مەسروور بارزانی: پرۆژەکانی ئێستا بە توانای کۆمپانیا کوردستانییەکان جێبەجێ دەکرێن

مەسروور بارزانی: پرۆژەکانی ئێستا بە توانای کۆمپانیا کوردستانییەکان جێبەجێ دەکرێن

زاری كرمانجی - سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو پرۆژانەی ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێیان دەکات، بە توانای کۆمپانیا خۆماڵییەکان جێبەجێ دەکرێن.

ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2020، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا رێوڕەسمی کردنەوەی بەشێکی رێگای خێرای نێوان هەولێر و دهۆک (گۆپاڵ - رووڤیا)، رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم كە جارێكی دیكە ئێمە هاتینەوە بۆ ئەم دەڤەرە و ئەمجارە بۆ كردنەوەی پڕۆژەیەک، كە لە كابینەی پێشتر بناغەی دانرابوو، بەڵام تەواو نەكرا، کابینەی نۆیەم بڕیاری دا تەواوی بکات.

دەقی وتارەکەی مەسروور بارزانی:

بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان

هاووڵاتیانی قەدر گران

ئامادەبوانی هێژا

زۆر خۆشحاڵم كە جارێكی دیكە ئێمە هاتینەوە بۆ ئەم دەڤەرە و ئەمجارە بۆ كردنەوەی پڕۆژەیەك كە كۆتایی هاتووە، ئەم پڕۆژەیە لە كابینەی پێشتر بناغەی دانرابوو بەڵام تەواو نەكرا، لەم كابینەیە ئێمە بڕیارمان دا چونكە ستراتیژی و خزمەتگوزارییە، پشتیوانی تەواوبوونی بكەین و شكور ئەمڕۆ پێش وادەی خۆی، ئەم پڕۆژەیە هاتە كۆتایی هاتن و من سوپاسی كۆمپانیای جێبەجێكار دەكەم كە گەلێك زووتر لە كاتی خۆی پڕۆژەكەیان كۆتایی پێهێنا. وەك دیارە پڕۆژەیەكە لە ئاستێكی زۆر باشی جیهانی دروست كراوە.

ئەوەی لە هەمووی زیاتر من دڵخۆش دەكات، هەموو ئەو پڕۆژانەی ئێستا لە كوردستان دەكرێت، هەمووی كۆمپانیای كوردستانی پڕۆژەكان جێبەجێ دەكەن لە دهۆك و هەولێر و راپەڕین و سلێمانی و ناوچەكانیتر. ئەمەش جێی دڵخۆشیمانە چونكە هەلی كار بۆ گەنج و هاووڵاتیانی ئێمە زیاتر دەڕەخسێنێت.

ئەم پڕۆژە ستراتیژییانە زۆر پێویستن بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان، بە تایبەتیش دروستكردنی رێگە وبان وەك پڕۆژەی ستراتیژی بۆ پەرەپێدان بە ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستان كە بەرنامەی كارمانە.

ئەم ڕێگەیە نەك هەر ئاسانكاری بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان، بەڵكوو ڕێگەیەكی بازرگانیشە لە نێوان پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك.

چەند پڕۆژەی دیكەش هەیە بۆ دروستكردنی ڕێگەی نێوان شارەكانی دیكەی كوردستان كە هیوادارین ئەوانیش لە ماوەیەكی نزیك تەواو بكرێن و خەڵكی سوودی لێ ببینن.

هاوڵاتیانی هێژا

راستە ئەو رێگایە ئاسانكاری بۆ هاتوچۆ دەكات، بەڵام داواتان لێدەكەم بە باشترین شێوە سوودی لێوەربگرن، بەداخەوە هەموو ساڵێك ئێمە دەبینین سەدان كەس دەبنە قوربانی و بریندار دەبن یان گیان لەدەست دەدەن بەداخەوە بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆ. هیوادارم گوێ بە ڕێنمایی پۆلیسی هاتوچۆ بدەن و بە باشترین شێوە سوود لەم شەقامانە ببینن و وەنەكەن خوانەكات بۆ ئەوەی زووتر بگەنە شوێنی خۆتان، خێرا بچن و تووشی رووداوێكی ناخۆش ببن.

هاووڵاتیانی هێژا و بەركەفتی

سەرەڕای ئەو هەموو نەخۆشی و قەیرانانەی حكوومەتی هەرێم تووشی بوو، ئێمە سۆزمان دا بە ئێوە كە بەردەوام دەبین لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان، هەندێكجار پرسیاری مووچە زۆر دێتە پێش، حكوومەت چۆن دەتوانێت پڕۆژەی خزمەتگوزاری بكات بەڵام مووچە لە كاتی خۆی نادرێت.

حكوومەت هەرێم هەرچی پێ كرابێت بۆ دابینكردنی مووچە كەمتەرخەمی نەكردیە و ناشیكات، چەندینجار ئاماژەم داوە كە داهاتی هەرێمی كوردستان بەهۆی كۆرۆنا و تێكچوونی باری ئابووریی جیهانی كاریگەرییەكی زۆر خراپی كردە سەر دۆخی ئابووریی كوردستانیش. ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردی ئەوەیە كە خەرجییەكانی حكوومەتی بۆ كەمترین ئاست كەم كردەوە، لە هەمان كاتدا خەبات بۆ ئەوە دەكات كە داهاتی ناوخۆیی زیاد بكات. پێویستە ئەوەشمان لەبیر نەچێت كە هاوڵاتیانمان چاوەڕێن حكوومەت پڕۆژەی خزمەتگوزاریشیان بۆ بكات. خزمەتكردن تەنیا پێدانی مووچە نییە. خەڵك داوای ئاو و كارەبا و نەخۆشخانە و قوتابخانە و هەموو كەرتەكان دەكەن، بۆیە جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژانە دیسان بۆ خزمەتكردنی هەموو هاووڵاتیانە بە مووچەخۆر و مووچەنەخۆر. ئەوانەشی كە مووچەیان نییە هەقیان لەسەر حكوومەتە خزمەت بكرێن.

من سوپاسی هەموو ئەو كۆمپانیایانە دەكەم كە بەرپرسیارێتییان لە كوردستان لە ئەستۆ گرت و ئامادەبوون لەسەر ئەركی خۆیان ئەم پڕۆژانە جێبەجێ بكەن. راستە حكوومەت ئەو پارە پێویستەی خەمڵاند، بەڵام كاتێكی درێژ پێویستە تا پارەكە بەو كۆمپانیایانە بدرێت و سوپاسیان دەكەم كە بیریان كردۆتەوە خزمەتی خەڵكی خۆیان بكەن لە جێگەی ئەوەی سوود لەم پڕۆژانە ببینین.

بەم بۆنەیەوە وەك هەموو جارێك داوا لە هەموو هاووڵاتیان دەكەم خۆ بپارێزن. بینیمان لەم ڕۆژانەی دوایی ڕێژەی تووشبوانی ڤایرۆسی كۆرۆنا گەلەك زیاد بووە، ڕێنمایی ئەوەیە كە هەر تاكێك خۆی بپارێزێت، ئەمەش تاكەڕێگەیە كە دەتوانین بەهۆیەوە هەم كەسوكاری خۆمان بپارێزین و هەم ئەم دۆخە بەرەو بارێكی ئاسایی بگەڕێتەوە و تەنانەت لە بواری ئابووریش دەستكەوتی زیاتر بێنە دەست.

ئەمڕۆ ٢٠ی ئۆكتۆبەرە ڕۆژی بەرگریكردنە لە كەرامەت و قەوارەی هەرێمی كوردستان، ئێمە سەرمان بۆ شەهیدانمان نەوی دەكەین و دەستی پێشمەرگەی خۆمان ماچ دەكەین، هیوادارین هەر كوردستان ئاوەدان بێت و گەلیش سەلامەت بێت.

 

زۆر سوپاس.

زۆرترین بینراو