موقتەدا سەدر قومار بە خەڵكی عێراق دەكات

موقتەدا سەدر قومار بە خەڵكی عێراق دەكات

زاری كرمانجی- سۆران: د.كرمانج عوسمان، پسپۆڕ و شارەزای یاسای نێودەوڵەتی، 12 ساڵ كاریكردووە لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان لە بواری یاسای نێودەوڵەتی و مافی مرۆڤ. ئێستا راویژكاری دەستەی مافی مرۆڤە و توێژەر و لێكۆڵەرە لە ئەكادیمای نۆرمبێرگ بۆ یاسای تاوانكاری نێودەوڵەتی لە ئەڵمانیا و راوێژكاری خۆبەخشی رێكخراوی مافەكانی مرۆڤە لە فرانكفۆرت، ناوبراو لە دیمانەیەكی تایبەتی زاری كرمانجیدا تیشك دەخاتە سەر گۆڕانكارییە سیاسییەكانی عێراق و هەڵوێستی كورد لەناو گۆڕانكاری و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەدا و دەڵێت: "لەدوای دروستكردنی گەورەترین باڵەخانە بۆ كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر، ئەمریكا لە پاڵ پاراستنی خۆی پارێزگاری لە هەرێمی كوردستانیش دەكات و دەبێت سیاسەتی هەرێمی كوردستانیش عاقڵمەندانە بێت".
سەبارەت بە هەڕەشەكانی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی سزای ئابووری بەسەر عێراقیشدا، كرمانج عوسمان ئاماژە بە كاریگەری نەرێنی دەكات بۆ سەر هەرێمی كوردستان.
گفتوگۆی/ كەریم سمكۆ
*ئێستا تۆپی عێراق لە گۆڕەپانی شیعەكاندایە، بەڵام زیاتر لە 600 كەس بەهۆی گرژی و ئاڵۆزیەكانەوە كوژراون و رۆژ بە رۆژیش دۆخی عێراق خوێناویتر دەبێ، هەر لە هەفتەی رابردوو لە نەجەف توندوتیژی لەناو خۆپێشاندەران هاتەئارا و كۆمەڵێك خۆپیشاندەر كوژران، ئایا ئاییندەی عێراق لەم بارودۆخەدا بەچی دەگات؟
-ئایندەی عێراق روون و دیار نییە، عێراق لە ساڵی 2003 وە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت لە قۆناغی ئینتیقالی و راگوزەر دایە، بۆیە تەنانەت دوای دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیرانی ئیستاش هەر لە قۆناغی ئینتیقالی دەمێنێتەوە و شیعەش لەبەرئەوەی فەلسەفەی مەزڵومیەتیان هەیە بۆیە بە ئاسانی دەستبەرداری دەسەڵات نابن، چونكە هەست دەكەن زوڵمیان لێ دەكرێت ئەگەر دەسەڵاتیان لێ وەربگرنەوە، تەنانەت بە روحی تۆڵەسەندنەوە زوڵم لە كورد و سوننە دەكەن، لەبەرئەوەی زوڵمیان لێ كراوە و تووشی ئەو عوقدە دەروونیە سیاسییە هاتوون.
*ئەو ئاڵۆزییەی لە عێراق دەگوزەرێ، ئایا خۆپێشاندەران بەدیلێكی دیكەیان پێیە كە داوای گۆرینی كۆی سیستمی سیاسی ئەو وڵاتە دەكەن؟ واتا شیعە دەتوانێ عێراق بگەیەنێتە كەناری ئارامی؟
-لایەنی شیعە ناتوانن عێراق ئارام بكەنەوە، چونكە جیاوازیەكی زۆر هەیە لە نێوان شیعەی عێراق و شیعەی ئێران، بە گشتی شیعەی ئێران عاقڵتر و بیرمەندترن لە شیعەی عێراق، چونكە شیعەی عێراق لەسەر كاردانەوە كار دەكەن، بۆ مەسەلەی ئەلتەرناتیڤیش بەڕاشكاوی دەڵێم هیچ بەدیلێك نییە بۆ حكومەتی عێراق، چونكە خۆپێشاندەران هەندێك داواكاریان واقیعیە و هەندێكیشیان ناواقیعین.
*بەرپرسانی شیعەی عێراق، لەناویاندا موقتەدا سەدر، سەرۆكی كوتلەی سائیرون لە پەرلەمانی عێراق خۆی بە داردەستی جوڵانی شەقامی عێراق دەزانێ، لە ماوەكانی رابردووش رایگەیاند، كە ئاسمانی عێراق دەبێت بەرووی فرۆكەكانی ئەمریكا دابخرێت، ئەی بۆچی ناتوانێ هەمان ئەو قسەیەش بۆ هێرشە مووشەكییەكەی ئێران بكات؟
-موقتەدا سەدر هەوڵ دەدات سوود لە هەموو لایەنەكان وەربگرێت، لە لایەك خۆی لە دەسەڵاتە و بەشێكە لە گەندەڵیەكان وە لەلایەكی دیكە خۆی لەگەڵ خۆپێشاندەران هەژمار دەكات، لەلایەك باس لە سەروەری عێراق دەكات و لەلایەكی دیكەیش بەشێكە لە ئەجێندای ئێران لە عێراق، بۆیە روون و ئاشكرایە كە موقتەدا سەدر قومار بە خەڵكی عێراق دەكات.
*واتا هەیمەنەی ئێرانە ئێستا عێراق بەڕێوە دەبات؟ ئەمە چ مەترسییەكی بۆ زیاتر قوڵبوونەوەی ململانێكان و خراپی ژیانی خەڵكی هەیە؟
- ئێران ئامادەیە خەڵكی عێراق بە هەموو پێكهاتەكانەوە بكاتە قوربانی سیاسەتەكانی خۆی، بۆ ئێران گرنگە شەڕ لە عێراق رووبدات نەوەك لەسەر خاكی ئێران، چونكە شەڕ لە كوێ بێت لەوێ ماڵوێرانی و قوربەسەریە، بۆ نموونە: شەڕ لە نێوان سعودیە و ئێران هەیە، بەڵام یەمەن وێران بووە، شەڕ لە نێوان ئەمریكا و ئێران هەیە، بەڵام سوریا وێران بووە.
*پەرلەمانی عێراق بڕیاریدا كە هێزە بیانییەكان (كە مەبەستیان هێزەكانی ئەمریكایە) لە عێراق وەدەر بنێت، عێراق دوای هێزەكانی ئەمریكا سەقامگیری بەخۆیەوە دەبینێت یان بە پێچەوانەوە؟
- نە هێزەكانی ئەمریكا و نە هێزەكانی ئێران عێراق بەجێ ناهێڵن، نە عێراق سەد لە سەد سەقامگیر دەبێت نە عێراق سەد لە سەد وێران دەبێت، تا بەرژەوەندی نەوت و غاز هەبێت عێراق بەو شێوەیەی ئێستا دەمێنێتەوە.
* ماوە ماوە كونسوڵخانەی ئەمریكا لەناو پایتەختی عێراق مووشەكباران دەكرێت و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت: "دۆخی ئێستای عێراق بەهۆی میلیشیاكانی سەر بە ئێران ئاڵۆزە"، داواش لە حكوومەتی عێراق دەكات باڵیۆزخانە و بەرژەوەندییەكانی بپارێزێت. ئایا لەرووی نێودەوڵەتییەوە عێراق بەرپرسیار نابێت لە پاراستنی نوێنەری وڵاتان لە خاكەكەیدا؟
- لە یاسا و عورفی نێودەوڵەتیدا عێراق بەرپرسە لە پاراستنی كونسوڵخانە و باڵوێزخانە بیانییەكان، هەر كاتێك ئەوە نەكات ئەوا ئەو وڵاتانە یان عێراق بەجێ دەهێڵن یان بۆیان هەیە هێز بەكاربهێنن بۆ پاراستنی خۆیان لەسەر بنەمای بەرگری لەخۆكردن.
*ئەگەر بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق جێبەجێكرا، بەپێی یاسا بەركارەكان، هەموو هێزە بیانییەكان بە هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە كە دەبێت خاكی عێراق چۆڵ بكەن؟
- لە رووی یاسایەوە بەڵێ، چونكە عێراق بە كوردستانەوە یەك دەوڵەتە، بەڵام بە دیفاكتۆ نەخێر، چونكە لەسەر ئەرزی واقع عێراق یەك سیادەی نیە و كوردستان وەك دەوڵەت وایە لەناو دەوڵەت.
*لەبەرانبەر بڕیارەكەی عێراق سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا هەڕەشەی سزا بەسەر عیراق دەكات، ئەمە چ كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت؟
- كاریگەری خراپی دەبێت، چونكە لە كۆتایی دا سزایە و سزاش ئاكامی سلبی لێدەكەوێتەوە، بۆ نموونە: لەوانەیە پارە و نەختی دیناری عێراقی دابڕوخێت و ئەوەش كاریگەری لەسەر كوردستان دەبێت، چونكە دیناری عێراقی لە كوردستانیش هەمان دراوی فەرمییە، یان كاریگەری دەبێت لەسەر بانكی ناوەندی عێراق، چونكە كوردستان بانكی ناوەندی مەركەزی نییە، وە بەهەمان شێوە كاریگەری نەرێنی لە زۆر بواری دیكەشدا دەبێت.
*دوای رووداوەكانی ئەم دووایەی نێوان ئەمریكا و ئێران، بەشێكی زۆری دیپلۆماتكارە ئەمریكی و ئەوروپیەكانی دڵنیا كردەوە كە تاكە شوێنی سەقامگیر بۆ ئەمریكییەكان لە عێراقدا هەرێمی كوردستانە. ئایا پێگەی دیپلۆماسی و سیاسیی هەرێمی كوردستان دوای ئەوە پێشكەوتنی بەخۆوە بینیوە؟
- بەڵێ بێگومان، چونكە ئاشكرایە كوردستان لە رووی ئاساییشەوە سەقامگیرە، لە هەمان كاتیشدا ژمارەیەكی زۆری كۆمپانیای ئاساییشی كەرتی تایبەت لە كوردستان كار دەكەن و دیبلۆماسیەتی كوردستان لە دۆخێكی باش دایە، ئەمە دەرخەری ئەوەیە هێزەكانی بیانی بەتایبەتی وڵاتانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر پشت بە ئارامی و ئاساییشی هەرێمی كوردستان ببەستن.
*ئاییندەی هەرێمی كوردستان دوای دروستكردنی گەورەترین كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر و زیادكردنی بنكەكانی ئەمریكا لە دوو بنكە بۆ پێنج بنكە لە داهاتوو، چ گۆڕانكارییەك دروست دەكات؟ ئایا بە سوودی هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە یان نا، چونكە زۆرێك لە پسپۆڕان دەڵێن ئەمریكا روو لە هەر وڵاتێك و ناوچەیەك بكات، شەڕ لەگەڵ خۆی دێنێت؟
- لە هەردوو لا دایە، دەكرێت باش بێت و دەكرێت خراپیش بێت، بە شێوەیەكی گشتی باشە، چونكە ئەمریكا لە پاڵ پاراستنی خۆی ئەوا پارێزگاری لە هەرێمی كوردستانیش دەكات و دەبێت سیاسەتی هەرێمی كوردستانیش عاقڵمەندانە بێت وەك ئێستا كە بەشێك بێت لە چارەسەر نەك لە شەڕ و سیاسەتی بێلایەن پەیڕەو بكات.
*تا چەند یەكگرتوویی نێوماڵی كورد لەم رووداوانەی كە لە ناوچەكە دەگوزەرێن گرنگە و پێویستە هەرێمی كوردستان چی بكات؟
- هەمیشە یەكگرتوویی گرنگە، ئەگەر كورد یەكگرتوو و یەكدەنگ بێت ئەوا یاریزانی سەرەكییە، ئەگەر پەرتەوازەش بێت ئەوا تەنها وەك هاندەر تەماشاكەر دەبێت لە یارییەكەدا.

 

زۆرترین بینراو