موچه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ زیاد دەكرێت

موچه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ زیاد دەكرێت

زاری كرمانجی- خەندان:

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، حكومه‌تی هه‌رێم به‌زاره‌كی ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ به‌رێژه‌ی 60-80%ی كۆی موچه‌ ده‌رماڵه‌كانیان به‌پێی ساڵانی خزمه‌ت خانه‌نشین بكرێن كه‌ ئێستا ته‌نها به‌ موچه‌ی بنه‌ڕه‌تی موچه‌ی خانه‌نشینیان بۆ دیاریده‌كرێت.

ئه‌رشه‌د حسێن لۆلانی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ناوخۆ و ئاسایش له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، به‌پێی یاسای خانه‌نشینی هێزه‌كانی ناوخۆ موچه‌ی خانه‌نشینیه‌كه‌یان زۆر كه‌مه‌، به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌ته‌ نیه‌ كه‌ هێزه‌كانی ناوخۆ ده‌یبینن،  به‌راورد به‌ فه‌رمانبه‌ری شارستانی، به‌جۆرێك پێویستی ژیانیان بته‌واو دابین ناكات.

وتیشی، "سه‌ره‌تای ساڵی 2020 كه‌ یاسای چاكسازی په‌سه‌ندكرا، سه‌ردانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێممان كرد و داوامانكرد، ئه‌گه‌ر بكرێت موچه‌ی خانه‌نشینی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان زیادبكرێت، سه‌رۆك وه‌زیران ئه‌و داواكاریه‌ی زۆر پێباش بو، به‌ڵام له‌به‌ربارگرانی دارایی، حكومه‌ت نه‌یتوانی بچێته‌ ژێرباری زیادكردنی موچه‌كانیان".

ئه‌رشه‌د حسێن لۆلانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئیستا داهات زیادیكروه‌ و نرخی نه‌وت له‌بازاڕه‌كانی جیهان به‌رزبوه‌ته‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمیش به‌شێوه‌یه‌كی زاره‌كی ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌، بۆ زیادكردنی موچه‌ی خانه‌نشی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ.

سه‌باره‌ت به‌واده‌ی زیادكردنی موچه‌ی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرایكرد، "ئێستا ره‌شنوسێك له‌وه‌زاره‌تی ناوخۆوه‌ ره‌وانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كراوه‌، حكومه‌تیش دوای پۆلێنكردنی خه‌رجی و داهاته‌كان، ئه‌و پرۆژه‌یاسایه‌ ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی ده‌كات، له‌ په‌رله‌مانیش دوای تاوتوێكردن ده‌نگی له‌سه‌ر ده‌درێت و په‌سه‌ند ده‌كرێت.

له‌باره‌ی شێوازی زیادكردنی موچه‌ی خانه‌نیشینی، ئه‌رشه‌د حسێن لۆلانی رونیكرده‌وه‌، هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ به‌ رێژه‌ی 60 تاوه‌كو 80% له‌كۆی موچه‌ و ده‌رماڵه‌كانیان خانه‌نشین ده‌كرێن، له‌كاتێكدا پێشتر بۆ خانه‌نیشنیان ته‌نها موچه‌ی بنه‌ڕه‌تیان هه‌ژمارده‌كرا، به‌په‌سه‌ندكردنی یاساكه‌شی، داهات بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی خه‌رجیه‌كانی موچه‌ زیاد بكات، چونكه‌ كه‌سانێكی زۆر خۆیان خانه‌نشین ده‌كه‌ن و ژماره‌ی موچه‌خۆران كه‌مده‌بێته‌وه‌.

زۆرترین بینراو