نرخی یەك تەنەكە برنجی كوردی بە شەست هەزارە

نرخی یەك تەنەكە برنجی كوردی بە شەست هەزارە

 

محەمەد ئامۆكەیی- هەریر: وەرزی دروێنەی برنجی كوردی لە دەشتی هەریر و باتاس دەستی پێكرد بە پێی قسەی جوتیارانی ناوچەكە ئەمساڵ بەرهەمی برنج لە چاو ساڵانی رابردوو باشترە، دەشتی هەریر دەشتێكی بە پیت و بەرەكەتە ساڵانە بەدەیان تۆن برنج لەو دەشتە لە لایەن جوتیارانەوە بەرهەم دێت، زاری كرمانجی لەسەر شێوازی چاندن و تام و نرخی برنجی كوردی قسەی لە جوتیارانی باتاس وەرگرتوە.

ئارام عومەر، یەكێكە لەو جوتیارانەی ئەمساڵ برنجی چاندوە باس لەوەدەكات" هەموو ساڵیك لە مانگی چوار دەست دەكەین بە لێدان و راستكردنی زەوی و دواتر دواتر دەكرێت بە گۆڵ و ئامادە دەكرێت، سەرەتا دەبێت بە هەرەوەزی ئەو كارە بكەین لەبەر ئەوەی ئەركی چاندنی برنجی كوردی قورسە، تا وەرزی پێگەشتنی كە مانگی دەیە بە بەردەوامی لەنێوی دابی و خزمەتی بكەی.

گلەی ئەوەشی كرد" حكومەت هاوكاریان ناكات لە رووِی پێدانی كیمیاو دەرمانی تایبەت بە خاوێنكردنەوەی برنج، بۆیە ئەگەر بێت و حكومەت ئاوڕمان لێبداتەوە و هاوكارمان بێ بەرهەمی برنج زیاتر دەبێت، جوتیار پەرەی پێ دەدات لە رێگەی ئێوە داوادەكەین حكومەتی هەرێم زیاتر گرنگی بە كەرتی كشتوكاڵ بدات.

جوتیارێكی تر بەناوی میرخان عومەر گووتی" لە باتاس دووجۆر برنج بەرهەم دێت سەدری بۆن دارو دەنك خڕی كوردی، تامێكی زۆر نایابی هەیە، ئەو دووجۆر برنجەی باسم لێوەكرد سی مانگی و شەش مانگی هەیە، ئێمە زیاتر شەش مانگی دەچێنین لەبەر ئەوەی تامی خۆشترە و جیاوازە لەو برنجانەی ئێستا لە بازاڕ خەڵك دەیكڕێت كە هیچیشیان برنج نین بگرە نیشاتەو نایڵۆنە.

ئەوەشی گووت" نرخی یەك تەنەكە كە 17 كیلۆیە بەهۆی زۆری خواست لەسەری دەڕوات بۆ شەست هەزار دینار، زۆركەس گلەی لە گرانی نرح دەكات، بەڵام وەك گووتم برنجی باتاس لەسەر ئاستی كوردستان یەكەمەو كڕیاری زیاترە لە برنجەكانی تر ئێستاش جوتیار كەم هەیە ئەو كارەبكات لەبەر ئەوەی ئیشەكە سەختە.

زۆرترین بینراو