نهێنی سەركەوتنی خێزان

نهێنی سەركەوتنی خێزان

تریفە جەلال ساڵح بەرپرس و دامەزرێنەری ئەكادیمیای سمارت, بۆگەشەپێدان بەتواناو لێهاتوویەكان, ئەندامی باڵوێزانی گەشەپێدانی جیهانی ئەندامی سەنتەری جیهانی كەنەدی بۆ راهێنان و راوێشكاری, ئەندامی ئەكادیمیای نێودەوڵەتی بۆ راهێنانی كەسی وپەرەپێدانی سەركردایەتی, لە دیمانەیەكیدا, باس لە نهێنی سەركەوتنی خێزان, پەروەردەی منداڵان, گرفتی دایكان و باوكان دەكات لەگەڵ منداڵاندا.
دیمانە/ پشتیوان كەریم برادۆستی- سلێمانی
نهێنی سەركەوتنی خێزان لە چیدایە؟
*نهێنی سەركەتنی خێزان لە پێنج خاڵی زۆر گرینگدا پەیڕەو دەكرێت لە ناو خێزاندا, دەگەن بە بەختەوەری وئاسودەیەی كە هەموو كەسێك دەیەوێت پێی بگات, ئەم پێنج خاڵانەی خوارەوەن. خاڵی یەكەم: رێزگرتنە گەر سەیری ناو خێزانەكان بكەین ئەو شتەی كە هەموو كۆكن لە سەری و هەمووی داوایدەكەین رێزو خۆشەویستی و پێزانینە, هەڵسوكەوتی پیاو وایە حەز دەكات رێزی لێبگیرێت و سوپاسی بكرێت بەرامبەر ئەو هەموو ئەرك و ماندووبونەی كە دەیكات و لەهەمانكاتیشدا, هەڵسوكەوتی ئافرەتیش وایە حەز دەكات كە قسەی خۆشی بۆ بكرێت و گرینگی پێبدرێت حەز بە ئەمان بكات واتا هەست بەوە بكات كەوا لە ئەمان و ئاسایشی دایە ژیاندا.
خاڵی دووەم: پاڵپشت بوون, واتا هەمیشە هەست بكەیت كە ئەو پاڵپشتی تۆیە لە هەمان كاتیشدا ئەویش هەست بكات كە پاڵپشتی ئەویت, بوونی پاڵپشت لە خێزانەكاندا بابەتێكی زۆر گرنگە كە خێزان روو بەرووی گرفت و نارحەتی و بەرزی و نزمی دەبێتەوە لە ژیاندا, بەڵام گەر تۆ بزانی كەسێك پاڵپشتتە لە كێشەكاندا یا كەسێ پاڵپشتە لە كاتی نارحەتیەكاندا و نەخۆشیەكاندا, ئەمە وادەكات ئەو ئەمانەتەیە كە بەدوایدا دەگەڕێت ئەویش هەستدەكات كە پاڵپشتێك هەیە كە بەیەكەوە دادەنیشن چارەسەری هەموو ئەو نارحەتی و ناخۆشیانە دەكەن كە روو بەڕووی خێزانەكان دەبێتەوە.
خاڵی سێیەم: گوێگرتن لە یەكتری, مەسەلەی گوێگرتن واتا تۆ گوێبگری لە كەسی بەرامبەرت بۆ ئەوەی تێبگەیت, (سیڤن كوڤی) لە یەكێك لە كتێبەكانیدا باس لە حەوت خووەكانی خێزانی پێشەنگ دەكات یەكێك لە خووەكان دەڵێت : "گوێبگرە بۆ ئەوەی تێبگەیت" ئێستا گەر سەیر بكەین لە ناو خێزانەكاندا زمانی گفتوگۆ كەم بۆتەوە و نەماوە ئەویش ئەوەیە كە هەمیشە لە كتێبەكە باس لەوە دەكات ئێمەی مرۆڤ لە سروشتمان وا راهاتووین كاتێك گوێدەگرین لە كەسی بەرامبەر بیر لەوە دەكەینەوە چۆن وەڵامی بدەینەوە یان چۆن گفتوگۆ بكەین, بیر لەوە ناكەینەوە بەس گوێبگرین لە كەسی بەرامبەر بۆیە كاتێك بەم شێوەیە لە كەسی بەرامبەر گوێدەگریت بۆ ئەوەی وەڵامی بدەیتەوە بە هیچ شێوەیەك پێی ناوترێت گوێگرتن بەتایبەتی لە پەیوەندیە خێزانیەكاندا, بەراستی گەر گوێگرتن نەبێت لە ناو خێزانەكان, و نەگەرێین كە چۆن زمانی گفتوگۆ و زمانی گوێگرتن هەبێت لە نێوان خێزانەكاندا ئەو كات ئێمە هەمیشە بەدوای شوێنی ئارامدا دەگەرێین ناوچەی ئارامی چیە, بۆ ژن یا بۆ پیاو ئەویش ئەوەیە هەمیشە بەدوای كەسێكدا دەگەرێت كە لە ئاستی رۆشەنبیریدا لەگەڵ خۆیدا نزیك بێت كە بیرو بۆچونییان نزیك بێت لە یەكەوە ئەگەرێت بۆ كەسێكی وا كە لەگەڵیدا قسە بكات و گوێی لێبگرێت, ئێستا رێگا زۆرە بۆ ئەوەی كە كەسێك گفتوگۆ بكات لەگەڵ یەكدا یان بتوانێت قسە بكەن لەگەڵیەكدا گەر بێت و لە ناو خێزانەكاندا ئەمە نەبێت و گوێگرەكی باش نەبێت بۆ خێزانەكەت ئەوا لە دەرەوەی خێزاندا ئەتوانێ لە گەڵ كەسێكیتردا گفتو گۆ بكات كاتێك گفتۆگۆ كراو گوێی گیرا هاوسۆزی وتەعاتوفێك پیشانەدات لەنێوانیاندا, ئەمە وادەكات كە لەدەرەوەی خێزاندا بۆ ئەوی خێزانەكان پتەو بن لە مەسەلەی گفتوگۆ و گوێگرتن لە یەكتریدا هەیشە هەوڵبدەن بۆ یەكتری دەستەبەركەن بۆ ئەوەی لەدەرەوەی خێزان بگەڕێت بەدوای ئەم خاڵەدا.
خاڵی چوارەم : یەكتر قبولكردنمان وەك ئەوەی كە هەین, ئەبێت یەكتری قبول بكەین وەك ئەوەی كە هەین نەك وەك ئەوەی كە ئەمانەوێت, زۆر جار سڕینەوەی یەكتری یا ئەوەی كە من بمەوێت كەسێك بەرامبەرم نوسخەیەك بێت لەخۆم, یا پیاو بیەوێت نموونە ئافرەتەكە نوسخەیەك بێت وەكوخۆی شێوازی بیركردنەوە و ئێش و ئازاری قسەكردنی وەك وخۆی بێت, چونەدەرەوەی هەروەك خۆیبێت كە ئەمە سڕینەوەی یەكترە نموونە چەندەها كەسمان بینیوە و لەخێزانەكاندا هەیە خۆی وندەكات لە كەسی بەرامبەریدا یان خۆی دەتوێنێتەوە لەكەسی بەرامبەریدا, كە ئەمە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە چونكە تۆ كەسایەتی خۆتت هەیە هاوسەریشت كەسایەتی خۆی هەیە, واتا سڕینەوەی یەكتر یا تۆ نوسخەیەك بیت لە من, یا من نەسخەیەكبم لە تۆ ئەمە لەپەیوەندیە خێزانەكاندا پەیوەندیەكی هەڵەیە, چونكە جاری وا هەیە بە نەمانی كەسی بەرامبەر ئەو كەسە توشی شكستێكی گەورە ئەبێت لەژیاندا خۆی نادۆزێتەوە و خۆی وون دەبێت, بۆیە پێویستە هەمیشە هەوڵبدەین كە بەدوای ئەوەدا بگەڕێین ئەوەی كە هاوبەشەكانمان چین هەمیشە خاڵە هاوبەشەكانی خۆمان گرینگی پێ دەین لە پەیوەندیە خێزانیەكاندا بیر لەوە بكەیتەوە كە من كۆمەڵێك خاڵی هەیە ئەویش كۆمەڵێك خاڵی هەیە, بەڵام هەریەكەمان خاڵی هاوبەشی زۆر بەهێزمان هەیە لە خاڵە هاوبەشەكاندا هاوبەشی یەكتربین لە خاڵە ناكۆكیەكانیشدا موراعاتی یەكتری بكەین, كە هەر یەكەمان ئەو شتانەی كە پێی خۆشە یان ئەو شتانەی كە رێگایەكە بۆ سەركەوتن بۆ خۆی ئەوانە پەرە پێبدات و بەرەو سەركەوتن بڕوات.
خاڵی پێنجەم: بوونی متمانەیە, متمانە لەناوخێزاندا متمانە لەناو ژن و مێردا ئەمە خاڵێكی زۆر گرینگە زۆر جار نەبونی متمانە كۆمەڵێك كێشەی گەورە بەدوای خویدا دەهێنێت, نەبوونی متمانە وادەكات كە تۆ هەمیشە لە گوماندا بژیت كاتێك كە ژن و مێردێك هەمیشە لە گوماندا بژین, ئەمە وایان لێدەكات كە هیچ كات مورتاح نەبن لە ژیانی خۆیاندا, بوونی متمانە وا دەكات كە تۆ ئەو بەختەوەریە خێزانیەت دەست كەوێت كە چەند ساڵە هەوڵی بۆ دەدەیت و بەدوایدا دەگەڕێیت.

 

زۆرترین بینراو