میدیای كوردی بێ لایەن نییە

میدیای كوردی بێ لایەن نییە

محەمەد ئامۆكەیی- سلێمانی:
كچە راگەیاندكار تەنیا كەریم محەمەد، لە ساڵی 1993 هاتۆتە نێو بواری راگەیاندن، لە تەلەفزیۆنی گەلی كوردستان كەناڵی هەولێر، چەند بەرنامەیەكی هەمەڕەنگی و كاری پێشكەش كاری كردووە، لە سەروبەندی شەڕی ناوەخۆ روو دەكاتەوە سلێمانی و درێژە بە كاری میدیایی دەدات لە هەمان كەناڵ، لە دیدارێكی دا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی، باس لە رۆلی راگەیاندن و هاتنە پێشی ئافرەت لەو بوارە و چەند پرسێكی تر دەكات.
تەنیا كەریم دەڵێت" 15 ساڵ دەبوو كاری میدیایم دەكرد لە كوردستان ساڵی 2008چوومە دەرەوەی كوردستان و لەوڵاتی فێنلەند نیشتەجێبووم، ساڵی 2012 گەڕامەوە كوردستان و لەهەمان كەناڵ بەردەوام بووم، ئێستاش مامۆستام لەیەكێ لەئامادەییەكانی شاری سلێمانی، لە دوای هاتنەوەم و درێژەدان بەكاری میدیا، هەستم كرد حەزو خولیام وەك پێویست لەو كەناڵە نایەتەدی من خەونی گەورەترم هەبوو بۆ خزمەتكردن، بۆیە وازم لەكەناڵی گەلی كوردستان هێناو دەست لەكاركێشانەوەی خۆم پێشكەش كرد، بۆ ماوەیەكی كورت چەند بەرنامەیەكم لە تەلەفزیۆنی پەروەردەیی هەبوو، دواتر گەڕامەوە بۆ ئەوڕوپاو لەوێ درێژەم بەخوێندن دا لەبواری زانستەكانی زمان و ماوەیەكیش لەو وڵاتە كارم كرد، بەهۆی خۆشەویستی بۆ كوردستان هاتمەوە".
زۆرێك لەو ئافرەتە میدیاكارانە گلەی ئەوە دەكەن تووشی توانج دەبنەوە لە لایەن رەگەزی بەرامبەرەوە، تەنیا جیاواز لەو ئافرەتانە رای دەگەێنێت" هەرگیز تووشی توانج نەبووم و هەمیشە خەڵك رێزی گرتووم، بۆیە كاری راگەیاند لای من پیرۆزەو خەڵك هەمیشە كارەكەمی لاپەسەندبووە، خۆم مۆركێكی ئەو كەناڵەم پێوەییەو لە زۆر شوێن بەتەنیای گەلی كوردستان ناوم دەبەن".
ئەو خانمە میدیا كارە دەربارەی پالپشتی خێزانەكەی ئاماژەی بەوەكرد" تێگەیشتنی خانەوادەكەم لە سەردەمێكی وەها كە تەنها سێ ساڵ بوو كوردستان ئازاد كرابوو سەخت بوو، ئەگەر هاوكاری و پالپشتی دایك و باوكم نەبا سەركەوتوو نەدەبووم، خۆم بە قەرزاریان دەزانم ئەوان هەمیشە رێنمایی و ئامۆژگاریان دەكردم و رێ نیشاندەرم بوون لە هەموو بوارەكانی ژیان و بەباشترین شێوە پەروەرەیان كردووم، دوای نەمانی باوكم لە ژیان دایكم وەك كێوێك پالپشتم بووە".
ئێستاش بەشێك لە هەوا دارەكانی بە تامەزرۆییەوە لە چاوەڕێی گەڕانەوەی دان، ئەو هۆكاری دیار نەمانی لە شاشە ئاشكرا دەكات و دەڵێت" بەهۆی سەفەركردنم بۆ دەرەوەی كوردستان لەكاری راگەیاندن دوور كەوتمەوە و دابڕام، گەر كارێكی باشم بێتە بەردەم لەوانەیە كار بكەمەوە، بەڵام نامەوێ ئەو مێژووەی بۆ خۆم دروستكردوە تێكی بدەم" منیش بیری هەوادارەكانم دەكەم پەنا بەخوا هەركات دەرفەتێك هەبوو دووبارە دەبمەوە میوانی ماڵەكانیان".
هەندێ خانمی میدیا كارو گۆرانی بێژ پەنا بۆ نەشتەرگەری جوانكاری دەبن تەنیا كەریم وەك ئەوان نەشتەرگەری كردوە، گووتی" وەك هەندێ خانمی میدیاكار زۆر گرنگی نادەم بە بابەتە جوانكاریەكان و زۆر كەم مەیكەپ بەكاردێنم، بەس هەمیشە گرنگی بەپاك ڕاگرتنی ڕوخسارم و تەندروستی دەدەم، تا ئێستا هیچ جوانكاریەكم لە ڕوخسارمدا ئەنجام نەداوە، دژی هیچ كارێكی جوانكاریش نیم كە ئێستا بەشێك لە ئافرەتانی باشووری كوردستان پەنای بۆ دەبن".
ئەو میدیا كارە دەربارەی ئەوەی بەشێك لەو خانمانەی كاری راگەیاندن دەكەن و دوای پێكهێنانی پڕۆسەی هاوسەرگیری دوور دەكەونەو لە كاری میدیایی، زیاتر دەڵێت" كاری راگەیاندن لای من خولیای منداڵیمەو حەزێكی تایبەتییە هەر لەمنداڵیمەوە بیرم لەوە دەكردەوە رۆژێك لەشاشەی تەلەفزیۆنەوە بتوانم كاربكەم، كاری راگەیاندن كاتێكی زۆرت لێ دەبات بۆیە بۆ ژنان زۆر قورسە دوای پڕۆسەی هاوسەرگیری بەردەوام بن، ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە" بەخێوكردنی منداڵەكان و راپەڕاندنی كاری ناوماڵ، جگە لەو ژنانەی كە كەسوكاریان هاوكاریان دەبن، ئەوە هۆكارە بۆ دووركەوتنەوەی ژنان لە پیشەكەیان دوای پڕۆسەكە،" ئەزانی راستیێك هەیە لە وڵاتی ئێمە پیاوان زۆر هاوكاری ژنان نین لە ماڵەوەو كارەكان هەمووی لە ئەستۆی ژنانە ئەوە هۆكارە بۆ دووركەوتنەوەی مێینە لە میدیاو هەندێ بواری تر".
تەنیا باس لە رۆل و كاری گەری راگەیاندنەكانی باشوور دەكات و رای دەگێنێت " لە دوای راپەڕین و كرانەوەی كەناڵە كوردییەكان ڕۆڵێكی باشیان هەبوو لە هۆشیاركردنەوەو رۆشنبیركردنی خەڵك، لەگەڵ ئەوەی كەناڵەكان تەنها كەناڵی حیزبی بوون، بەڵام ڕۆڵی كاریگەریان هەبوو، بەڵام جێگای داخە لە ئێستادا چەند كەناڵێكی كوردی هەن تەنها كاریان چەواشەكردنی تاكی كوردە، خەریكە كۆمەڵگە بەرەو ئاقارێكی خراپدا دەبەن، گەر وەزارەتی رۆشنبیری فریا نەكەوێ نەوەیەكی نا رۆشنبیر و نەفام دێتە بەرهەم و هیچ بەهایەكی مرۆیی نامێنێت".
تەنیا زیاتر دواو باسی هاتنە پێشی ئافرەتی كرد لەسەرجەم كایەكانی ژیان تایبەتیش میدیا ئەو گووتی" رۆڵی ژن ڕۆلێكی كاریگەرە لە هەموو بوارەكاندا، چونكە ژنان وردترن لە ئەنجامدانی كارەكانداو زیاتر هەست بەئازارەكانی كۆمەڵگە دەكەن، پیاوان بەتەنیا ناتوانن وەك پێویست ژیان بەڕێ بكەن، بۆیە هاتنی پێشی ئافرەتان زۆر گرنگەو داوا دەكەم ژنان و كچانی كورد زیاتر بێنە مەیدان و شان بە شانی پیاو رۆلیان هەبێت لەهەموو كایەكانی ژیان".
لە كۆتایی قسەكانیدا تەنیا كەریم ئەوەشی گووت" میدیای كوردی لە كوردستان بێ لایەن نییە هەریەكەو بەئاشكرا یان نهێنی سەر بەحیزب و گروپێكن، چونكە هێشتا لەوڵاتی ئێمە سەرمایە دارەكان گرنگیان بەم بوارە نەداوە خۆشیان لە پەنا حیزبێك یان گروپێك كارەكانیان ئەنجام دەدەن دەنا ناتوانن سەربەخۆ سەرمایەكانیان بخنە گەڕ.

 

زۆرترین بینراو