مەترسی لەسەر شۆفێرە بارهەڵگرەكان هەیە لەناو خاكی ئێران پێداویستی بكڕن

مەترسی لەسەر شۆفێرە بارهەڵگرەكان هەیە لەناو خاكی ئێران پێداویستی بكڕن

 
زاری كرمانجی – حاجی ئۆمەران: بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، رۆژانە هەندێك لە شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لەكاتی چوونیان بۆ نێو گۆڕەپانی بازاڕی گومرگی تەمەرچیان لە ناو خاكی ئێران، دەمامك و دەستكێش و پێداویستی دیكە دەكڕن، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییە تەندروستییەكانی خۆپارێزییە لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا و مەترسییە بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا لە هەرێمی كوردستان.
ئاكۆ تاهیر، ئەنجوومەنی شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان لە راگەیەندراوێكدا هێما بۆ ئەوە دەكات: سوپاسێكی بێپایانی شۆفێرانمان دەكەین بە بەرێژەیەكی زۆرباش پێگیرن بە رێنماییە تەندروستییەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا و رێكارەكانی خۆپارێزی حكوومەتی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكەن، بەڵام تێبینی كراوە لە دیوی ئێران دەمامك و دەستەوانە لەلایەن خەڵكی ئێرانییەوە دەفرۆشرێن و بەشێكیش لە شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی ئێمەش دەیكڕن، ئەمەش پێچەوانەی رێنماییەكانی خۆپارێزییە لە كۆڕۆنا.
دەشڵێت: دوای چەندین جار ئاگاداركردنەوەی تەواوی شۆفێران بە جێبەجێكردنی رێنماییەكان، بۆیە تكاتان لێ دەكەین لەبەر سەلامەتی تەندروستی خۆتان و هاوپیشەكانتان و خانەوادە و كۆمەڵگاكەمان نابێت بەهیچ شێوەیەك لەدیوی گومرگی ئێران دەستەوانە و دەمامك بكڕن، لەكاتێكدا ئێمە رۆژانە هەموو پێداویستییەكی خۆپارێزیتان پێ دەدەین.
ئەو ئەنجوومەنەی شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانی سنووری حاجی ئۆمەران دەشڵێت: ئەگەر بزاندرێت هەرشوفێرێک ئەم کارە ئەنجام بدات، خۆی دەبێت چاوەڕێی سزای زۆر توند بکات، تکایە سەلامەتی خۆتان وماڵ و منداڵتان و کوردستان زۆربە جددی لەبەرچاو بگرن.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی كۆمەڵگەی سنووری حاجی ئۆمەران لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی راگەیاند: تا ئێستا شۆفێرەكان بەپێی رێنمایی و مەرجەكانی خۆپارێزی تەندروستی بەردەوامیان بە جموجۆڵی بازرگانی لە سنوورەكەمان داوە، ئەمە جێگای سوپاس و ستاییشە، بەڵام ئەگەر شتێكی لەوجۆرە هەبێت بێگومان بەدواداچوون دەكەین.
یەكێك لە بڕیارەكانی ژووری عەمەلیاتی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە قائیمقامییەتی قەزای چۆمان تایبەتكراوە بە جموجۆڵی بازرگانی و رێكارەكانی خۆپارێزی تایبەت بە شۆفیرانی كامیۆن و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان، ئەویش بریتییە لەوەی پێویستە شۆفێران لەكاتی گواستنەوەی كاڵاكان لە دیوی ئێران بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان بەركەوتەیان لەگەڵ شۆفێرانی ئێرانی نەبێت و هیچ كەلوپەلێك لە دیوی ئێرانەوە لەگەڵ خۆیان نەهێننەوە، ئەگەر شۆفێرەكە پابەندی رێنماییەكانی خۆپارێزی تەندروستی نەبێت، دەفتەری كاركردنی لێ دەسەندرێتەوە.