نزیكەی 10 ساڵە كار لە پڕۆژەی درووست كردنی تونێلی پیرمام دەكرێت و تا ئێستا تەواو نەكراوە

نزیكەی 10 ساڵە كار لە پڕۆژەی درووست كردنی تونێلی پیرمام دەكرێت و تا ئێستا تەواو نەكراوە

موڕشید برادۆستی – شەقڵاوە: نزیكەی 10 ساڵە كۆمپانیایەكی توركی لەژێر چاودێری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كاركردندایە بۆ دروست كردنی تونێلێك لە رێگەیەكی سەرەكی هەولێر و تا ئێستا تەواو نەكراوە .
بەپێی زانیاریەكان، د . فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، دوواین مۆڵەتی بۆ تەواو كردنی پڕۆژەكە بە كۆمپانیای ئیلجی توركی داوە، بۆ تەواو كردنی پڕۆژەی تونێلی پیرمام كە وادەكە مانگی 12ی ئەمساڵە و بۆ ئەم مەبەستە بەڵێنامە و رێكەوتنێكیان لەگەڵ بەڵێندەری پڕۆژەكە واژۆ كردووە، بەڵام بەڕێوەبەری پڕۆژەی تونێلی پیرمام – كۆڕێ دەڵێت" لەو ماوە كەمەدا ناتوانین تەواو بكەین و كاتی كردنەوەی دەكەوێتە مانگی یەكی ساڵی نوێ .
حكومەتی هەرێم ، بەمەبەستی كار ئاسانی بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان چەند ساڵێكە ئەزموونی لێدان و دروست كردنی تونێلی هێناوە بۆ كوردستان، بەپێی قسەی شارەزایانی بواری رێگا و بانیش بێت، دروست كردنی تونێل سوودی زۆری هەیە و رێگاكان بۆ ماوەیەكی زۆر كورتتردەكاتەوە و سەلامەترن و سیمایەكی جوانیش دەبەخشێت .
رزگار ئەحمەد كاری شوفێری لە نێوان هەولێر – سۆران دەكات بە زاری كرمانجی گووت" تەواو كردنی تونێلی پیرمام بۆ ئێمەی شوفێرانیش سوودی یەكجار زۆری هەیە، سەرباری ئەوەی بە هۆی دووساید بوون رێگاكە سەلامەترە لەهەمان كاتیش رێگاكە چەندین كیلۆمەتر كورت دەبێتەوە و بەمەش ئاسانكاری بۆ هاتووچۆ دروست دەبێت .
زیاتر دەڵێ " تەواو كردنی تونێلی پیرمام – كۆڕێ بۆ هاووڵاتییانی كوردستان و دەڤەری سۆران بە تایبەت سوودی هەیە، چونكە دەڤەرەكە گەشتیاریە و خەلكی شارەكانی كوردستان و تەنانەت عێراقیش بۆ گەشت كردن روو لە سۆران و رواندز و سنوورەكە دەكەن، لە هەموو وڵاتانیش كەرتی گەشت و گوزار گرنگی و تایبەت مەندی خۆی هەیە و لە رووی ئابووریەوە سوودی بۆ حكومەتیش هەیە، بۆیە پێویستە رێگا و بانەكانیش بە شێوەی ئەندازیەی و رێك و پێك چا بكرێن .
بەیار فایەق بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر بە زاری كرامنجی راگەیاند" لە ماوەی رابردوو وەفدێكی پارێزگای هەولێر بە سەرۆكایەتی د . فرسەت سۆفی سەردانی مەیدانیمان بۆ پڕۆژەی تونێلی پیرمام كردووە و كارەكان بەباشی بەڕێوەچن لە ئێستەدا 86% كارەكانی تونێلەكە بە كۆتای هاتووە .
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر دەڵێت " زۆربەی كارەكانی پڕۆژەكە تەواو كراون تەنها قۆناغی ئەلیكترۆنی میكانییك ماوە كە تایبەت بە دروست كردن و دانانی ئینارە و رووناكی، هەواگۆڕكێ، پەیداكەری هەوا و چەند كارێكی تر و بەشێكی قیڕتاوكردنیش ماوە .
دووپاتی كردەوە، پارێزگاری هەولێر هەموو ئامادەكاری و هاوكاریەكی بۆ كۆمپانیای جێبەجێ كار دەربڕیوە و پارەی پێویستیشی بۆ دابین كردوون، هەروەها كاتێكی دیاری كراویشی بۆ دەستنیشان كردوون، بەڵام كاتەكەمان بۆ راگەیاندنەكان ئاشكرا نەكردووە، بێگومان ئەگەر لەو كات و ساتەدا تەواو نەكرێت ئەوا كۆمپانیایەكە سزا دەدەین .
گووتیشی" تونێلەكە نزیكەی 25 كیلۆمەتری لە رێگای سەرەكی هەولێر – سۆران كورت كردۆتەوە و لەهەمان كاتیش دەبێتە دووساید و جەنجاڵی هاتووچۆ نامێنێت، بەشێوەیەكی گشتی تونێلەكە سوودی زۆری بۆ هاووڵاتییان هەیە و لە بەسەتۆڕە راستەوخۆ رێگاكە بە كۆڕێ دەبەستێتەوە .
لای خۆشیەوە، هۆزان هەینی ئەندازیار لە كۆمپانیای ئیلجی توركی و بەڕێوەبەری پڕۆژەی تونێلی پیرمام – كۆڕێ بە زاری كرمانجی راگەیاند" بڕیار وابوو لە كۆتای ساڵی 2018 تونێلەكە بكرێتەوە و كۆتای بەكارەكانی بێت، بەڵام بەهۆی دابین نەكردنی بووددجەی پێویست لە لایەن حكومەتەوە، كارەكانمان بە سستی بەڕێوەدەچوون و نەتوانرا لەكات و ساتی خۆی تەواو بكرێت .
زیاتر گووتی" پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئێمە لەسەر خەتە و بەڵێنی پێداوین كە بودجەی پێویستمان بۆ دابین بكات، ماوەیەكی كەمی بۆ ئێمە دیاری كردووە بەڵام ئێمە ناتوانین لەو ماوە كەمەدا كۆتای بە كارەكانمان بێنین .
بەڕێوەبەری پڕۆژەی تونێلی پیرمام – كۆڕێ ئاشكراشی دەكات، ئەگەر هیچ گرفتێك نەهێتە پێش بێگومان لە مانگی 1ی ساڵی نوێ كۆتای بەكارەكانمان دێنین و تونێلی پیرمام دەكەینەوە .
تونێلی پیرمام – كۆڕێ، چەند تایبەت مەندیەكی خۆی هەیە و بەشێوەیەكی ئەندازەی و ستاندەر دروست كراوە، تونێلەكە رێگایەكی دووسایدی بە درێژای شەش كیلۆمەتری لەگەڵە، لەهەمان كاتیش ئەو تونێلە بازگە و بنكەی ئاگر كوژێنەوەی و رووناكی بۆ دابین دەكرێت .
لە باشووری كوردستان جیا لە پڕۆژەی پیرمام – كۆڕێ، لە هەمان كات پڕۆژەی تونێلی بەنی هەریر – دۆڵی ئاڵانە، هەروەها تونێلی هەیبەت سوڵتان دووای ماوەیەكی كەمی كاركردن وەستاون و تەواو نەكراون، بەڕێوەبەرایەتی رێگا و بانی هەولێریش دەڵێت " تەواو كردنی تونێلەكان 500 ملیار دیناریان پێویستە. ئەمە لە كاتێكدایە چەند تونێلێكی تر وەك سۆركی شەقلاوە، تونیڵی میراوە لە سنووری هەولێر تەواو كراون لە پارێزگەی دهۆكیش تونێلی تەواو كراو هەن .
پڕۆژەی دروست كردنی رێگا و تونێلی ( سەڵاحەدین ) پیرمام – كۆڕێ، بە درێژای دوو هەزار و 450 مەتر لە رێكەوتی 9 – 12 – 2010 لە لایەن كۆمپانیای ئیلجی توركی، بە گوژمەی 152 ملیۆن و 823 هەزار و 766 دۆلار چووەتە واری جێبەجێ كردن و تا ئێستا تەواو نەكراوە .

زۆرترین بینراو