موئەیەد تەیب : نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت رۆڵێكی گەورە بگێڕێت لە چارە كردنی كێشەكانی عێراق

موئەیەد تەیب : نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت رۆڵێكی گەورە بگێڕێت لە چارە كردنی كێشەكانی عێراق

ڕائیب شێروانی – دهۆك: موئەیەد تەیب، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لە دیمانەیەكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دیاركرد:" حكوومەتی عێراق نەیتوانیوە ئەمن و ئەمان و پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ خەڵكی خۆی دابین بكات، گەندەڵییەكی زۆر گەورە لە عێراق هەیە، ئەوە دەستوور نییە كێشەی بۆ عێراقییەكان دروست كردووە، كێشەی عێراقییەكان بە هەمواركردنەوەی دەستوور چارە نابێت، لەو رۆژەی رژێمی بەعس رووخاوە، هەرێمی كوردستان هاوكار بووە حكوومەتێك لە بەغدا دروست بێت ئەو حكوومەتە، حكوومەتی خەڵك بێت و بەڕاستی خزمەتی خەڵك بكات".
دەشڵێ:" نێچیرڤان بارزانی دەتوانێت رۆڵێكی گەورە بگێڕێت لە چارە كردنی كێشەكانی عێراق، چونكە چارەكردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەكاندایە، هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەن، لایەنی بەغدا هۆكار بووە، هەرێمی كوردستان پاڵپشتێكی گەورە بووە كە عێراق دووبارە لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێتەوە".
موئەیەد تەیب، رایگەیاند:" ئەو دۆخەی ئێستا لە عێراق هاتووەتە ئاراوە و ئەو خۆپیشاندانانەی دەكرێن، بەرهەمی گەندەڵی و ناعەدالەتیی 15 ساڵی رابردووە، نەك هی حكوومەتی ئێستا، ئەگەر تەماشاش بكەین حكوومەت لە ماوەی رابردوو هیچ خزمەتگوزارییەكی پێشكەش بە خەڵك نەكردووە، نەیتوانیوە ئەمن و ئەمان بۆ خەڵك دابین بكات، نەیتوانیوە خزمەتگوزاری پێشكەش بكات، گەندەڵییەكی زۆر گەورە لە عێراق كراوە، ئەو توێژە سیاسییەی دەسەڵاتی لە دەستدایە، كار بۆ بێ دەنگ كردنی خەڵك دەكات، خەڵك مافی خۆیەتی خۆپیشاندان بكات و داوای مافی خۆی بكات، بەڵام لەناو ئەو خەڵكەی ڕژاوەنەتە سەر شەقامەكان هێزێك و سەركردایەتییەك نییە، هەر لەبەر ئەوە زۆر بیروباوەڕی جیاواز و زۆر داواكارییان هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە داوای رووخانی حكوومەت و هەمواركردنەوەی دەستوور دەكەن، ئەوە دەستوور نییە كێشەی بۆ عێراقییەكان دروست كردووە، كێشەی عێراق بە هەمواركردنەوەی دەستوور چارە نابێت، دەتوانین بڵێن لە عێراق نەك حكوومەتێكی خراپ هەیە، بەڵكو هەر حكوومەت نییە، بۆیە خەڵك مافی خۆیانە ناڕەزایی دەرببڕن و داوای مافی خۆیان بكەن، بەڵام ئەوانەی كە خۆپیشاندان دەكەن دەبێت بزانن كێشەی سەرەكی ئەوان لە كوێ یە و بۆچی ئەوان گەیشتوونەتە ئەو رۆژە، لێ نەگەڕێن دەستی هەندێك لایەنی سیاسی بێتە ناو خۆپیشاندەران و بۆ مەرامی خۆیان بەكار بهێنن.
ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی پارتی لە بەغدا ئاشكراشی كرد:"كاتێك من ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران بووم، عێراقییەكان دەیانگوت ئەگەری سەرەكی هەژاری و نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری ئەوەیە كە پارەی ئێمە هەموو بۆ كوردستان دەچێت، كە 17% بوو بە قسەی ئەوان، ئەگەرنا ئەو كاتیش 17% بۆ كوردستان رەوانە نەدەكرا، پاش ئەوە بودجەی كوردستان بڕی هیچ گۆڕانكاریەك لە ژیانی خەڵك دروست نەبوو، عێراق خراپتر بوو، كەواتە كێشەی عێراق ئەوە نیە كە پارەی نیە، ئەو وڵاتە پێ ئاوەدان بكەنەوە، بەڵكو كێشە ئەوەیە كە ئەو پارە تەرخان ناكرێت بۆ پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، بۆیە دەبێت خەڵك ئەوە بزانێت، خۆپیشاندەران حكوومەتێكیان دەوێت وەكو هەموو حكوومەتەكانی جیهان پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئەمن و ئەمان بۆ ئەوان دابین بكات.
موئەیەد تەیب، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەختی لەوەش كردەوە:" لەو رۆژەی رژێمی بەعس رووخاوە، هەرێمی كوردستان هاوكار بووە بۆ بەغدا، لەسەرەتای پرۆسەی سیاسی بەغدا زۆر كێشەی هەبوو، سەركردەكانی كورد پاش چوونیان بۆ بەغدا ئەو كێشانەیان چارە كرد، هەبوونی كورد لە پرۆسەی سیاسی لە 2003ـەوە تا ئێستا هیچ كێشەیەكی بۆ عێراقییەكان دروست نەكردووە، بەڵكو بە پێچەوانەوە كورد هاوكار بووە كە حكوومەتێك لە بەغدا دروست بێت ئەو حكوومەتە، حكوومەتی خەڵك بێت و بەڕاستی خزمەتی خەڵك بكات.
پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد:" لە 2003 ناكۆكی نێوان شیعە و سوننە زۆر بوون، هەر ئەو كات ئەگەر سەرۆك بارزانی و مام جەلال نەبووانە كە هەموو كات ئەو بوون كە دەچوونە نێوان شیعە و سوننە پێكەوە دادەنیشتن و كێشەكانیان چارە دەكرد، هەر لە كاتی رووخانی رژێمی بەعس، هەر كاتێك عێراق كەوتبێتە بارودۆخێكی خراپ، هەرێمی كوردستان پالپشتێكی گەورە بووە كە عێراق دووبارە لەسەر پێیەكانی خۆی بوەستێتەوە، نێچیرڤان بارزانی لەسەر رێگای سەرۆك بارزانی بەردەوامە، كە ئەو وڵاتە هەڵنەوەشێتەوە، ئێمە عێراقێكمان دەوێت مافەكانی ئێمە بدرێن، دەستوور جێبەجێ بكرێت، دان بە مافەكانی كورد بنرێت، نێچیرڤان بارزانی وەكو دیبلۆماتكارێكی زۆر شارەزا هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكان رێزێكی تایبەتیان بۆ هەیە، دەتوانێت رۆڵێكی گەورە بگێڕێت لە چارە كردنی كێشەكان عێراق بە شێوەیەكی گشتی و كێشەكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی.
موئەیەد تەیب، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق زیاتر گوتی:" چارەكردنی كێشەكانی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەكاندایە، لە بەرژەوەندی ئاشتی دایە، حكوومەتی عێراق زۆر كێشەی هەیە، هەرێمی كوردستان هەموو كاتێك رایگەیاندووە كە ئێمە شتێكمان ناوێت لە دەرەوەی دەستوور، تەنیا دەمانەوێت دەستوور جێبەجێ بكرێت، جێبەجێ كردنی دەستوور ئەركی حكوومەتی عێراقە، هەموو ئەو كێشانەی كە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق هەن، لایەنی بەغدا هۆكار بووە، هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك كێشە نەبووە، بەڵكو بەردەوام هانی بەغدای داوە بۆ چارەكردنی كێشەكانی نێوانیان".

زۆرترین بینراو