نزیكەی 120 هاووڵاتی كورد لە زیندانەكانی یونان دان

نزیكەی 120 هاووڵاتی كورد لە زیندانەكانی یونان دان

رەمەزان هەرنی – هەولێر : بەهۆی ئەوەی بەردەوام هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی چوونە دەرەوە بەرێگای قاچاغ روو لە وڵاتی یونان دەكەن بەپێی یاساكانی ئەو وڵاتە ژمارەك هاووڵاتی كورد لەو وڵاتە زیندانیكراون و پەرلەمانی كوردستان داوای یارمەتی لە كونسوڵی یونان كردووە بە پێی یاساكانی نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ هەڵسوكەوت لەگەڵ زیندانیە كوردەكان بكرێت.
د.رێبوار بابكەیی, سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردی لە پەرلەمانی كوردستان بە زاری كرمانجی راگەیاند:" تا ئێستا هیچ ئامارێكی وورد نیە لەسەر ژمارەی ئەو رەوەندە كوردانەی كە لە زیندانەكانی دەرەوەدان, بەڵام بەپێی زانیاریەكانمان لە زیندانەكانی وڵاتی یونان 100 بۆ 120 هاووڵاتی كورد لە زیندانەكانی ئەو وڵاتەدان كە بە پێی یاساكانی ئەو وڵاتە زیندانیكراون.
د. رێبوار، گوتیشی:" هەندێك لە پەنابەرە كوردەكانمان كە لە یونان دەژین سكاڵای خۆیان گەیاندۆتە ئێمە وەكو لیژنەی پەیوەندییەكان و رەوەندی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان و بەدواداچوونمان بۆ ئەو سكاڵایە كردووە، بەو هۆیەوە سەردانی كۆنسوڵی یونانمان كرد لە هەولێر و داوامان كرد كە كۆنسوڵی یونان بە ووردی لەسەر ئەو بابەتە قسە بكات و سكاڵامان پێگەیاندو هیوامان خواست كە كۆنسوڵی یونان ئەم بابەتە چارەسەر بكات، لەلای خۆیەوە كۆنسوڵی یونان بەڵێنی ئەوەی دا كە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی یونان قسە دەكات بۆ چارەسەركردنی بابەتی سكاڵاكە.
بابكەیی، ئەوەشی گوت :" وڵاتی یونان وڵاتێكی ترانزێتە و ژمارەیەك هاووڵاتی كاتێك سەردانی دەرەوە دەكەن بە رێگای یونان دا دەڕۆن و لەوێ نامێنەوە و سەردانی وڵاتانی تر دەكەن، هەندێك لەو هاووڵاتیانە داوای مافی نیشتەجێبوونیان كردووە لەیونان بەپێی رێككەوتنامەی ساڵی 1951 هەر دوو پرۆتۆكۆڵی نێودەوڵەتی لەسەر مافی مرۆڤ پێویستە هەموو دەوڵەتێك ئەگەر ئاوارە و پەنابەر لە خاكی وڵاتەكەی هەبێت بەپێی یاسای نێودەوڵەتی مامەڵەی لەگەڵ بكات بەهۆی ئەوەی مافی نیشتەجێبوون و خوێندن و شوێنێكی شیاو هەیە بۆ ژیانكرن بەپێی یاسای نێودەوڵەتی داوامان لە كۆنسوڵی یونان كرد كە هەڵسوكەوتی حكوومەتی یونان وەك ئەوە بێت كە حكوومەتی هەرێم لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆی دەكات.
د. رێبوار بابكەیی، ئەوەشی خستەڕوو:" لەسەر بابەتی بارودۆخی پەنابەرانی كورد لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قسەمان كردووە، بۆ ئەوەی ئامار و زانیاری تەواو وەربگرین، بەڵام بەداخەوە هیچ ئامارێك نیە، بۆیە تائێستا تەنیا زانیاریمان هەیە كە نزیكەی 120 هاووڵاتی كورد لە زیندانەكانی یونان دا هەنە بەپێی ئەو سكاڵایەی بەدەستمان گەیشتووە لەو وڵاتە".

زۆرترین بینراو