موقدەم زانیار رەسوڵ: لەسەر ئاستی  عێراق ناسنامەو ڕەگەزنامە كاریان پێ‌ ناكرێت

موقدەم زانیار رەسوڵ: لەسەر ئاستی عێراق ناسنامەو ڕەگەزنامە كاریان پێ‌ ناكرێت

زاری كرمانجی- رواندز: فەرمانگەی كارتی نیشتمانی رۆژی 20-2-2019 لە قەزای رواندز كراوەتەوە و تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار كەس لەو فەرمانگەیە بوونەتە خاوەن كارتی نیشتمانی.
موقدەم زانیار رەسوڵ حەمەدەمین سەرۆكی فەرمانگەی كارتی نیشتمانی، لەمبارەوە بە زاری كرمانجی گووت " بڕیارێك لەسەر ئاستی حكومەتی فیدڕاڵی عێراق هەیە، كە پێویستە ناسنامەو ڕەگەزنامە لە داهاتوو كاری پێ‌ نەكرێت و كارتی نیشتمانی دەبێتە جێگرەوەی ئەو بەڵگە نامانە، بۆیە پێویستە هەموو هاووڵاتییەك ببێتە خاوەنی كارتی نیشتمانی".
لە بارەی چۆنییەتی ئەنجامدانی مامەڵەی كارتی نیشتمانی، موقەدەم زانیار روونكردەنەوەیدا و گووتی "پڕۆسەی مامەڵەی كارتی نیشتمانی بریتییە لە پڕكردنەوەی فۆرمێك، لەنزیك فەرمانگەكان یا هاووڵاتی دەتوانێ‌ لەماڵەوە لە ڕێگای ئەنتەر نێتەوە فۆڕمە پڕ بكاتەوە، پێویستە كەسەكە ناسنامەی باری شارستانی و ڕەگەزنامەی عێراقی و كارتی زانیاری پێ بێت و سەردانی فەرمانگەكەمان بكات، بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆسەی وەرگرتنی پەنجەمۆر، دواتر لەماوەی 15 تا 20 رۆژ هاووڵاتی دەتوانێ‌ سەردانمان بكات بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكەی، كاتی وەرگرتنەوەی كارتەكەش ئێواران دەبێت لەكاتژمێر دوو تا شەش".
گووتیشی " بۆ هەر رۆژێك مامەڵەی 60 تا 70 كەس لە فەرمانگەكەمان بەرێ دەكرێن و كاری پێویستیان بۆ دەكرێت".
بەهۆی زۆری ژمارەی هاووڵاتییان و درووست بوونی قەرلەباڵغییەكی زۆر لە فەرمانگە، سەرۆكی فەرمانگەكە گووتی" پڕۆسەكە بەشێوەیەكی یەكسان بۆ هاووڵاتییەك ئەنجامدەدرێت، نۆرە بۆ هەموو ئەوانە دادەندرێت كە دەیانەوێت ببنە خاوەن كارتی نیشتمانی، خشتەیەكی دیاریكراومان داناوە رۆژانە ئەو خشتەیە پڕ دەكرێتەوە، نۆرەی كەسەكەی تێدا دیاری دەكرێت، واتا ئەو كەسانەی سەردانمان دەكەن رۆژێكیان بۆ دیاری دەكرێت، بەڵام بۆ هەندێك كەس كە حاڵەتی زۆر پێویستی دێتە پێش چارەسەرمان داناوە دوای ئەوەی بە بەڵگەی فەرمی دەسەڵمێنێ‌ كە زۆر پێویستە كارتی نیشتمانی هەبێت، فەرمانگەكەمان هاوكاری دەكات و لەماوەیەكی زووتر كارەكانی رایی دەكەین".
هەندێك لە هاووڵاتییان تێبینی ئەوەیان كردووە كە كارەكاینان سیستی پێوەدیارە و لەسەر خۆنە، موقەدەم زانیار لەمبارەوە گووتی" پڕۆسەی كارتی نیشتمانی سیستەمەو لەلایەن بەغداوە رێكخراوە، ئێمە بەهۆی ئەو ستافەو ئامێرانەی لەبەر دەستمانە دەتوانین رۆژانە 60 تا 70 مامەڵە بەڕێ بكەین، واتە پڕۆسەكە خاو نییە سیستمەكە بەمجۆرەیە. لەبەر ئەوەی خەڵكێكی زۆر داوای دەكات، بۆیە نۆرە گرتن رۆیشتووە بۆمانگی 4ی ساڵی 2020 یش، بەڵام ئەمە هیچ گرفتێك درووست ناكات، چونكە هاووڵاتییان خاوەن ناسنامەو ڕەگەزنامەن دەتوانن هەموو جۆرە مامەڵەیەكی پێ‌ ئەنجام بدەن، تا دەبنە خاوەنی كارتی نیشتمانی".
سەرۆكی فەرمانگەی كارتی نیشتمانی نەیشاردەوە كە " بەو پێیەی لە مێژ نییە ئەم فەرمانگەیە كراوەتەوە كارمەندمان كەمە، داواشمانكردووە كارمەندی زیاترمان بۆ بنێرن و چاوەڕێی وەڵامین، هەر كاتێكیش كارمەندی زیاترمان بۆ دابین بكەن كارەكان خێراتر دەبن".
گووتیشی " بەر لە دامەزراندنی فەرمانگەی رواندز، لەسۆران ئەم فەرمانگەیە هەبوو، كارمەندانی ئێمە بۆ ماوەی نزیكەی مانگێك لە سۆران ڕاهێنانیان پێكرا ئەوكات لێرە دەستبەكار بوون" .
هاووڵاتییان سكاڵای ئەوەیان هەیە كە ئەوانەی فۆڕمەكان پڕدەكەنەوە هەڵەیان زۆرە و كاری هاووڵاتییان دوادەكەوێت و پێویستە كەسی شارەزا فۆڕمەكان پڕبكاتەوە، موقەدەم زانیار لەمبارەوە گووتی" ئەو نووسینگانەی كاری پڕ كردنەوەی فۆڕمیان دەكرد، بۆ هاووڵاتییان سەرەتا لە هەندێ‌ مامەڵە هەڵەیان دەكرد، بەڵام دواتر هەمووانمان بانگ كرد‌و ئاگادارمان كردن وردتر فۆڕمەكان پڕ بكرێنەوە، ئێستا هەڵەكان زۆر كەمتر بوونەتەوە ئەزموونیان وەرگرتووە، لەداهاتووش لەگەڵیان".
ئاماژەی بەوەشدا " دوای ئەنجامدانی پڕۆسەكە زانیارییەكان دەچنەوە بەغدا لەماوەی 15- 20 رۆژ هاووڵاتی دەتوانێ‌ كارتی نیشتمانی خۆی وەربگرێتەوە".
لە بارەی منداڵی تازە لە دایكبووش گووتی " منداڵی تازە لەدایكبوو لە جیاتی ناسنانەی باری شارستانی كارتی نیشتمانی بۆ درووست دەكرێت، بەڵام لەدوای ئەوەی تەمەنی دەبێتە سێ‌ مانگ، چونكە دوای سێ‌ مانگ رووخساری منداڵ باشتر گەشە دەكات وێنەی لێوەر دەگیرێت".
كێشەیەكی دیكەی چاوەروانكراو كە هاووڵاتییان باسیان لێوە دەكرد، نەبوونی ئامێری پێویستە لە دامەزاروەكان تا ئەم كارتە بخوێنێتەوە، سەرۆكی فەرمانگەكە گووتی " پێم وانییە ئامێری پێویست لەتەواوی دام و دەزگاكان بۆ ئەم مەبەستە داندرابێت، ئەم ئامێرە لە تەواوی فەرمانگەكانی كارتی نیشتمانی هەیە، بەڵام لەمپەر ناكەوێتە بەردەم كاروباری هاووڵاتییان، تەنها نیشاندانی كارتەكە بەسە بۆ رایكردنی مامەڵەی خەڵك، لەبەر ئەوەی ئەم كارتە لەسەرتا سەری عێراق كارتێكی فەرمییەو كاری پێدەكرێت و هەموو زانیارییەكانی تایبەت بەكەسەكەی لەسەر سیمكارتی ناو كارتە تۆمار كراوە" .
لە بارەی بڕی ئەو پارەیەی لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت موقەدەم زانیار گووتی" بۆهەر هاووڵاتیەك بڕی 5000 پێنج هەزار دینار لەفەرمانگەكەمان وەردەگیرێت و پسوولەیەكی لەبەرامبەر بڕە پارەكە پێ‌ دەدرێت، پارەكەش دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتی عێراق".
لە كۆتایی قسەكانیدا موقەدەم زانیار رەسول، سەرۆكی فەرمانگەی كارتی نیشتمانی لە رواندز گووتی" لە كاتی وونكردنی ئەم كارتە، پێویستە هاووڵاتی لە رێگەی دادگاوە مامەلەی وونبوونی كارتەكەی بكات، دواتر كارتی نیشتمانی پێدەدرێتەوە و بڕی 25 هەزار دیناریش غەرامە دەكرێت".

 

زۆرترین بینراو