نۆ ساڵە ساردخانەی میوەی چۆمان نەخراوەتە خزمەتی جوتیاران

نۆ ساڵە ساردخانەی میوەی چۆمان نەخراوەتە خزمەتی جوتیاران

زاری كرمانجی-باڵەكایەتی: چەند ساڵێكە ساردخانەیەكی میوە لە گوندی رێشدووری باڵەكایەتی دروستكراوە، بەڵام تا ئێستا تەنها یەك سندوق میوەی ناوچەكەی تێدا هەڵنەگیراوە، كەچی بەرهەمێكی زۆری خۆماڵی ناوچەكە دەگاتە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و جوتیارانیش دەڵێن لە بازاڕدا بەرهەمەكانمان بەناچاری هەرزانفرۆش دەكەین.
مستەفا میر، جوتیارێكی ناوچەكەیە و ساڵانە بەرهەمێكی زۆری خۆماڵی هەیە، ئەو جوتیارە بۆ زاری كرمانجی گووتی: باڵەكایەتی بەهۆی بەپیتی خاك و ئاو و هەوا سازگارەكەی، بەرهەمێكی زۆری خۆماڵی هەیە، ساڵانەش بەرهەمێكی زۆر لەو ناوچەیە دەگاتە بازاڕەكان، بەڵام جوتیار و باخدارەكان هەمیشە ئەو خەرجییەی كە ساڵانە لە باخەكانیان دەكەن، هەڵی ناگرنەوە، چونكە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بە پێی پێویست هاوكاری جوتیارەكان ناكات، بۆ نموونە ئەوكاتانەی بەرهەمی خۆماڵی پێدەگات بەرهەمی جوتیاران نرخەكەی زۆردادەبەزێت، چونكە لە سنوورەكان ئەوەندە گوشار ناخرێتە سەر هاوردەكردنی بەرهەمی دەرەوە.
ئەو جوتیارە داوادەكات ئەو ساردخانەیەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروستی كردووە، وەگەڕبخرێت و بخرێتە خزمەت جوتیار و باخدارانی باڵەكایەتی، چونكە بە گووتەی ئەو: ئەگەر ساردخانە هەبێت و بەرهەمی ئێمە وەربگرێت، ئێمەش ئامادەین بەو نرخەی حكوومەتی هەرێم و وەزارەتی كشتوكال دایناوە، میوە و بەرهەمەكانمان لەناو ساردخانە دانبێین، بۆ ئەوەی لە ئێستادا هەرزانفرۆشی نەكەین، بەڵكو لەكاتی پێویست بخرێتە بازاڕ بۆ ئەوەی ئێمەش قازانجێكی وا بكەین، بۆ ئەوەی لە ساڵێكی تر لەسەر كاسبیەكە و كاری خۆمان سارد نەبینەوە.
سەیفەدین موحسین، خاوەن باخێكی دیكەیە و دەڵێت: ساردخانە یەكێكە لە كارە هەرە باشەكانی حكوومەت كە دەستی بۆ برد، بەڵام بەداخەوە نەخراوەتە خزمەت بەرهەمی خۆماڵی، ئێستا باڵەكایەتی بەرهەمێكی زۆری خۆماڵی هەیە، من بۆخۆم كە بەرهەمی سێوی ئەمساڵ دەگەیەنمە بازاڕەكانی كوردستان دەبینم سێوی دەرەوە لە گومرگی سەوزە و میوە هەیە و پارەی باشتریش لە هی ئێمە دەكات، كەچی وەك سێوەكانی ئێمە جوانتر نییە، بەرهەمی ئێمەش بە رێگایەكی سروشتی پێدەگات و تام و شێوەشی لە هی دەرەوە زۆر جیاوازتر و بەرچاوترە.
ئەو جوتیارە گووتیشی: بواری كشتوكاڵی یەكێكە لەو بوارانەی كە بواری ئابووری وڵات بەرەو پێش دەبات، كەچی حكوومەتی ئێمە وەك پێویست بایەخی پێنادات، من بۆ یەك كیلۆ سێو دەبێت سەد دینار بدەم تا بەرهەمەكەم دەگەیەنمە بازاڕ، كەچی لە بازاڕ سێسەد یان چوارسەد دینار دەكات، بەڵام ئەگەر ساردخانەی میوەی چۆمان بەگەڕبخرێت، هەم من وەك جوتیار سوودی لێوەردەگرم، تا ئەوكاتەی لە بازاڕ نرخەكەی كەمێك هەڵدەستێتەوە، هەمیش حكوومەت لەكاتی گوشاردا سوودی لێوەردەگرێت و ناڕەزایەتی جوتیارانیشی لەكۆڵ دەبێتەوە و سوودێكی ئابووریش بە خەزێنەی حكوومەت دەگات.
ئەم جوتیارە هێما بۆ ئەوە دەكات: ئەگەر ساردخانەكەمان بخرێتە خزمەت جوتیاران، ئێمەش دەتوانین زیاتر لە پێشان خۆمان ماندوو بكەین و بەرهەمی زیاتریش بخەینە بازاڕ، لەهەمان كاتیشدا دەتوانین لە كاری كشتوكاڵیدا زیاتر پێشكەوین، بۆیە داوا لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەكەم هەرچی زوە ساردخانەی چۆمان بەگەڕ بخاتەوە.
سولێمان عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی چۆمان، سەبارەت بەم ساردخانەیە بە زاری كرمانجی راگەیاند: تا ئێستا ئەم پڕۆژەیە رادەستی ئێمە نەكراوە، ئەوكاتەی پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی دروستكردنی كرد و بەشێوەیەكی فەرمی نەكرایەوە، هەر وەك خۆیەتی و ئەوەی من ئاگاداربم كارێكی وای نەماوە نەخرێتە خزمەتی جوتیاران، تەنها هەندێك كاری یاسایی ماوە بۆی جێبەجێ بكرێن.
گووتیشی: ئەو سارداخانەیە لەسەر ئاستی قەزای سۆران و قەزاكانی دەوروبەری تاكە ساردخانەیە دروستكراوە و جێگای ئەسەفە بەمجۆرە ناخرێتە خزمەتی بواری كشتوكاڵی.
بەقسەی بەڕێوەبەری كشتوكاڵی چۆمان، ئەگەر ئەم ساردخانەیە بۆ بەرهەمی خۆماڵی ناوچەكە سوودی لێوەربگیردرێت، كاریگەری زۆری لەسەر بووژانەوەی ئابووری جوتیاران دەبێت و بواری كشتوكاڵی ناوچەكەش گۆرانكاری زۆر بەخۆیەوە دەبینێت، چونكە بە گووتەی ئەو: جوتیار و باخدارانی ئەم ناوچەیە ئەگەر ساڵانە قازانجێكی زۆر لە بەرهەمەكانیان بكەن، راستەوخۆ ئەمە كاریگەری دەبێت لەسەر ساڵێكی دیكەیان، بۆ ئەوەی زۆر خۆیان ماندوو بكەن تاكو بەرهەمی زیاتر بخەنە بازار.
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی چۆمان دەشڵێت: لەهەموو وڵاتان جوتیاران سوودی گەورە لە ساردخانەكان وەردەگرن، كەچی ئێمە بودجەیەكی زۆرمان لێ خەرج كردووە و ماوەیەكی زۆرمان كاركردووە بۆ ئەوەی بەم هیوایە بگەین، كەچی تا ئێستا نەكراوەتەوە، ساردخانەی میوە نەك تەنها بۆ بەرهەمی پاییزی، بەڵكو لە هەموو وەرزێك سوود بە جوتیاران دەگەیەنێت، ئەمیش بۆ بەرهەمی (خەیار، تەماتە، ترێ، هەرمێ، سێو، خۆخ، قەیسی، پیواز و بەرهەمە جۆراوجۆرەكانی دیكەی وەك سپیایی) لەهەمان كاتیشدا حكوومەت سوودی ئابووری پێدەگات، بۆیە ئەگەر هەركاتێك وەزارەتی كشتوكاڵ ئەم پڕۆژەیە رادەستی ئێمە بكات، یان رادەستی كەرتی تایبەتی بكات، كیشەگەلێكی زۆری جوتیاران و خاوەن باخەكانی ئەم ناوچەیە چارەسەر دەبێت.
لە ساڵی 2010 حكوومەتی هەرێمی كوردستان پڕۆژەی ساردخانەی میوەی چۆمانی خستە بواری جێبەجێكردن، بەڵام تا ئیستا سندووقێك میوەی تێدا هەڵنەگیراوە، ئەم پڕۆژەیە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر بە بڕی 2 ملیارد و 111 ملیۆن و 397 هەزار و 300 دینار دروستكراوە.‌

زۆرترین بینراو