مۆمیای كردن لە لایەن میسریە كونەكان

مۆمیای كردن لە لایەن میسریە كونەكان

هەڕەمەكان تاكە شتی سەرسوڕهێنەری میسریە كۆنەكان نیین، مۆمیاكردنیش گەواهیدەرێكی ترە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت فیرعەونەكان بە چەند قۆناخێك پێش سەردەمی خۆیان كەوتوون و چەندین شوێنەواریان جێهێشتووە، تاوەكو ئەمڕۆش هەندێكیان نهێنەكانیان ئاشكرا نەكردووە.
میسریە كۆنەكان لەو باوەڕەدابوون كاتێك كەسێك دەمرێت بە گەشتێك دەچێتە جیهانێكی دیكەوە، بۆ ئەوەی لەو جیهانەشدا بەردەوام ژیان بكات، پێویستبووە لەدوای مردنی جەستەی وەك خۆی بمێنێتەوە و لەناو نەچێت، بۆیە بیریان لە مۆمیاكردنیان كردەوە بۆ پاراستنی لاشەی مردوەكانیان.
دوای مردن لاشە دەستدەكات بە شیبوونەوە، بۆ رێگرتن لە شیبوونەوەشی پێویستە شێ و ئۆكسجینی لێ داببڕێنرێت، لەسەرەتادا مردووەكانیان لە چاڵێكی بیاباندا بە خاك دەسپارد، چونكە لمە وشك و گەرمەكەی بیابان بە خێرایی لاشەی مردووەكانی وشكدەكردەوە، بە شێوەیەكی سروشتی دەبوو بە مۆمیا، لەگەڵ ئەوەشدا بۆیان ئاشكرا بوو ئەگەر سەرەتا لاشەی مردووەكانیان بخەنە تابوتەوە شیدەبنەوە و ناتوانن پارێزگاری لێبكەن، بۆ دڵنیابوونیان لە پارێزگاریكردنی مردووەكانیان، میسریەكان ئەم پرۆسەیان بەكارهێنا، لاشەی مردووەكە بە چەند چینێكی تەنكی كەتان دەپێچرایەوە بۆ ئەوەی لەكاتی زیندووبونەوە جلی لێ دروست بكات، جگە لەدانانی خواردن، زێر و هەندێك جاریش ئافرەتێك وەك خزمەتكار دادەنرا بۆ كاتی زیندووبونەوە.
ئەم پرۆسەیە نزیكەی ٧٠ رۆژی دەوێت، چەند هەنگاوێكی پێویستە بۆ گەیشتن بۆ قۆناخی كۆتایی، سەرەتا لاشەكە دەشۆن، لای چەپی سك هەڵدەدرن و ڕیخۆلە و جگەر و گەدە و هەردوو سییەكانی لێوە دەردەهێنرێت، بەڵام دڵ چونكە لەلای میسریە كونەكان سەرچاوەی سۆز و ژیریی دانراوە، لە شوێنی خۆی جێیدەهێڵن، تا كەسی مردوو لە ژیانی كۆتایی بەكاری بهێنێتەوە، پاشان مێشك بە ئامرازێكی تیژ و چەماوەی وەك داس لە لوتەوە دەردەهێنرێت، لە دیدی میسریە كونەكان مێشك گرنگ نەبووە فرێدراوە، جەستە و ئەندامەكانی ناوەوە بۆ ماوەی ٤٠ ڕۆژ پردەكرێت لە خوێی ناترۆن، بەو خوێیە لاشەكەیان وشكدەكردەوە و ئەندامە وشكراوەكانیان بە پارچەی كەتان دەپێچایەوە و دەخرایە كوپەیەكەوە، هەر كوپەیەك دەمامكی یەكێك لە چوار كوڕەكانی حۆرسی خوداوەندی لەسەر دادەنرا، ئیمستی كە بەرپرسە لە پاراستنی جگەری مردووەكە، حابی بەرپرسی پاراستنی سییەكان، كەبحەسنوف شێوەی هەڵۆیە، بەرپرسە لە پاراستنی ڕیخۆڵەكان، دۆمۆتیڤ شێوەی رێوییە بەرپرسە لە پاراستنی گەدە، دواتر لاشەكە بە كا و پارچە قوماش پردەكرایەوە، ئەو كونانەی لە جەستەی مردووەكە كرابوونەوە، بە مۆم دەگیرا، دواتر لاشەكەیان بە ٢٠ پارچە كەتان دەپێچایەوە، دەمامكی مردوویان دەخستە سەر دەمیان، بە پارچە قوماشێكی گەورە دایاندەپوشی وەك كفن و دەیانخستە سندوقێكی نەخشێنراوەوە و هەڵیاندەگرت.
میسریە كونەكان بەم هەنگاوانە مردووەكانیان مۆمیا كردووە، تاوەكو ئێستاش زاناكان لە شارەكانی میسر دا لاشەی مۆمیاكراوی سەردەمی فیرعەون دەدۆزنەوە، لە سەردەمی ئێستادا ئاژەڵ و رووەكیش وەك ئەو سەردەمە مۆمیا دەكرێن و پارێزگاریان لێدەكرێت.

 

زۆرترین بینراو