مه‌سرور بارزانی به‌ 87 ده‌نگ بۆ سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كرا

مه‌سرور بارزانی به‌ 87 ده‌نگ بۆ سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستنیشان كرا

سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/6/11، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (8)ی ئاسایی خولی به‌هاره‌ له‌ ساڵی یه‌كه‌می خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو.

به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌ستنیشانكردنی سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنی هه‌رێمی كوردستان، به‌پێی بڕگه‌ (3) له‌ ماده‌ی (56)ی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ژماره‌ (1)ی ساڵی 1992ی هه‌مواركراو.

دوای خوێندنه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ و كۆنووسی دانیشتنی پێشوو و ناوی ئه‌ندامانی ئاماده‌نه‌بوو و مۆڵه‌تپێدراو له‌لایه‌ن منی نبی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، داوای له‌ لیستی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كاندیدیان بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه‌ روو.

دواتر له‌لایه‌ن ئومێد عه‌بدولڕه‌حمان حه‌سه‌ن خۆشناو، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، مه‌سرور مه‌سعود مسته‌فا بارزانی وه‌ك كاندیدی لیستی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراو له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌و له‌كۆی 97 ئه‌ندامی ئاماده‌بوو به‌ 87 ده‌نگ بۆ پۆستی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ناوزه‌دكرا.

به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ مه‌سرور مه‌سعود مسته‌فا بارزانی كرد به‌بۆنه‌ی ناوزه‌دكردنی بۆ ئه‌و پۆسته‌ و رایگه‌یاند: "هه‌ر ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌و بڕیاره‌ ئاراسته‌ی جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات بۆئه‌وه‌ی به‌زووترین كات له‌لایه‌ن جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ به‌ڕێزیان راسپێردرێت بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردنی گه‌لی كوردستان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانییه‌وه‌". به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

زۆرترین بینراو