نیاز عەبدولڵا: دیموكراسی ڕاستەقینە بەدی نایەت بەبێ بەشداری كردنی ئافرەت لە بڕیاردان

نیاز عەبدولڵا: دیموكراسی ڕاستەقینە بەدی نایەت بەبێ بەشداری كردنی ئافرەت لە بڕیاردان

محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی: نیاز عەبدولڵا عارف، چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنی و بەرپرسی ناوەندی چالاكی و پێگەیاندنی سەرچناری سەر بەناوەندی باڵای سلێمانی یەكێتی لاوان، لە دیدارێكی زاری كرمانجی باس لە دۆخی ئافرەتان و بەشداری پێكردنیان لە كایەی سیاسی و چەند پرسێكی هەنوكەی پەیوەیست بەدۆخی ژنان دەكات.

 *دۆخی ئازادی ژنان لە باشوور چۆن هەڵدەسەنگێنی؟


بەشێوەیەكی گشتی تائێستاش لە باشووری كورستان نەتوانراوە پرسی ژن ببێت بە پرسێكی گشتی چونكە تائێستا ئەو پرەنسیپانەی كە كۆمەڵگای كوردی بەناوی شەڕەف و ئەخلاقەوە هەرماوە بۆ توندووتیژی دژ بە ژنان، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو كێشانە كە هەیە دژی ئافرەتان، لەم چەند ساڵانەی ڕابردوو دا و لەژێر دەسەڵاتی سیاسی كوردی ئازادی ژن پێشكەوتنی ئەرێنی بەخۆیەوە بینیوە، لەڕێگای چەندین ڕێكخرا و دەزگایەكەوە كاری باش بۆ هۆشیاركردنەوەی ژنان كراوە، ئازادی ئافرەت هەنگاوی بەرچاوی هەڵهێناوە و دەسەڵاتی كوردی بەهەموو شێوەیەك هاوكاری ژنان و ئافرەتانی كردووە بۆ بەدەستهێنانی ئازادییەكانیان و مافەكانیان، ژنان تا ڕادەیەكی باش بڕوایان بە خۆیان هەیە و خۆیان بڕیار دەرو ڕێبەری كاری خۆیانن، هەروەها دەسەڵاتی كوردی پاڵپشتی ژنان بووە بۆ مافەكانیان و بۆ نموونە لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی دژی ژنان بەرێز نێچیرڤان بارزانی لە ساڵی ٢٠٠٧ وە ساڵانە لە هەرێمی كوردستان كەمپەینی شانزە ڕۆژی ڕادەگەیەنێ بۆ چڕكردنەوەی كار و چالاكییەكان بۆ ئامانجی بەرزگرتنی توندووتیژی دژی ئافرەتان.

*لە روانگەی زانستی كۆمەڵناسیەوە، چۆن خوێندنەوە بۆ كلتووری كۆمەڵگەی كوردی دەكرێت؟ ئایا بە میتۆدێك دەتوانریت هەندێك كلتووری ناتەندروست كاڵبكرێتەوە، بەتایبەتی توندووتیژی خێزانی و پەروەردەیی.


یەكێك لە هەرە هۆكارەكانی كێشە كۆمەڵایەتییەكان بریتیە لە گۆڕانی كۆمەڵایەتی، بۆ نموونە لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ گۆڕانی كۆمەڵایەتی لە كۆمەڵگای كوردی سەری هەڵداوە، هەرچەندە ئەم گۆڕانە لە زۆر ڕوەوە ئیجابی و بەسوودە، بەڵام هەندێك كێشەو گرفتی كۆمەڵایەتی هێناوە وەك كێشەی توندووتیژی خێزانی و پەروەردەی كە پەیوەندی بەو گۆڕانكاریانەوە هەیە،  بۆ نموونە پەیوەندی هەیە بە داواكاری و خواست و پێویستیەكان و جۆری بیركردنەوە لە بەینی نەوەی پێشوو و نەوەی تازە دا، دواجار بەریەك كەوتن و ململانێ و توندووتیژی لێدەكەوێتەوە بۆیە پێویستیمان بە هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگە هەیە، پێویستە هەریەكێكمان لەماڵی خۆمانەوە دەست پێبكەین بۆ كاڵكردنەوەی ئەو كلتوورە دیكتاتۆریەیی بەناوی شەڕەفەوە دەخرێتە پاڵ ژن و ئافرەت، ئەوەش هەروا زوو ناگۆڕدرێت بە تێپەڕبوونی چەند جیل و نەوەیەك بەدوای یەكدا، بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژی پێویستە یاسایەكی توند هەبێت كە سزایەكی قورسی بدات بەسەر ئەو كەسانەی ئەم توندوتیژیە ئەنجام دەدەن بۆ ئەوەی كەس بیر لە توندووتیژی نەكاتەوە.


*بەشداری سیاسی ژنان لە سێكتەرەكانی حكوومڕانی كۆمەڵگەی كوردی تاچەند لەگەڵ پێوەرەكانی یەكسانی جێندەری هاوكۆكە.


ئافرەتی كورد بەدرێژایی مێژوو توانیوویەتی ڕۆڵی گەورە و كاریگەر ببینێت لەلایەك بۆ ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان شانبەشان لەگەڵ پیاودا لەخەبات و تێكۆشان دا بووە، لەلایەكی ترەوە خەباتی كردوە بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی و بەدیهێنانی یەكسانی لەگەڵ پیاو دا، لە قۆناغە جیا جیاكاندا ئافرەت توانیویەتی ببێتە خاوەن هێز و دەسەڵات، نموونەی ئەم ئافرەتانەمان زۆرە لە مێژوو دا وەك ( مەستورە خانمی ئەردەڵانی و خانزادی میری سۆران قەدەم خێر و عادیلە خانم و حەپسە خانی نەقیب، لەسەردەمی دەسەڵاتی كوردیدا ئافرەتی كورد زۆر هەوڵی داوە و تێكۆشاوە كە بەشداری بكات لە هەموو كایەكانی ژیان دا و بە تایبەتی لە كایەیی سیاسی و دەسەڵات دا ڕۆڵی هەبێت، لەم چەند ساڵەی دوایی دا لەكایەیی سیاسی و دەسەڵات و یەكسانی جێندەر ئافرەت پێشكەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، سەرەڕای ئاستەنگی زۆر و ئەو بەربەستانەی كە هاتونەتە ڕێگای و تاڕادەیەك توانراوە ئەوە بسەلمێنرێت كە ئافرەت لەگەڵ پیاو وەك یەك ئەرك و مافیان هەیە هەردووكیان پێكەوە ئەتوانن ڕەوڕەوەی ژیان بسوڕێنن، لە ڕووی ئاینی یەوە هیچ كێشەیەك نیەو لە قورئان دا هیچ دەقێك بەدی ناكرێت كە ئافرەت بەكەمتر لە پیاو بزانرێت، دەسەڵاتی سیاسی و حكوومی لە كوردستان دركی بەو ڕاستیە كردووە كە دیموكراسی ڕاستەقینە بەدی نایەت بەبێ بەشداری كردنی ئافرەت لە بڕیاردان، تا ڕادەیەكی باش گوێبیستی داخوازییەكانی ئافرەتان بووە و بۆتە خەمخۆری مافەكانیان.


*لە ئێستای كۆمەڵگەی كوردی بابەتێك بۆتە جێگای قسەكردن، ئەویش كۆچی گەنجان و كەمبوونەوەی پڕۆسەی هاوسەرگیریە، ئایا ئەمە كاریگەری لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی نابێت؟

كۆچی گەنجان لە كوردستان بۆتە دیاردەیەكی بەربڵاو و ترسناك بۆیە جێگای تێڕامان و هەڵوێست لەسەر كردنە، ئەوانەی زیاتر كۆچ دەكەن زۆربەیان لە گەنج و ڕەگەزی نێرن، ئەم توێژە توێژێكی گرنگ و ئومێد بەخشی ئەم گەلەن، كەمبوونەوەی ئەم توێژە لەكۆمەڵگادا هاوكێشەی كۆمەڵایەتی تێك دەچێت و یەكێك دەبێت لە هۆكارەكانی كەمبونەوەی هاوسەرگیری و دروستكردنی خێزان و زۆر بوونی ڕەگەزی بەرامبەر و زۆر بوونی ئافرەتی قەیرە و چەندین كێشەی كۆمەڵایەتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بارودۆخی عێراق و نا ئارامی ناوچەكە و ڕێك نەكەوتنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و كۆتای نەهاتن بەگرژیەكان و سەرهەڵدانی شەڕ بەبەردەوامی و لەسەروی هەموویانەوە كێشەی قەیرانی دارایی و بێكاری و چەند هۆكارێكی تریش وای لەگەنجان كردوە كۆچ بكەن بۆ دەرەوەی ووڵات بە ئامانجی گەیشتن بە خۆشی و ئارامی و داهاتوویەكی باشتر." ئەم كۆچ كردنە كاریگەری لەسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەبێت ، ئاسایشی كۆمەڵایەتی یەكێكە لە هەرە پایە گرنگیەكانی ئاسایشی نیشتیمانی ئەگەر چارەسەركردنی بنەڕەتی بۆ نەدۆزرێتەوە دەبێتە هۆی شڵەقاندنی كۆمەڵگە، بۆیە لەسەر هەموو لایەك پێویستە ڕێگری بكرێت لە كۆچی گەنجان و متمانە بۆ گەنج بگەرێتەوە، دەسەڵاتی سیاسی لە كوردستان پێویستە زیاتر گرنگی و بایەخ بە گەنج و لاوەكانمان بدات و داواكاریەكانی بۆ جێبەجێ بكات، ژیانێكی ئارام و ئاسودەیان بۆ دابین بكات و هەلی كاریان بۆ بڕَەخسێنێت.

*یەكسانی جێندر لەرووی پێدانی پۆستی سیاسی و حكوومی لە هەرێم جێبەجێ كراوە؟

لە ئێستادا بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ڕێژەیەكی یەكجگار زۆر ژنان و ئافرەتان هاتونەتان ناو كایەكانی سیاسی و حكوومییەوە و ڕێژەی ئافرەت لەناو پەرلەمان و بەشێوەیەكی بەرچاو بەشداری پێكردنیان لە كۆبونەوەكان دا و لە بارەی پڕۆژە یاسا و بڕیاردان دا ڕۆڵێكی باشیان 
هەیە و بەرپرسیاریەتی و ‌وەركی خۆیان سەلماندووە. 

*بەشداری پێكردنی ژنان لە كاروباری سیاسی بەشداری پێكردنێكی راستەقینەیە یا رووكەشیە؟


ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەوەیە حكوومەتی هەرێم هەنگاوی زۆر جدی و باشی بۆ ناوە كە ئافرەت لە كایەیی سیاسی و حكوومی و كۆمەڵایەتی و ئابووری دا كاریگەری و بوونی هاوتای هەبێت بە پیاوان و موژدەیەكی مەزنی بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی و پێشكەوتوخوازە، ژنان ڕەگەزێكی گرنگی كۆمەڵگان و ڕۆڵی گەورەوكاریگەر دەگێرن لە بەڕێوەبردن ئەگەر دەرفەتیان بۆ بگێڕدرێت، بەشداری پێكردنیان لە كاری سیاسی  دا بەشداریەكی ڕاستەقینەیە كە زۆر ئافرەت هەیە لە دامەزراوە حیزبی و حكوومییەكان دا لە پلەی وەزیفی بەرزدان و بڕیار بەدەستن وە لەهەموو جومگەكانی دەسەلات دان و خاوەن بڕیاری خۆیانن.

زۆرترین بینراو