مستەفا كازمی ئەگەر ئەو كارە نەكات شكست دەهێنێت

مستەفا كازمی ئەگەر ئەو كارە نەكات شكست دەهێنێت

زاری كرمانجی – بەغدا : ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران دەڵێ :" ئەگەر مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق سوود لە هەڵەكانی كەسانی پێش خۆ وەربگرێت و كار بە دەستوور بكات و كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا بكات سەركەوتوو دەبێت، ئەگەرنا وەكو ئەوانی دیكە شكست دەهێنێت.
ناسر هەركی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی پارتی بۆ ماڵپەڕی زاری كرمانجی گووتی:" ئەگەر تەماشای رابردووی مستەفا كازمی بكەین، ئیمانی بە پێكەوەژیان هەیە، ئیمانی بە دیكتاتۆریەت نییە، كەسێكە هەستی بە ئێش و ئازاری ئەو كەسانە كردووە كە زوڵمیان لێكراوە، هەروەها رەنگە پەند لە رابردوو وەربگرێت، بەتایبەتی ئەو كەسانەی لە پێش ئەو هاتوونەتە سەر كورسی دەسەڵات هەڵەیان چ بووە و بۆ نەیان توانیوە بەردەوامی بە كارەكەی خۆیان بدەن، یەكێك لەو هەڵانە ئەوە بووە كە نەیان توانیوە هەماهەنگیەكی تەواو لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە ئەگەر سوود لەو هەڵانە وەربگیرێت، بێگومان دەتوانێت بەردەوامی بە كاری خۆی بدات، بۆیە رەنگە ئەو گەشبینیە بۆ ئێمە لێرەدا بێت.

"هیوادارین كازمی بتوانێت ئەو بەڵێنانەی كە داوە جێبەجێ بكات"


هەركی، دەشڵێ :"هیوادارین كازمی بتوانێت ئەو بەڵێنانەی كە داوە جێبەجێ بكات، بەڵام بێگومان كۆتایی هێنان بە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رەنگە رێگەیەكی وا خۆش نەبێت و پێویستی بە ماندووبوونێكی زۆر هەبێت، پێویستە ئێمەش وەكو هەرێمی كوردستان هاوكار و پاڵپشتی ئەو بكەین ئێمەش وەكو كورد یەكدەنگ و یەكڕیز بین بۆ ئەوەی بتوانین داواكارییەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین، هەروەها بتوانین پاڵەپەستۆ بخەینە سەر حكوومەت بۆ جێبەجێ كردنی دەستوور وەكو خۆی.

" لە عێراق هیچ كاتێك رێز لە یاسا نەگیراوە و دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە"


ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لەوەشكردەوە:" لە عێراق هیچ كاتێك رێز لە یاسا نەگیراوە و دەستوور وەكو خۆی جێبەجێ نەكراوە، راستە عێراق دەستووری هەیە، بەڵام تا ئێستا عەقلیەتی عێراق نەگەیشتووتە ئەو رادەیە كە ئیمانی بە دیموكراسیەت هەبێت، تا ئێستا دەبینین شۆفینی نەتەوەیی، شۆفینی مەزهەبی لەناو دەسەڵاتی عێراقدا بوونی هەیە، بەڵام ئەو كەسەی بیەوێت بەرژەوەندی عێراقییەكان بپارێزێت، ئەو كەسەی بیەوێت خزمەتی عێراقییەكان بكات پێویستە ئەو بەرگە داكەنێت، چونكە بەشێكی سەرەكی ناسەقامگیری عێراق بۆ چارەسەر نەكردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا دەگەڕێتەوە، ئەگەر كەسێك بەرژەوەندی عێراقییەكانی بوێت، دەبێت ئەو كێشانە چارە بكات، ئەوەش نەك تەنیا لە بەرژەوەندی خەڵكی هەرێمی كوردستاندایە، بەڵكو لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەكاندایە".