەسی تر لێی تێناگات، چونكە نە زمانی زانستییە و نە زمانی كوردی یان هەر زمانێكی تر دەبێژێت: ”با میتاڵ بەشدرا با ئارینا با لاسیت” من نازانم پێویستی ئەم تێكستە چییە لەناو دەقەكەدا، لە لاپەڕە ١٠٣ و ١٣١ و ١٧٩ و ١٩٩دا هەمان ڕستەی هاوشێوە هەیە. هەروەها لە بەشی وردبوونەوە لاپەڕە ٩١دا كاتێك تەرمی میتاڵی كچی سامی هەڵدەگرن، سامی نایەوێت چاوی لێ بكات، بۆیە ڕوو وەردەگێڕێت. بۆ ئەمەش ڕۆماننووس دەنووسێت: بەرگە ناگرێت كچەكەی لە بەرچاویەوە ببەن. لە باتیان، چاوی دەبڕێتە دەرەوە. لێرەش لە باتیان كۆیە و سامی تاكە، بۆیە ئەمەش هەر هەڵەیە دەبێ بنووسرێت: لەباتی، چاوی دەبڕێتە دەرەوە، چونكە ئەم لەباتییە بۆ سامی دەگەڕێتەوە كە تاكە نەوەك بۆ تەرمەكە و ئەوانەی دەیبەن. هەم دیسان لە لاپەڕە ١٧٢دا ڕام دەیەوێت لە لای شووشە دابنیشێت، كەچی شەوشاد دەكات دەنووسێ: ڕام چاوەڕێ دەكات پێی بڵێت بێ دابنیشێ، لەباتیان، شەوشادی لێ دەكات. كەچی شووشە تاكە كەسێكە، نەوەك ژمارەیەك كەس. یان لە لاپەڕە ١٠٤دا سەبارەت بە دایكی سامی دەنووسێت: كووڕ بووەتەوە و لەسەر كورسییە، سامی دایژوا. دایكی وا دەزانێت پیاسەی پێ دەكات. ئەم ڕسەتەیە گشتی ڕابردووی بەردەوامە، دایژوا وشەیەكی ناتەواوە دەبێ بنووسڕێت دایدەژوا، چونكە سامی لێرە بكەری بەردەوامە لە هاژووژتنەكەدا.    
دەرەنجام
ڕاستە ئەم ڕۆمانە بە تەكنیك و شێواز و ناوەڕۆكی خەیاڵی زانستییەوە نووسراوە، لێ بیری ئایینی بە تەواوەتی زاڵە بەسەر ڕۆمانەكەدا و دەتوانین بڵێێن ئایین وەك دوا سەرچاوە و چارەسەر لە ڕۆمانی مرۆڤی هەزراندا لە بەرامبەر بێهیوابوون و بێئومێدبوونی مرۆڤ دیاری كراوە، هەر بۆیە بە باوەڕێكی ئایینی پتەوەوە مرۆڤی هەرزان نووسراوەتەوە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو