ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان پێویستان بە هاوكارییە

ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار ئاوارە و پەنابەر لە كوردستان پێویستان بە هاوكارییە


د.دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم رایگەیاند "بۆ ساڵی ٢٠١٩ نزیكەی 6.7 ملیۆن كەس پێویستیان بە هاوكاری هەیە بەڵام تەنها 1.75 ملیۆن كەس بۆ هاوكاری كردن كراونەتە ئامانج و بۆ ئەم مەبەستەش بڕی 701 ملیۆن دۆلار تەرخان كراوە. ئەوەی شایەنی باسیشە كە لایەنە پەیوەندیدارەكان هەوڵی تەواوی خۆیان دەدەن ئەو 183 پرۆژەیەی لەلایەن پلانی وەڵامدانەوەی مرۆیی ئامادە كراون بگاتە دەست ئەو ملیۆن و ٧٥٠ هەزار كەسەی كە هاوكارییەكانیان پێشكەش دەكرێت. بڕیار وایە هەموو هاوبەشەكان ستراتیجیەت و پلانی خۆیان تا ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ ئامادە بكەن و هاوكارییەكان بگەیەننە ئەو كەسانەی پێویستیان پێیە. پلانەكە زیاتر پاراستن، تەندروستی، پاك و خاوێنی، ئەمنیەتی خۆراك، كەمپەكان و بەڕێوەبردنی كەمپەكان، خوێندن و هاوكاری دارایی كردووەتە ئامانج".
رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم لە درێژەی قسەكانیدا رایگەیاند" زیاتر لە ٤ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار كەس لە ناویاندا ٢ ملیۆن منداڵ گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان، ئەمە لە كاتێكدایە هێشتاش ملیۆنێك و ٧٠٠ هەزار كەس لە ناویاندا ٨٠٠ هەزار منداڵ لە ئاوارەییدا دەژین. هەرچی سەبارەت بە هەرێمی كوردستانیشە ملیۆنێك و ٢٠٠ هەزار كەس لە هەرێمی كوردستان پێویستان بە هاوكارییە. لەو ژمارە خەڵكە ٤٩٠ هەزار لە دهۆك، ٤٨٠ هەزار لە هەولێر و ١٩٠ هەزار لە سلێمانین. ئەو پلانەی بۆ ساڵی ٢٠١٩ دارێژراوە هاوكاری نیو ملیۆن كەس لەخۆدەگرێت لەلایەن ٣٩ هاوبەشەوە و بڕی ١٠٩ ملیۆن دۆلاری ئەمریكی بۆ تەرخانكراوە".
زێباری راشیگەیاند " حكومەتی هەرێم ئەوەی لە توانایدا بووە بۆ هاوكاری كردنی ئاوارە و پەنابەران درێغی نەكردووە بە جۆرێك ئاوارە و پەنابەران هەمان مافی خەڵكی هەرێمیان هەیە لە رووی یاساییەوە زۆرینەی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی كەمپەكان دەژین و تێكەڵ بە خەڵك بوونە بۆ نموونە لە شاری دهۆك ١١٥ یەكەی نیشتەجێبوونی نافەرمی بووەتە پەناگەی زیاتر لە ٢٥ هەزار ئاوارە و پەنابەر بۆ ماوەی زیاتر لە چوار ساڵە و ئەمە بەرزترین رێژەی جێگیر بوونی نافەرمییە بە بەروارد بە پارێزگاكانی دیكەی عێراق. ئەوەی كە زۆرینەی ئاوارە و پەنابەرانەی لە كەمپەكانی كوردستان دەژین ئامادە نین بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئەم قسانەمان پشتڕاست دەكاتەوە".
دیندار زێباری لە درێژەی قسەكانیدا دەڵێت "زیاتر لە سێ بەش لە كۆی ملیۆنێك و 800 هەزار ئاوارە و 250 هەزار پەنابەر لە عێراق بەردەوام داوای پارێزراوبوونی زیاتر دەكەن لە هەرێمی كوردستاندا، چوار ناوچە لە ٢١ شار و شارۆچكە لە هەرێمی كوردستان پێویستی یەكجار زۆیان هەیە بۆ ئەوەی پێداویستی ئاوارە و پەنابەرەكان كە نیوەی ژمارەی خودی خەڵكەكەیە دابین بكەن. ئەمەش لە ١٢ مانگی داهاتوودا فشارێكی زیاتر دەخاتە سەرسەرچاوەكانی هاوكاری كردن ئەمە لە كاتێكدایە بەشێك لە كەمپەكان پێویستە هاوكاری زیاتریان پێشكەش بكرێت. چادری باشیان بۆ دابین بكرێت و پاك و خاوێنی و دابینكردنی پێداویستی تەندروستی بۆیان بەرەوپێشتر ببرێت، هەروەها رەوشی پەروەردە و ژیان بەرەو پێش ببرێت و پێویستە چارەسەری درێژخایەن بۆ ئەم كێشانە لە كەمپەكان بدۆزرێتەوە.
لە كۆتایی لێدوانەكەیدا د.دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێم دەڵێت "لە ماوەی رابردوودا 1،234،891 ئاوارە و 272،900 پەنابەر روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە كە نزیكەی ٧٩%ی ئەم ئاوارە و پەنابەرانە لەناو شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستاندا دەژین و ئەوانی دیكەشیان لە ٣٨ كەمپ دەژین كە لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان بۆیان دروستكراوە و لەلایەن ١٦٠ رێكخراوی ناوخۆیی و لۆكاڵییەوە هاوكاری دەكرێن. شاری هەولێر پشكی بەرچاوی بەركەوتووە لە وەرگرتنی ژمارەیەكی زۆر ئاوارە و پەنابەر، لەم شارەدا 667،529 ئاوارە و 135،764 پەنابەری لەخۆ گرتووە".

 

زۆرترین بینراو