نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێك له‌باره‌ی دۆخی عێراق بڵاودەكاتەوە

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێك له‌باره‌ی دۆخی عێراق بڵاودەكاتەوە

دەقی پەیامەکە:
بە نیگەرانییەوە لە ڕووداو و توندوتیژییەکانی ئەم چەند ڕۆژەی بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکەی عێراق دەڕوانین. خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیانە، مافێکی دەستووریی پارێزراوە، بەڵام نابێت بۆ توندوتیژی و پێکدادان و نانەوەی پشێوی و ده‌رچوون له‌ یاسا بگۆڕێت و هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ئاسایشی گشتی و تێكدان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت بكات.
كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی عێراق له‌دایكبووی ڕۆژ نین، به‌ڵكوو زاده‌ی ڕه‌فتار و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌كانی ده‌یان ساڵی ڕابردووی حكوومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراقن و هیچ حكوومه‌تێك ناتوانێت له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا چاره‌سه‌ریان بكات. به‌دیهێنانی خواست و داواكانی گه‌ل، هاوكاری و پشتگیریی هه‌موو هێز و لایه‌نه‌كانی ده‌وێت. پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیری و ئێستا و داهاتووی وڵات، ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیی هه‌مووانه‌ و وریایی و داناییی هه‌مووانی پێویسته‌.
عێراق لە دۆخێکی هه‌ستیاردایە کە پێویستی بە ئارامی و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی هەیە، ئاڵۆزی و تێکدانی ئاسایش و ده‌رچوونی ڕووداوه‌كان له‌ كۆنترۆڵ، دۆخەکە خراپتر و دژوارتر دەکات، هیچ شتێک چارەسەر ناکات و هەموو گەلانی عێراق تیایدا زەرەمەند دەبن. داواکارین هەموو لایەک دان بە خۆیاندا بگرن، یاسا بپارێزن و به‌رژوه‌ندیی باڵای وڵات ڕه‌چاو بكه‌ن.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

4/10/2019

زۆرترین بینراو