ناكرێت پەكەكە تەدەخولی باشوور و رۆژئاوا بكات

ناكرێت پەكەكە تەدەخولی باشوور و رۆژئاوا بكات

سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ هەفتەنامەی زاری كرمانجی كە رۆژی دوو شەممە بڵاودەبێتەوە دەڵێ:" ناكرێت پەكەكە تەدەخولی باشوور و رۆژئاوا بكات و دەبێت معاناتی خەڵكی كوردستان لەبەر چاو بگرێت.
كاوە مەحموود، سكرتێری حیزبی شیوعی كوردستان ئاشكراشی كرد:" هەر لایەنێكی كوردستانی ئەگەر باكوور بێت، رۆژهەڵات بێت، یان رۆژئاوا، ئێمەش لە باشوورەوە دەبێت تایبەتمەندی هەر بەشێكی دیكەی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت، هەروەها دەبێت بڕیارەكان بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری لایەنە سیاسییەكانی ئەو بەشە، ناكرێت بە هیچ شێوازێك لایەنەكانی بەشەكانی دیكە دەستەوردان لە بەشێكی دیكە بكەن، ناكرێت پەكەكە تەدەخولی باشوور و رۆژئاوا بكات، هێزەكانی دیكەش هەر بە هەمان شێوە، دەبێت رێز لە ئیرادەی پارچەكانی دیكەی كوردستان بگیرێت، بە هەمان شێوە ئەو حاڵەتەی كە هەیە ناكرێت وا لە وڵاتانی دەوروبەر بكەن كە بە ئاگر و ئاسن بۆردومانی كوردستانی باشوور بكەن، بە هەموو شێوەیەك ئەو دەست درێژییە و تۆپبارانەی كە دەكرێت ئەوە پێشێڵكردنی سەروەری خاكی كوردستانە، ئەو حكوومەتانە مافی خۆیانە لەناو سنووری خۆیان چ دەكەن ئەوە پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە، لەگەڵ ئەوەش كێشەی كورد بە شەڕ چارەسەر نابێت، وەكو لە باشوور چارەسەر نەبوو، لە باشوور حەشدی شەعبی پەلەماری كوردستانی دا، بینیمان لە سحێلا و پردێ چۆن توشی شكەستێكی گەورە بوون، بۆیە باشترین چارەسەر، چارەسەری گفتوگۆی ئاشتیانەیە لەسەر ئەساسی رێزگرتن لە مافەكانی گەلی كوردستان، ئەوەی كە لە باشوور هەیە دەستكەوتێكە، ئەو دەستكەوتە بە خوێنی هەزاران شەهید هاتۆتە كایەوە، رەنگە وەكو حزبی شیوعی كۆمەڵێك تێبینیمان هەبێت، بەڵام دەبێت هەوڵ بدەین هەرێمی كوردستان زیاتر هەنگاو بنێت بۆ هێمای مافی چارەنوسی خۆی و گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆ، ئەمە مافی گەلی كوردستانە".

زۆرترین بینراو