نزار مەلا غەفار: هەر رێككەوتنێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بێت پێوە پابەندین

نزار مەلا غەفار: هەر رێككەوتنێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتییان بێت پێوە پابەندین

ئا : رائیب شێروانی
نزیكەی بیست رۆژ دەبێت هەر دوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رێككەوتنێكیان واژۆكردووە، كە بەپێی نێوەڕۆكی رێككەوتنەكە لەمەودوا هیچ بڕیارێك یان پرۆژەیاسایەك بەبێ رەزامەندی یەكدی تێناپەڕێنن، بەتایبەت ئەو پرۆژەیاسایانەی رەهەندی نیشتمانییان هەبێت. ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێ:" ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەر دوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی كراوە، رێككەوتنێكی گرنگە و گرنگی و بایەخی خۆی دەبێت، هەروەها هەر رێككەوتنێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیان بێت وەكو فراكسیۆنی پارتی پێوەپابەند دەبین.
رێككەوتنەكە لە 6ی ئەم مانگە بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەر دوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی و سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان واژۆكراوە.
رێككەوتنەكە لەسەر بنچینەی رێككەوتنی مانگی 3ی ساڵی رابردووی نێوان پارتی و یەكێتییە، كە بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم واژۆكراوە، لە ماددەی 14ی رێككەوتنەكەدا هاتووە كە سەرۆك و جێگری سەرۆكی پەرلەمان هاوئاهەنگ و یەكهەڵوێست دەبن لە پەرلەمان، ئەمەش رەنگدانەوەی دەبێت بۆ كاری پەرلەمانی لە نێوان هەردوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی".
نزار مەلا غەفار، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ هەفتەنامەی زاری كرمانجی دەڵێت:"ئەو رێككەوتنەی لە نێوان هەر دوو فراكسیۆنی پارتی و یەكێتی كراوە، رێككەوتنێكی گرنگە و گرنگی و بایەخی خۆی دەبێت، لەبەر ئەوەی لێرە بەدواوە بە پێی ئەو رێككەوتنەی كراوە هەموو ئەو كارانەی دەكەین دەتوانرێت بە تەوافق تێپەڕێنین، ئێمەش وەكو پەرلەمانتار پابەندین بەو رێككەوتنە، چونكە هەر رێككەوتنێك لە بەرژەوەندی هاووڵاتیاندا بێت ئێمە وەكو فراكسۆنی پارتی پێوەپابەند دەبین، هەروەها هاوكار دەبێت كە ئاراستەی كارەكان خێراتر بكەین، بۆیە رێككەوتنێكی زۆر گرنگە و لە بەرژەوەندی خەڵكدایە.
سەبارەت بەوەی هەر دوو فراكسیۆن پابەند دەبن بە رێككەوتنەكە، ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی رایگەیاند:" ناتوانم لە جیاتی فراكسیۆنی یەكێتی هیچ بڵێم، بەڵام بەدڵنیاییەوە وەكو پەرلەمانتار پابەندین بە هەر بڕیارێك كە فراكسیۆنی پارتی بدات.
نزار مەلا غەفار، جەختی لەوەشكردەوە:" ئەو رێككەوتنە لەسەر رێككەوتنی ساڵی رابردووە كە لە نێوان پارتی و یەكێتی كراوە، ئەو پرۆژانەی پێشتر تەوافقیان لەسەر نەكرا بوو، ئێستا هەر پرۆژەیەك بێتە ناو هۆڵی پەرلەمان پێكەوە و بە تەوافق و بە زۆرینەی دەنگ دەتوانین تێپەڕێنین".
ئەو ئەندامەی فراكسیۆنی پارتی زیاتر گووتی:" بە دڵنیایەوە كۆمەڵێك پرۆژەی گرنگ هەن، كۆمەڵێك پرۆژەی گرنگیشمان پێشكەش كردووە، ئەوەی لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستاندا بێت، هەوڵ و كۆششی خۆمان زیاتر بۆ دەدەین".
نزار مەلا غەفار، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكراشی كرد:" چاكسازی لە هەموو سێكتەرەكان بەردەوامە، هەوڵیشی بۆ دەدرێت و راش ناوەستێت، حكوومەت بەخۆی لە هەموو كاروچالاكییەكان راپۆرتی خۆی بۆ پەرلەمان رەوانە دەكات، هەموو لیژنە پەیوەندیدارەكان لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان هەماهەنگی لەگەڵ یەكدی دەكەن و چاودێری وەزارەتەكان دەكەن، هەر پرۆژەیەك كە لە حكوومەتەوە دێت ئێمە بە زووترین كات لەسەر كۆ دەبینەوە و پەسەند دەكەین".

 

بیروڕا

زۆرترین بینراو