نیشتمانێك لە تاوان

سۆران سرێشمەیی


لە هەولێر دووکەس بە دەستڕێژی گوللە کوژران، لە سلێمانی بە چەقۆ هێڕشکرایە سەر تەڕەفرۆشێک و بەسەختی بریندارەو باری تەندرووستی ناجێگیرە، لە دهۆک کچێکی نۆ ساڵان دوای رفاندنی و دەستدرێژی سێکسی لەلایەن کەسێکەوە کە تەمەنی نزیک پەنجا ساڵە پارچە پارچە کرا، لە هەڵەبجە سێ برا خوشکەکەیان سەر دەبڕن، لە زاخۆ کەسێک بە پێمەڕ ( خاکەناس) هێڕشدەکاتە سەر کەسێکی ترو دەستبەجێ گیانی سپارد.
لە ڕانیە باوکێک خێزان و مندالەکانی سەر دەبڕێت، لە سلێمانی پیاوێک ژن و منداڵەکانی دەسووتێنێ، لە گەرمیان دایکێک لەلایەن کوڕەکەیەوە کوژرا، لە سۆران کەسێک بەدەمانچە چەند کەسێک دەکوژێ، لە فلان شار کوڕێک دایک و باوکی خۆی دەکوژێت، لە سیدەکان لەسەر پارچە زەوییەک یەک دەرزەن پیاو کوژار، لە گەرمیان لەسەر کێشەی زەوی و زار، دوو عەشیرەت بەچەکی قوڕس رووبەڕووی یەکتر بوونەتەوەو کوژراو و برینداریش هەن.
لە هەولێر کەسێک هەڵدەکوتێتە سەر مالێک و جگە لە زیانی ماددی کوڕی مالەکەشی کوشتووە، لە فلان کافتریا لە چەمچەمال بە چەند کەسێک پەلاماری گەنجێک دەدەن و دوای کوشتنی تەرمەکەشی دەشێوێنن، لە چیای ئەزمەڕ تەرمی ژنێک دۆزرایەوە، لە ناوەندی سلێمانی ڕۆژنامەنووسێک و هاوسەرو منداڵەکەی لە رووداوێکی نادیار کوژران، لە هەولێر لەسەر شەقامی شەست مەتری دەبێتە شەڕە کلاشینکۆف لە ئەنجامدا کوژراو برینداری زۆر هەن، لە فلان گەرەک چەند کەسێک دەسترێژی سێکسی دەکەنە سەر ئافرەتێک.
تکایە ئاگادار بن لە فلان شوێن باندێکی تەزویرکردنی پارە پەیدابووە، لە هەولێرو سلێمانی دزی بۆتە دیاردە، چەند چەکدارێک هەڵدەکوتنە سەر چێشتخانەیەک و خاوەنەکەی دەدەنەبەر قۆناغە تفەنگ، لە فلان گەڕەک تەقە لە ماڵی هاوڵاتیەک کرا، کچێکی دوازدە ساڵان لە پیاوێکی شەست ساڵی مارەکرا، فڵان بەناو مەلا و شێخ و بەناو پیاو چاك، بە بیانووی کردەی نووشتەو قاغەزی سێگۆشەی شەیتانی، خەریکی ئیشی قۆڕە، بەهۆکاری جیاواز، رێژەی تەڵاق لە شەش مانگی ئەمساڵ، ژمارەی پێوانەی تۆمارکر.
بەهۆی یاری پۆپجی کەسێک هاوڕێیەکی خۆی دەکوژێت، لەسەر نامەیەکی بەهەڵە هاتوو بۆ مێسنجەری کچێک، براکانی خوشکەکەیان لەسێدارە دەدەن، لە فلان شوێن کەسێک کۆتایی بە گیانی خۆی هێنا.
بەهۆی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیا لەلایەک و تۆپخانەکانی ئێران بۆ سەر سنورەکانی هەرێمی کوردستان، لەلایەکی تر، ژمارەیەک هاوڵاتی بوونە قوربانی، پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی و پەکەکە، یەکێتی و گۆڕان و حزبەکانی تر، بەرەو ئاقارێکی مەترسیدا هەنگاو دەنێت و باسی شەڕی ناوەخۆش لە ئارادایە، بەشێک لە پەرلەمانتارانی کورد لە بەغدا، داوادەکەن حکومەتی عیراق بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە نەکات.
مافیا زۆرەو قاچاخچیەتی و تاڵانکاریش زۆر باسدەکرێ.
مووچە خۆر، بەخوا قەسەم گیرفانم یەک دیناری تێدانیەو بەرمیلی نەوتیش وەک گیرفانم خاڵیەو هەروەها کرێچیم و خاوەن کرێ داوای حەقی خۆیدەکات، جگە لەمەش هێندە بڕە پارە قەرزاری فلان دووکاندارم و ئێ دە وەلاهی مندالەکانیش داوای شتم لێدەکەن و خێزانیشم نۆبەتی دکتۆریەتی، کەسیش پارەم بە قەرز ناداتێ، تا عیلاجی بەشێکی کەم لەهەموو دەردو ناخۆشیانەم بکەم.
هەروەها بەغدا پارە بنێرێ، ئێمەش لە کوردستان مووچە دابەشدەکەین.
هاری ڕەگێکی لە برسیەتیەوەیە.

 

زۆرترین بینراو