مەسرور بارزانی : پێویستە گەلی كوردستان، ئەم تاوانانەیان هەمیشە لە بیر بێت كە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان كراون

مەسرور بارزانی : پێویستە گەلی كوردستان، ئەم تاوانانەیان هەمیشە لە بیر بێت كە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان كراون

زاری كرمانجی – سۆران :
لە یادی ئەنفالی بارزانییەكان و گەڕانەوەی رووفاتی سەت ئەنفالكراوی بارزانییەكان، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا وتی  بە رێز و شكۆوە یادی شەهیدانی ئەنفالكراوی بارزانییەكان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەكەینەوە، هەروەها ئەوەشی وت كە یادكردنەوەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان، یادكردنەوەی هەموو ئەنفالكراوان و شەهیدانی كوردستانە لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و كوردی فەیلی و شەنگال.

دەقی پەیامەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان:

ئەمڕۆ یادی یەكێك لە تاوانە گەورە و لەبیرنەكراوەكانی رژێمی پێشووی عێراق دەكەینەوە، كە كۆمەڵكوژیی و جێنۆسایدكردنی نزیكەی هەشت هەزار مرۆڤی بێتاوانی بارزانییە. یادكردنەوەی قوربانییانی ئەم تاوانە، ئەمساڵ زۆر خەمناكترە، چونكە هاوكاتە لە گەڵ هێنانەوەی رووفاتی 100 ئەنفالكراوی دیكەی بارزانی لە بیابانەكانی باشووری عێراقەوە بۆ كوردستان و زێدی خۆیان لە بارزان.
دەڤەری بارزان، زیاتر لە سەدەیەكە مەڵبەندی كوردایەتیی و شۆڕش و راپەڕین بووە لە دژی ستەم و زۆرداریی و داگیركاری. پەناگەیەكی لێبوردە و ئارام بووە، بۆ هەموو ئەوانەی لە دژی بێدادی و ستەمكاری روویان تێكردووە. بۆیە هەمیشە ئەو دەڤەرە، وەك هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان، رووبەڕووی هێرش و پەلاماری سەربازی و وێرانكاری و بۆمباران و بەكارهێنانی چەكی قەدەغە بووەتەوە.
شاڵاوی جێنۆسایدی بارزانییەكانیش بەشێكە لە زنجیرەیەك تاوان لە دژی ئەم دەڤەرە و هەموو ناوچەكانی دیكەی كوردستان، كە بووە دەستپێكیش بۆ ئەنجامدانی شاڵاوەكانی ئەنفال و كیمیابارانكردنی كوردستان.  
لە یادی ئەم كۆمەڵكوژییە هۆڤانەدا، بە رێز و شكۆوە یادی شەهیدانی ئەنفالكراوی بارزانییەكان و سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەكەینەوە، یادكردنەوەی جینۆسایدكردنی بارزانییەكان، لە هەمانكاتدا یادكردنەوەی هەموو ئەنفالكراوان و شەهیدانی كوردستانە لە گەرمیان و بادینان و بالیسان و شێخ وەسانان و كوردی فەیلی و شنگال.
هەروەها پێویستە بە پێزانینەوە، یادی قوربانیدان و خۆڕاگری دایكانی میهرەبان و كەسوكاری قوربانییەكان بكەینەوە، كە زۆر سەربەرزانە رووبەڕووی سەختییەكانی ژیان و لێكەوتەكانی ئەم تاوانە گەورەیە بوونەوە. هەروەها سوپاسی جوامێری و بەهاناوە چوون و هاریكاری و هاوسۆزی خەڵكی هەولێر و ناوچەكانی دیكەی كوردستان دەكەین بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان.
لەم یادەدا، جارێكی دیكەش پێداگری لە سەر قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری قوربانییانی شاڵاوەكانی جێنۆساید و ئەنفال دەكەینەوە، كە دەبێت لەلایەن حكومەتی فیدراڵی بە شێوەیەكی شایستە قەرەبوو بكرێنەوە، هەروەك لە دەستووردا هاتووە، كە بەداخەوە ساڵانێكی زۆرە، وەك زۆر ماددەی دیكەی دەستوور، بابەتی قەرەبووكردنەوەی قوربانییەكانی دەستی رژێمی پێشوو، پشتگوێ خراوە و نابێت چیتر ئەم بابەتە فەرامۆش بكرێت.
پێویستە گەلی كوردستان، ئەم تاوانانەیان هەمیشە لە بیر بێت كە بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان كراون و جارێكی دیكە، لە ژێر هیچ پاساوێك و بۆ هیچ مەرامێك، نابێت ئامادەبن ئازادی و حوكمڕانی و خۆبەڕێوەبەری خەڵكی كوردستان، بكەنە قوربانی و لە دەستی بدەن.

لە ساڵیادی جێنۆسایدكردنی بارزانییەكان، سڵاو لە گیانی پاكی سەرجەم شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان.

هەمیشە لە یادمانن و بە شكۆوە یادیان دەكەینەوە.

 

مەسرور بارزانی

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان

31ی تەمموزی 2022
اكتب إلی Mehdi M Rwandzi