میدیای كوردی كۆمەڵگە بەرەو كوێ دەبات؟

میدیای كوردی كۆمەڵگە بەرەو كوێ دەبات؟

ئا/ رۆژان كوردستانی
شەهرام بەهرام، توێژەری كۆمەڵایەتییە، لە بارەی دۆخی میدیای كوردی بەم شێوەیە بۆمان دووا" راگەیاندن وەكو زانست رۆڵ و كاریگەری بەرچاوی هەیە لەبەرەوپێش بردنی هەر كۆمەڵگەیەكدا، بۆیە لە پاڵ هەموو زانستە مرۆڤایەتییەكانی تر كاریگەرییەكی راستەوخۆی هەیە لەسەر بیر كردنەوەی تاك، رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لەو گۆڕانە بەردەوامەی لە كۆمەڵگەكان روو دەدەن، دەورێكی بەرچاو دەبینێ لە پەروەردە كردنی تاك بە شێوەیەكی تەندروست یا نەخۆش، لە كۆمەڵگە پێشكەوتووەكاندا گرنگییەكی زۆر بە رۆڵی راگەیاندن دەدرێت، لە دەستنیشان كردنی ئەو بابەتانەی كە لەگەڵ بیرو ئایدۆلۆژیا و دونیا بینینی تاك دەگونجێ و رۆلێكی سەرەكی دەگێرێ لە هوشیاری كۆمەڵگە و ئاراستەكردنی بۆ بارێكی تەندروست، رێگری دەكەن لەو بابەتانەی كاریگەری نەرێنی دەكەنە سەر بیكردنەوەی تاك، جا بە نووسین یا دەنگ و رەنگ بێت، كۆمەڵگەی كوردی لەبەر ئەوەی كومەڵگەیەكی تازە پێگەشتووین و خاوەن كومەڵێك داب و نەریت و كلتوور و بەها و ئەخلاقی جوانین و دەبێ پارێزگارییان لێ بكرێ، بەپێچەوانەوە گیرۆدەی هەندێ تەقالید و كلتوورین كە بۆنەتە سەر ئێشە بۆ كۆمەڵگە، ئەبێ هەوڵی چارەسەری بدرێ لە رێی هوشیار كردنەوەی تاك، لێرەدا میدیا رۆڵێكی سەرەكی دەبینێ".
ئەم توێژەرە ناڕەزایی خۆی لەبارەی میدیای كوردی دەربڕی و گووتی" میدیای كوردی نەیتوانیوە وەك پێویست ئەو رۆڵە هۆشیاركەرەوەیە بگێڕێ، كە كۆمەڵگە پێویستی پێیەتی، هەندێك لە میدیا رۆڵێكی سەرەكیان گێڕاوە لەو گرفتانەی لەناو كۆمەڵگە روودەدەن، بەهۆی هەڵبژاردنی كۆمەڵێك بابەتی وەك دراما كە لەگەڵ ئەخلاق و بیركردنەوەی كورد ناگونجێ، ئەمەش بۆتە هۆكاری چەندین كێشە و لێكترازانی چەندین خێزان بە هۆی رێخۆشكردنی خیانەتی هاوسەری و هاندانی تاك بو ئەنجامدانی كۆمەڵێك هەڵسوكەوتی نابەجێ كە كاریگەری خراپ دەكاتە سەر پەیوەندییە كومەڵایەتییەكان، هەندێك لە میدیاكانی كە بینەرێكی زۆریان هەیە، نەیانتوانیوە بە شێوەیەكی بەرپرسیارانە رەچاوی ئەو بابەتانە بكەن كە لەگەڵ كۆمەڵگە ناگونجێن و كاریگەری نەرێنی دەكەنە سەر بیری تاك، ناتوانین بڵێین میدیای كوردی بەگشتی بەشێوەیەكی نا بەرپرسیارانە رۆڵ دەبینن، هەندێك لە میدیاكانی كوردی تا رادەیەكی باش بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە رۆڵیان بینیوە، باسی ئەو میدیانە دەكەم كە بینەرێكی زۆریان لە خۆیان كۆكردۆتەوە بەبێ گوێدانە ئەو كاریگەرییە خراپانەی هەیەتی، ئەو بابەت و درامایانە هەڵدەبژێرن كە هۆكاری سەرەكی تێكچوونی كۆمەڵگە و پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانن، ئەمەش كۆمەڵگە بە ئاراستەیەكی خراپ دەبات، لە كاتێدا دەبێ هۆكارێك بن بۆ كەمكرنەوەی كێشەو گرفتەكانی كۆمەڵگە، هەندێك لە میدیاكان دەبێ پارێزگاری لە كلتوورە رەسەنەی كۆمەڵگەی كوردی بكەن كە پێی دەناسرێتەوە، بەپێچەوانەوە بوونەتە هۆكارێك بۆ لە ناوبردنی ئەو كلتوورە و بە هێنانی كلتووری بێگانە، كە بوونەتە سەر ئێشە".
م. جوان ئەمین، لە بارەی كاریگەری میدیای كوردی لەسەر تاك و كۆمەڵگە گووتی" زۆرێك لە میدیا كوردییەكان رۆڵێكی نەرێنیان هەبووە لەسەر كۆمەڵگە، تەقڵیدی وڵاتانی بیانی دەكەنەوە، ئەمەش بۆتە هۆی تێكدانی شیرازەی خێزان، هەروەها دووبلاژ كردنەوەی فلیمە توركییەكان كە بوونەتە هۆی تێكدانی كلتوور و پەرتەوازە كردنی خێزان".
مامۆستا جوان لەبارەی نا بەرپرسیارییەتی میدیای كوردی گووتی" هەندێك لە میدیاكان بەرپرسانە مامەڵە ناكەن، بەڵام هەندێكیان ئەركی خۆیان بەجێ دەگەینن بەتایبەتی لەكاتی رووماڵكردنی رووداوەكان".
خاتوو جوان لەبارەی دۆخی سۆشیاڵ میدیا گووتی" هەندێك لە سۆشیال میدیاكان كۆمەڵگەیان بە ئاراستەیەكی خڕاپ بردووە، ئەمەش بۆتە هۆی لێكترازانی چەندین خێزان، چونكە لاسای ئەو فیلمانەیان كردووە كە دووبلاژ كراون، هەندێك لە میدیاكان هەوڵ دەدەن كلتووری نەتەوایەتیمان بپارێزن و پیشانی نەتەوەكانی تر بدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی پاراستنی كلتووری كوردی و ئاشناكردنیان بە كۆمەڵگەی دیكە ئەمجۆرە هەوڵانە دڵخۆشكەرن، بەڵام لە ئاستی پێویستدا نین".
ئاشتی سەربەست خانمێكی ماڵەوەیە، رۆژانە ئاگاداری كەناڵە راگەیاندنەكانی كوردییە و بەسەریان دەكاتەوە، ئەو لە بارەی شێواز و ئاستی میدیای كوردی بەم شێوەیە بۆمان دووا " میدیای كوردی هەوڵ دەدات كۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەكی ئەوروپی ببات و هەرچی زووە كۆمەڵگە بگۆڕێت، هەندێ لەو گۆڕانكارییانەش لەگەڵ كلتوور و داب و نەریتی ئێمە ناگونجێ، بۆ نموونە چەندین بەرنامە و دراما هەن، دەبنە هۆی بەلاڕێدا بردنی گەنجان، راستە بەرنامەی باشیشمان هەیە كە هەوڵ دەدات، كۆمەڵگە چاو كراوەتر بكات، بەڵام ئەم چاوكراوەییەش هەندێ جار لێكەوتەی خراپی هەیە و دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی خێزان، بۆ نموونە درامای (لێم ببورە) یەكێكە لەو درامایانەی ژیان و خێزان بە شێوەیەكی زۆر ناشرین پیشانی كۆمەڵگە دەدات، شیرازەی چەندین خێزانی تێكداوە، گەنجانی تووشی چەندین كێشەی دەروونی كردووە، لە جیاتی فیلمێكی وا بێ مانا و سەقەت با ئەم سەرماییەی لە وەرگێرانی فیلمێكی وا سەرف دەكەن فیلمێكی كوردی پێ بەرهەم بێنن، یا بەرنامەیەكی هۆشیاری دەروونی و كۆمەڵایەتی پەخش بكەن، كە گەنجان بگەیننە ئەو بڕوایەی ژیان وانیە، كە لە فیلمەكان پیشان دەدرێت".
خاتوو ئاشتی، لەبارەی رۆڵی میدیا لە كۆمەڵگەدا گووتی" ئێستا بەشێك لە میدیا رۆڵێكی خڕاپ دەگێڕی لە ئاراستەی كۆمەڵگە و بۆتە سەرچاوەیەكی سەرەكی دروستبوونی كێشەكانی، زۆرینەی كێشەكانی ئەم سەردەمە دەگەڕێتەوە بۆ بوونی ئەم ڕۆڵە خراپەی میدیا، بەشێك لە میدیاكان هیچ بەرپرسیارییەتێك هەڵناگرن بەرامبەر ئەو بەرنامانەی پێشكەشی دەكەن، واتا هیچ سانسۆرێك نییە بۆ بەرنامە و فیلمەكان، لە زۆربەی ئەو فیلمانەی پەخش دەكرێن وشەی نەشیاو بەكار دەهێندرێت و كاریگەری خراپی كردۆتە سەر رەوشتی منداڵەكانمان".

زۆرترین بینراو