نووسینگەی نوێكردنەوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل و بەناوكردن لە سۆران دەكرێتەوە

نووسینگەی نوێكردنەوەی ساڵیانەی ئۆتۆمبێل و بەناوكردن لە سۆران دەكرێتەوە

ئا- ڕائیب شێروانی : وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دوای تەواو بوونی بینای بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران كە 85% كارەكانی تەواو بووە، تەواوی دەسەڵاتی پۆلیسی هاتووچۆ دەگوازینەوە بۆ سۆران و پێویست ناكات هاووڵاتییانی دەڤەرەكە بۆ ژمارە نوێكردنەوە، وەرگرتنەوە و نوێكردنەوەی سەنەوی و مۆلەت سەردانی هەولێر بكەن.
رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆران بۆ دەزگاكانی راگەیاندن دیاركرد:" لە ماوەیەكی نزیكدا بینیای بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران تەواو دەبێت كە ئێستا 85% كارەكانی تەواو بووە، ئەو كات تەواوی دەسەڵاتی پۆلیسی هاتووچۆ دەگوازینەوە بۆ سۆران و پێویست ناكات هاووڵاتییان لە هەر چوار قەزای سۆران، مێرگەسۆر، چۆمان و رواندز بۆ ژمارە نوێكردنەوە، وەرگرتنەوە و نوێكردنەوەی سەنەوی و مۆڵەت سەردانی هەولێر بكەن، تەواوی دەسەڵاتەكان دەگوازینەوە سۆران".
وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتیشی:" بابەتی لۆگۆ كۆنتڕۆڵ كراوە، بەشێك لەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە دوای دەوام دەبینین، مۆڵەتیان پێ دراوە، هەندێك لە دامەزراوەكانی حكوومەت ئەوانەی خزمەتگوزاری پێشكەش دەكەن دوای دەوام پێویستە ئۆتۆمبێلەكانی میریان لا بێت، لۆگۆی پێیە، لە هەمانكاتدا پسوولەیەكی پێ دەدرێت لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ كە رێگە پێدراوە، رەنگە تاك تاكیش هەبێت تەجاوز بێت".
سەبارەت بە ئۆتۆمبێلەكانی بی ساڵیانە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێ:" بابەتی ئۆتۆمبێلەكانی بێ ساڵیانە كە لە سۆران هەن، پۆلیسی هاتووچۆی هەولێر راسپێردراوە بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتە بدۆزێتەوە لە ئایندەدا بەرهەمەكەی دەبینن".

زۆرترین بینراو