ملیۆن بینەر چاوەڕێی (یەك هەواڵ)ن

ملیۆن بینەر چاوەڕێی (یەك هەواڵ)ن

زاری كرمانجی- كەریم سمكۆ
كاتێك لە سۆشیالمێدیا بڵاوكرایەوە، هەر زوو بە ملیۆن بینەری هەبوو، ئەمە وایكرد بینەران لە هەموو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی یەكهەواڵ بكەن. هەوراز گوڵپی، پێشكەشكاری تۆڕی میدیایی رووداو و بەرنامەی یەكهەواڵ باس لە ژیانی تایبەتی خۆی و پڕۆژەكەی دەكات.
گوڵپی لە یەكهەواڵ غاردەداتە مانشێتی سەرنجڕاكێش "چۆن 10 هەزار مانگا قەتەڕیان لە گەمارۆ رزگار كرد، جیهان لە پیاوێك دەترسێت و ئەویش لە ژنەكەی، ژنێكی ئەمریكی نهێنی نێوجێگەی ترەمپ ئاشكرا دەكات، نامەیەكی قاسم سولەیمانی لە موبایلەكەی مام جەلال، بەهێزترین پیاوی عەرەب و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، سێ زاوا لە نێوان پەیوەندییەكانی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان".
هەوراز دەڵێت: "كۆنسێپتی بەرنامەی یەكهەواڵ، زۆر جیاوازە و تایبەتە بە پۆرتاڵی رووداو، بیرۆكەكە هی (هێمن لهۆنی) بەڕێوبەری پۆرتاڵی رووداوە". زیادی دەكات: "خەڵكێكی زۆر پێشوازی لێكردووە، تا ئێستا لە میدیای كوردیدا بەرنامەی لەو شێوەیە نەبووە خەڵك وا پێشوازی لێبكات. ریكۆردی شكاندووە بەوەی بە ماوەیەكی كەم ملیۆن بینەری هەبووە ".
هەوراز گوڵپی، كە 35 ساڵیەتی، لە هەورامان لەدایكبووە و ئێستا خێزاندارەو باوكی دوو كوڕە، هەرچەندە لە كاری رۆژنامەنووسییەوە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی مژارە عێراقییەكان دەكات، بەڵام وەكخۆی دەڵێت: "حەزم لە وەرزشە و یاری تۆپی پێ و مەلەوانیش دەكەم".
گوڵپی جگە لە زمانی دایك، زمانی عەرەبیش دەزانێت و بەشی عەرەبی كۆلێژی ئەدەبیاتی لە زانكۆی عێراقییە لە بەغدا تەواوكردووە، لە رادیۆ نێوخۆییەكان لە بەغدا و كوردستان دەستی بە كاری راگەیاندن كردووە. سەبارەت بە درێژەی ماوەی یەكهەواڵ، گوڵپی ئاماژە بەوەدەكات: "هەندێك جار زانیارییەكان زۆر سەرنج راكێشن، پێویست دەكات كە خەڵك بیانزانێت، بۆ بینەر گرنگن".
لەبەرنامەی یەكهەواڵی تایبەت بە ژاپۆن، هەوراز گوڵپی بە جلوبەرگی رەسەنی ئەو وڵاتە بەرنامەكە پێشكەش دەكات و جلەكانیش لە (كاتسوومی مۆریاسوو، كونسوڵی گشتی ژاپۆن لە هەرێمی كوردستان) وەردەگرێت، بەڵام جگە لە مۆریاسوو، هیچ كەسی دیكە نازانێ جلەكانی بۆ ببەستێ، بۆیە كاتسوومی فریای دەكەوێ.
لە میدیا جیهانییەكانی وەك سكای نیوز و چەند كەناڵێكی دیكە كورتەی هەواڵەكان لە سۆشیالمیدیا بەم شێوەیە بڵاو دەبێتەوە، جیاوازییان چییە لەگەڵ یەكهەواڵ؟ گوڵپی بەرسڤی هەیە: "ئەوەی كە یەكهەواڵ دەیكات، لە میدیاكانی ناوچەكە نییە، كورتەی هەواڵیش نییە. بەڵكو یەكهەواڵ هەفتانە تەنیا لەسەر بابەتێك ئەو زانیاریانە بڵاو دەكاتەوە كە بۆ بینەری كورد جیاوازن، نەبیستراو نەبینراون، دەبێت بۆ خەڵك تازە و سەرنجڕاكیش بن، رەنگە لە رووی وێنەگرتنەوە هاوشێوەیەی هەبێ، بەڵام لە رووی ناوەڕۆكەوە هاوشێوەی نییە".
زۆرێك لە راگەیاندنكاران لەرێگای راگەیاندنەوە پۆستی حكوومیان وەرگرت و بوونە ئەندام پەرلەمان، كاتێك لە هەورازیشم پرسی بەنیاز نیت لە داهاتوو خۆت بۆ پۆستێك كاندید بكەیت؟ گووتی: "نەخێر، كارەكەی خۆم لە هەموو شتێك خۆشتر دەوێت".

 

زۆرترین بینراو