نووسەرێك ماڵەكەی خۆی دەكاتە كتێبخانە

نووسەرێك ماڵەكەی خۆی دەكاتە كتێبخانە

رەمەزان هەرنی – بارزان: لە گوندێكی دەڤەری بارزان لە سنووری شارۆچكەی مێرگەسۆر، نووسەرێك و كتێبخانەكەی بوونەتە هەگبەیەك بۆ قوتابیانی قۆناغەكانی پەیمانگە و زانكۆ بۆ دروستكردنی لێكۆڵینەوە لە سەر ئەنفال و جینۆسایدەكانی گەلی كورد.
رێبوار رەمەزان بارزانی، نووسەرو توێژەری كۆمەڵایەتی ، بە زاری كرمانجی گووتی " لە گوندی بازێی دەڤەری بارزان نیشتەجێم، بەهۆی ئەوەی بە بەردەوامی قوتابیان و توێژەران و روژنامەنوس و مێژوونووسان و خەڵكانێك سەردانی ماڵەكەمیان دەكرد، بەمەبەستی سوود وەرگرتن لە كتێبخانەكەم بۆ ئەنجامدانی تویژینەوە باس و ڕاپوڕت لەسەر جینۆساید و كۆمەڵكوژی و شەهیدان و ئەنفالكراوان، بیرم كردەوە ببمە هاوكارێكی باشی ئەو توێژانە، بۆیە بەردەوامیم بە هەوڵەكانمدا سەركەوتوو بووم، بۆ قوتابیان پڵان، بەرنامە، گرفت و ئامانجی توێژینەوەكانیشیان بۆ دا‌دەرێژم و هاوكارییان دەكەم، بەمەش زیاتر روویان تێكردم، تەنانەت لەسەر ئاستی كوردستان خەڵك سەردانیم دەكەن، بەتایبەتی لەسەر بابەتەكانی جینۆسایدو ئەنفاڵ".
گووتیشی " تا ئێستا هاوكاری زیاتر لە (80) قوتابیم لە سەرانسەری كوردستان (لە زاخو تا هەڵەبجە)كردووە، بەمەبەستی دەسنیشانكردنی گرفت و باس و بەرنامە و پڵانی توێژینەوەی دەرچوون لە بوارەكانی جینۆساید و ئەنفال و جۆر و قۆناغەكانیان, بە پێشكەشكردنی زانیاری و وێنەو بەڵگە و كتێب, هاندانیان".
ئەوەشی خستەروو " خاوەن ( 56 ) كتێبی چاپكراوم, كە تایبەتن بە جینۆساید و ئەنفال و راگواستن و كۆمەڵكوژی و تاوانە دژ بەمرۆڤایەتییەكان بەگشتی. هەروەها (6) شەش كتێبی تریشم ئامادەی چاپن. جگەلە لەمانەش دەیان توێژینەوەی مەیدانی و ئەكادیمی و زانستیم ئەنجامداون لە شێوەی ڕاپرسی و فورم, دواتر وەك تویژێنەوەی (مەیدانی و تیۆری) داتا و ئامارەكان سوودیان لێ‌ بینراوە و بڵاوكراونەتەوە, ئەمە جگە لە سەدان بابەت و وتاری ڕۆژنامەوانی".
ئاشكرایكرد" دوو كتێبم لەم پەنجاو شەش كتێبە چاپكراوانەم لە بەرنامەی خوێندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەكارهاتوون و سوودیان لێبیندراوە و ئێستا لە قۆناغەكانی خوێندن (لە پۆلی دەیەمی زانستی و وێژەیی و خوێندنی پیشەیی و پەیمانگایەكان) دەخوێندرێت".
لە بارەی جۆر و ژمارەی ئەو بەڵگە و دیكۆمێنتانەی هەیەتی گووتی" زیاتر لە (5500) پێنج هەزار و پێنج سەد بەڵگەی جۆراو جۆری تایبەتن بە تاوانی دژ بەمرۆڤایەتییەكان و ئەنفال و جینۆسایدی كورد و كوردستان كە بەشێوازی نهێنی و ئاشكرا لەڵایەن حكومەتی عێراق و چەندین وڵاتی تر نووسراون. زیاتر لە 28 هەزار وێنەی جۆراوجۆری تایبەت بەو تاوان و نەهامەتیانەی بەسەر گەلی كوردو كوردستاندا هاتوون. زیاتر لە 2 هەزار چاوپێكەوتنی چڕ و تێر و تەسەل لە سەر بەجێماوان و رزگاربووانی جینۆساید و ئەنفال و كەسوكاری شەهیدان و قوربانیانی جەنگ و تاوانە دژبە مرۆڤایەتییەكان".

 

زۆرترین بینراو