منداڵەکانتان بەدبەخت مەکەن

محەمەد هەسنانی

لەژیانمدا دەربەدەری، هەژاری، نەهامەتی، لە دەستدانی مەرگی كەس‌و كارانم‌و زۆر رووداوی دڵتەزێنم بینیوە، بەڵام هیچ كامیان بەقەد ئەم دیمەنە جەرگە بڕە نەبوونە، كە لە پڕێكە بەرچاوم كەوت‌و خۆزگەم ئەخواست، لەگەڵ ناڵەو گریانی مناڵەكە گیانم دەربچێت، چونكە بەشێوەیەك ببوە قوربانی خێزانەكەیان‌و جارێك خۆی دەدا بە باوەشی دایكە كەی‌و جارێك خۆی لە ئامێزی باوكە كەی دەگرت.

خوێنەران ئەوەی من بەچاوی خۆم بینی خەون‌و خەیاڵ نەبوو، بەڵكو ڕووداوێكی ڕاستەقینە بوو، كە ئەو تەنها نموونەیەكی بچوكی كۆمەڵگەكەمان بوو، كە چەندەها دیاردەی لەم جۆرە بەرچاو دەكەون‌و لەم نێوانەشدا، تەنها منداڵە بێنازو بەدبەختەكان دەبێت، باجەكەی بدەن‌و بە هەزار دەردەسەری تەمەنی منداڵی بەسەر ببەن، تەنها خوداش دەزانێت ئایا چارەنوسی ئەوان بەرەو كوێیەو چ جۆرە كەسێكیان لێدەردەچێت.

ئەو دیمەنە دڵتەزێنەی كە بەچاوی خۆم بینی، دوای دروستبوونی كێشە لەناو خێزانێك‌و دوای چەندینجار سەردانكردنیان بۆ دادگاو دواخستنی دۆسیەكانییان لەدادگاوە، تەنها لەبەرئەوەی بەڵكو لە بڕیارەكەیان پەشیمانی دەربڕن، كەچی بێهودەبوو دەرئەنجامەكەی لێكجیابوونەوە كەوتبووە نێوانیان، منداڵە نەفامەكەش لەسەر شەقامەكەی بەردەم دادگا، لەگەڵ داپیرەی لە چاوەڕوانی دابوو، ئاخۆ كەی دایك‌و باوكی دێنە دەرەوەو بەیەكەوە دەگەڕێنەوە ماڵەكەیان، كەچی بەدەبەختی منداڵەكە لەو كاتەوە دەستی پێكرد، لەكاتی هاتنە دەروەیان لە دادگا، هەركە دایكەكە چاوی بە منداڵەكەی كەوت، دەستی كرد بە ناڵەو گریان‌و منداڵەكەش خۆی كرد بە باوەشیاو بەبێ‌ ئەوەی لە هیچ تێبگات، لەگەڵ دایكەكەی فرمێسك لەچاوە گەشەكانی دەهاتە خوار، باوكەكەش بە دووری چەند مەتر دەیڕوانیە ئەم كوڕو دایكە‌و سۆزو ناڵەی ئەوان، ئەویشی گریاند، نەك تەنها ئەوان بەڵكو هەركەسێكی خاوەن ویژدان‌و بەزەیی لەم شوێنە بوایەو لە راستی رووداوەكەی تێگەیشتبایە، خۆی پێڕەنەدگیراو لەگەڵ ئەواندا هاوبەشی ناڵەو گریانەكیان دەبوو.

دوای چەند خولەكێك منداڵەكە لە باوەشی دایكەكەیدا لە پڕێكا رایكردوو، ئەمجارەیان خۆی كرد بە باوەشی باوكەكەی، ئەمەش ئەوەندەی تر ناخی هەژاندم، دوای ماوەیەك دایك‌و باوكی كوڕەكە ماڵئاوای‌و خودا حافیزیان لە یەكتری كرد، كەچی هەریكەو دەیویست منداڵەكەی لەگەڵ خۆیدا بەریتەوە، بەڵام هەرچەند هەوڵیاندا، نەیاندەتوانی لەیەكتری دووربكەونەوە، چونكە دیاربوو منداڵەكە هەردوكیانی دەویست‌و ساتێك لەباوەشی ئەو ساتێك لە ئامێزی ئەوەی دیكەبوو، ئامادەنەبوو بەتەنها لەگەڵ یەكێك بڕوات‌و ئەوەی دیكە بەجێبهێڵێت، لە ئەنجامدا بە هەرشێوەیەك بێت رازیانكرد كە لەگەڵ دایكەكەی بڕواتەوە، بە فێڵی ئەوەی گوایە باوكی دواتر دێتەوە ماڵەوەی.

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەكی زۆر بەسەر ئەم رووداوە خەمناكە، تائێستاش بیرو خەیاڵم، لەلای ئەم منداڵە بێنازەو هەست‌و سۆزی دایك‌و باوكیەتی، هەندێ جاریش وابیردەكەمەوەو لەخۆمەوە دەڵێم “ئەگەر دایك‌و باوكی ئەم منداڵ بینازە كەمێك ویژدان‌و هەست‌و سۆزیان لەناخ بوایە، هەرگیز منداڵەكەیان نە دەكردە قوربانی حەزو ئارەزوەكانییان، ئەگەر تەنها یەكێك لەو دایك‌و باوكانە هۆكاری سەرەكی بووبێت، ئایا دەبێت رۆژێك لە رۆژان چۆن وڵامی پەروەردیگار بداتەوەو بە چ شێوەیەك خۆی رزگار دەكات، لەبەر ئەوەی زۆرجار گوێبیستی ئەوەبووینە بەهۆی خیانەتی هاوسەرگیری جیایی كەوتۆتە نێو هاوسەران، یان دەست خستنە ناو خێزانەكانییان لەلایەن كەس‌و كاری یەكێك لەم خێزانانەوە شیرازەی هاوسەرگیریەكە تێكچووەو دەرئەنجامەكەی جیابوونەوە كەوتۆتە نێوانیان‌و زۆربەی جاریش منداڵە بینازەكان باجەكەیان داوە، بەدڵنییاوە ئەم جۆرە كەسانەی كە دەستی خراپكاری دەخەنە ناو خێزانەكانەوە تۆمەتبارو روڕەشن.

ئەمەی سەرەوە تەنها نموونەیەكی بچوك بوو، بەڵكو بە دەیان‌و سەدان رووداوی دیكەی لەو شێوەیە بوونیان هەبووە، بە بڕوای منەوە هۆكاری لێكجیابونەوەكانیش زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئاستی هۆشیاری، لەلایەن هەندێك لەتاكەكانی كۆمەڵگەكەمان، وەك بەزۆر بەشودان یان ژن بەژنە، یان دانی ئافرەت لە پێناو ئاشتەوایی، كە بەداخەوە تائێستا ئەم دیاردانە لە كۆمەڵگەكەماندا بوونی هەیە، كۆتایەكەشی بە خۆكوشتن‌و خۆشوتاندنی ئافرەت دێت، یان لێكجیابوونەوەی لەگەڵ پیاوەكەی، ئەم ئافرەت‌و پیاوەش كە لێك جیادەبنەوە، زۆربەیان هەرزوو ژیانی هاوسەرگیریان پێكدەهێنەوە، لەم ناوەشدا منداڵەكان بینازو بێ‌ سەرپەرشت دەبن، یان دەبێت لەبەر زەبرو زەنگی باوەژندا بچەوسێنەوە، یان لەژێر شەلاقی زڕباوەكەیان، كەوایە بەدەستی خۆتان منداڵەكانتان مەكەنە قوربانی و بەدبەختیان مەكەن.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

بیروڕا

زۆرترین بینراو